هەندێك لایەن بە ئاشكرا دژایەتی پڕۆژەی چاكسازی دەكەن

هەندێك لایەن بە ئاشكرا دژایەتی پڕۆژەی چاكسازی دەكەن

رەمەزان هەرنی – هەولێر: ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد كە هاوكات جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابوورییە ئاشكرای كرد:" وەكو پەرلەمانی كوردستان پەیوەندییەكی باشمان هەیە لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و چاوەڕێی گەڕانەوەی پڕۆژەی چاكسازی دەكەین بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەین و بخەینە خزمەت هاووڵاتییانی كوردستانەوە، سەڕەڕای ئەوەی هەندێك لایەن بەئاشكرا دژایەتی پرۆژەكە دەكەن".
هیڤیدار ئەحمەد, جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت:" وەكو پەرلەمانی كوردستان پەیوەندییەكی باشمان هەیە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و گفتوگۆ دەكەین لەسەر پڕۆژەی چاكسازی كە بەلایەنی كەم بەشێك لە دادپەروەری لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكەین, بەشێوەیەكی زۆر نادادپەروەری هەیە و هەندێك كەس مووچەیان ئەوەندە كەمە توانای ئەوەیان نییە ژیانی خۆیان پێ بەڕێوەبەرن و هەشە مووچەیەكی زۆر بەرز وەردەگرێت و مافی ئەوەی نییە ئەو مووچە زۆرە وەربگرێت و بندیوارە لەگەڵ چەندین كاری تر، پێویستە حكوومەت لێكۆڵینەوەیەكی زۆر بكات لەسەر بابەتی چاكسازی، بۆ ئەوەی پڕۆژەی چاكسازی بە باشترین شێوە بكەوێتە خزمەت خەڵكی كوردستانەوە بەتایبەت لەرووی پێشخستنی كەرتی ئابووری و پڕۆژەكە بگەرێتەوە پەرلەمان و زۆرینەی هەبێت، بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی سەركەوتوو بێت".
هیڤیدار، گووتیشی:" زۆر لایەن بەئاشكرا دژی پەسەندكرنی پڕۆژەی چاكسازین, بەهۆی ئەوەی بندیوارن، نادادپەروەری هەیە، دزی دەكەن، بۆیە دژی پڕۆژەی چاكسازین، هاواریش دەكەن بەبیانۆی ئەوەی خەڵك دەترسێنن ئەگەر پرۆژەكە پەسەند كرا مووچەیان دەبڕێت، بەڵام ئەوە راست نییە و حكوومەت یەك دیناری مووچە خۆر نابڕێت, بەڵام نادادپەروەری و نارێكییەكی زۆر هەیە پڕۆژەی چاكسازی رێكدەخات, ماوەیەكی زۆرە ئەو لایەنانەی دژی پرۆژەی چاكسازین قسە دەكەن و خۆیان دژی چاكسازین و خەڵكی هەرێمی كوردستان گوناهە لەم وڵاتە ئەم هەموو شەهیدە و قوربانییەیان داوە دوای ئەو قەیرانە گەورەیە وانەیەك وەرنەگرن، كاتی هاتووە دەرسێك وەرگرین بەتایبەت لە خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی دراوسێ كە بەهۆی نادادپەروەرییەوە پێش ئەم خۆپیشاندانەش حكوومەت بڕیاری داوە چاكسازی بكات, خولی رابردوو گووتیان چاكسازی دەكەین یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشێك لە بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێك لە پارتە ئیسلامییەكان دژی پڕۆژەی چاكسازی بوون سەری نەگرت, ئەمجارەش دەستیان پێكردووە هێشتا نەگەڕاوەتەوە پەرلەمان ئەو لایەنانە دەستیان پێكردۆتەوە".
هیڤیدار، ئەوەشی خستەروو:" پڕۆژەی چاكسازی بۆ رێكخستنی مووچەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانە, بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی دوای ئەوەی بە ناراستی دامەزراون یا خانەنشین بوونە، یا پلەیەكی باڵایان وەرگرتووە، پێشمەرگە ئامادەیە گیانی خۆی بەخت بكات بۆ هەموو دامەزراوەكان بەردەوام دەوام دەكات لەبەرامبەردا كەس هەیە دەوام ناكات و پلەی لەو پێشمەرگەیە بەرزترە كە دەوام دەكات، ئەمە چارەسەر دەكرێت, لەكاتی گلەیی كردنیش ئەوانەی پلەدار و بندیوارن بە نایاسایی زیاتر لە هەمووان رەخنە لە حكوومەت دەگرن لە هەموو كەسێكیش خۆیان بە مەغدورتر دەزانن".
جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی گووت:" بەرێژەی 70% پارەی كوردستان بۆ مووچەیە بەشێكی زۆری نادادپەروەری لەناو مووچەدا هەیە، بە تەواوی كار لەسەر ئەم كەرتە دەكەین لەسەر كەرتەكانی تریش كار دەكەین ئەمە هەنگاوی یەكەمە وەك كارنامەی سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

زۆرترین بینراو