هەوار محەممەد:پرۆگرامەكانی خوێندن  كێشە‌یان نییە

هەوار محەممەد:پرۆگرامەكانی خوێندن كێشە‌یان نییە

بۆ قسە كردن لەسەر سیستەمی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان ، هەوارمحەممەد ئەحمەد وەك مامۆستایەك كە چەندین ساڵە لە قوتابخانەكان خزمەت دەكات ، لەدیمانەێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا پێیوایە دەبێت سەرەتا شكۆ بۆ مامۆستا بگەرێتەوە و نابێت پرۆگرامی خوێندنیش زوو زوو بگۆڕدرێت، ئەم مامۆستایە بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
دیمانە: محەممەد ئامۆكەیی
*پرۆسەی پەروەردەو فێركردن چۆن دەبینی لەكوردستان ؟
- پرۆسەی پەروەردەو فێركردن تارادە‌یە‌ك باشە، هەوڵی باشیش دراوە،‌ بەڵام زۆر جێگای دڵخۆشیش نییە‌ ئە‌بێ زیاتر برە‌و بە‌ پە‌روە‌ردە ‌بدرێت دواتر فێركردن، یە‌كە‌م جاردە‌بێت مامۆستا فێر بكرێت خولی جۆراو جۆر بۆ مامۆستایان بكرێتە‌وە‌ و مامۆستایان هەوڵ بدەن لەو شێوازە كۆنەی پێشووتر بچنە دەرەوە رێگەی نوێ بەكاربهێنن بۆ فێركردن، دە‌بێ شكۆ بۆ مامۆستا بگە‌رێندرێتە‌وە‌ شكۆی مامۆستا تە‌نها بە ‌مامۆستا ناگە‌ڕێتە‌وە‌ لە‌ هەمان كاتیشدا بە‌ وە‌زارە‌ت و پە‌روە‌ردە‌ ناكرێ ئە‌بێ هە‌ردوو لاهاوكاری یە‌كتربن چونكە‌ قوتابی دە‌بێت مامۆستا بە‌پێشە‌نگ بزانێت مامۆستایانیش ئاستی رۆشنبیری خۆیان زیاتر بەرزبكەنەوە.
* ‎ئایە ئەوەی ئێستا دەخوێندرێت وەك پڕۆگرام لەقۆناغی بنەڕەتی بەگونجاوی دەزانی؟
- پرۆگرام شتێكی بێگیانە،‌ ئە‌وە‌ مامۆستایە‌ دە‌بێ گیان بكاتە‌بە‌ری ئە‌وە‌مامۆستایە‌ دە‌بێ لە‌وە‌تێ بگات قوتابی بنە‌ڕە‌تی زیاتر شتەكان دە‌بینێ وە‌ك ئەوەی ببیستێ، دە‌بێت مامۆستا بە ‌كردار بۆ قوتابی روون بكاتە‌وە‌ بە‌دە‌ستی بە‌تاڵ مامۆستا نەچێتە پۆلی خوێندن مامۆستا وە‌ك باوكێكە‌ ئێواران هیچ شتێ بۆمنداڵە‌كانی ناباتە‌وە‌، دە‌بێ مامۆستا هە‌میشە‌ كۆمە‌ڵێ لە هۆیەكانی فێركردنی پێبێت، چونكە‌ وە‌ك گووتم قوتابی پێش هە‌مووشت بە‌س بە چاوی زیاتر شتەكان دە‌بینێ.
* ‎پێتوایە لەدانانی پڕۆگرام ڕەچاوی تەمەنی قوتابیكراوە ؟
- پرۆگرام كێشە‌ی نییە،‌ چونكە ئەو پرۆگرامانە لە‌خۆیانەوە‌ دانە‌نراون،‌ چەندان كە‌سی پسپۆڕ هە‌ڵیان سە‌نگاندون ‌ پێشم وایە‌ پێویست ناكات زوو زوو پڕۆگرام بگۆڕدریت، بە‌ڵكو دە‌بێ ژینگە‌ی قوتابی و مامۆستا بگۆڕێ وهەوڵبدرێ ژوور دابین بكرێت بۆ وانەكان چونكە گۆڕینی شوێن وزەو هێز بە قوتابییان دەدات و مامۆستاش هەموو كات پێداویستی و هۆیەكانی فێركردن ناجووڵێنێت بۆیە هەروانە و ژووری تایبەت بە خۆی هەبێ زۆر باشە.
