هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ هاووڵاتیان

هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ هاووڵاتیان

مەهدی