‎*پڕۆگرامەكانی خوێندن دەتوانن لەو ئاستە بن ‎بەباشی بگەنە قوتابی؟
- پرۆگرامە‌كان لە‌ ئاستی جیهانین،‌ ئە‌بێ پە‌رە ‌بە‌هۆكارە‌كانی تر بدرێ تاكو پڕۆگرامەكان بەباشی بگاتە ‌قوتابی واتە‌ پێویست ناكات پرۆگرام زووزوو بگۆڕدرێت، پێویست دەكات شێوە‌ی گە‌یاندن بگۆرێت بە‌كارهێنانی خۆش ویستنی قوتابخانە ‌و مامۆستا بهێنرێتە ‌ناو چالاكیەكان ، دەكرێت گەشتە زانستیەكان و چالاكی سەر شەقامەكان و بردنی قوتابییان بۆ سینەما و پایسكل سواری برەوی زیاتری پێ بدرێ، چونكە مێشك و بیركردنەوەو حەزی قوتابییان جۆراوجۆرە.
* ‎كێشی زۆری پەرتووكەكان لەقۆناغی بنەڕەتی گرفتێكە بۆقوتابییان ناكرێت ناوەڕۆكی پەرتووكەكان كەمتر بكرێتەوە ؟
- ناكرێت پەرتووكەكانی خوێندن بچووكتر ببنە‌وە،‌ چونكە‌ پێویستیان بە‌روون كردنە‌وە ‌هە‌یە‌ بە ‌وێنە‌ی ناو كتێبە‌كان، بەڵام دە‌كرێ قوتابی هە‌موو رۆژێك كتێبە‌كانی نە‌باتە‌وە‌ ماڵە‌وە‌ بە‌ڵكو لە‌ قوتابخانە‌ هە‌ر قوتابی و تاكی دۆڵابی هە‌بێ و تەنها ئەو كتێبانە بباتەوە كە بۆ رۆژی دواتر دەیخوێنێت هە‌م فێردە‌بێ كە قوتابی گرنگی پێدراوە و رێزی لێگیراوە‌ و فێری رێكخستنی كەل وپەلەكانیشی دەبێت هە‌میش كە‌مێ باری جانتاكەی سووك دە‌بێ.
*وشكی پڕۆگرامی خوێندن بێزاری لای قوتابی دروست ناكات؟
- بۆ بابەتی وشكی پڕۆگرام ئەمەیان ئە‌بێ مامۆستا زیرە‌كانە‌ مامە‌ڵە‌ لە ‌گە‌ڵ پڕۆگرام بكات، بە‌ شێوازی كۆن و دووبارە بە‌ردە‌وام نە‌بێت، بگە‌رێ بزانێ كە ئاخۆ قوتابییان ئارەزوویان لە ‌چییە‌، چالاكی ناو پۆل قسە‌ی خۆشی مامۆستا مامە‌ڵە‌ی جوانی مامۆستا تەنانەت بزەی سەر لێوی پێكەنینی روو خۆشی كاری گەری لە سەر قوتابییان دەبێت، هە‌روە‌ها نزیك بوونە‌وە‌ی مامۆستا لە‌ قوتابییان تا ئەو كاتەی ئە‌گە‌ر كێشە‌یە‌كیان هە‌بێ بتوانن بە‌مامۆستاكە‌یان بڵێن و بۆیان چارەسەر بكرێت.
*‎قوتابخانە دەتوانێ پەروەردەو فێركردن بەیكەوە بكات؟
- بە‌ڵێ قوتابی، قوتابخانە‌ و مامۆستا بە‌پیرۆز ئە‌زانێ، بە ‌تایبە‌تی قوتابی بنە‌ڕە‌تی ئە‌وە‌ی مامۆستا دە‌یڵێت هە‌ر ئە‌وە‌یە‌ تە‌نانە‌ت زۆر جار ئەگەر مامۆستا بەهەڵەش بابەتەكە باس بكات قوتابی هە‌ر ئە‌ڵێ ئە‌وە‌ی مامۆستا دەیڵێت راستە،‌ بۆیە‌ دە‌بێت مامۆستایان ئە‌و هە‌لە ‌بقۆزنە‌وە‌ چونكە‌ منداڵ وە‌ك هە‌ویرە‌ چۆنت بوێ چیت بوێ لێی دروست دە‌كە‌ی رۆڵی خۆیان ببینن بە‌ تایبە‌تی قوتابییان ئاگادار بكە‌نە‌وە‌ لە‌ مە‌ترسی تە‌كنە‌لۆژیا و دووركە‌وتنە‌وە ‌لێیان و باسكردنی پە‌یوە‌ندی كۆمە‌لایە‌تی وپیشاندانی جوانی و گرنگی و پیرۆزی نیشتیمان و خاك و بۆنە ‌ئاینی و نە‌تە‌وەیە‌‌كان، دەبێت مامۆستایان لە ئاست ئەو متمانەیە دابن كە دایك و باوكی قوتابییان دەیدەن پێیان، دەبێت نەوەیەك پێ بگەیەنن بتوانن گۆرانكاری درووست بكەن لە وڵات و بەرەوپێش چوونی.
*هێنانی نمرەی بەرز نیشانەی زیرەكی قوتابییە ؟
- بۆ بایەتی زیرەكی قوتابی دەتوانین ئاماژە بۆچەند بابەتێك بكەین ، لەوانە زیرە‌كی قوتابی و ژینگە‌ی قوتابی دە‌ورە‌بینێ بە‌گشتی، دە‌بێ قوتابی مامۆستای خۆش بووێ، هەروەها قوتابی پێداویستیە‌كانی بۆدابین كرابێ دە‌روونی ئارام بێت، دەبێت دایك و باوكیش هاوكاری بن، دواتر مەرج نییە ئاستی هەموو قوتابییان وەك یەك بێت، وڵات تەنها پێویستی بە دكتۆرو ئەندازیارنییە، هەر قوتابییەك بەپێی توانای خۆی و نمرەی خۆی شوێنی دەبێت.
*‎چۆن بتوانین پەروەردەێكی تەندروستمان هەبێت لە ڕێگای ناوەندەكانی خوێندن ؟
- دەبێت سەرەتا گوزەرانی مامۆستایان باش بكرێت، بۆ ئەوەی مامۆستا تەنها بیری لای رێگەوشێوازی نوێی فێركردن بێت، هەروەها دە‌بێت پە‌رە‌بە‌ لایە‌نی كرداری بدرێ لە قوتابخانەكان، دەبێت چالاكی قوتابی زیاتربكرێ بە‌تایبە‌تی چالاكیەكانی دە‌رە‌وە‌ی قوتابخانە، خاڵێكی تر ‌پە‌یوە‌ندی مامۆستاو دایك و باوكی قوتابی زیاتربێت بە ‌گروپی ڤایبە‌ر تێبینی و نمرە‌ی قوتابییانیان بۆبنێرن نە‌ك هە‌موو رۆژ بنێرن بە ‌دوای دایك و باوكیان، دە‌بێ مامۆستا شە‌وانە زوو بنوێ و بە ‌قوتابییانیش بڵێت زوو بنوون تا مێشكیان ئارام بێت و پشووی تەواو بدە‌ن، دەبێت هەر ئامۆژگاریەك مامۆستا بەقوتابییانی دەڵێت خۆی جێ بەجێی بكات دواتر قوتابییان پەیڕەوی ئەو ئامۆژگاریانە دەكەن.

زۆرترین بینراو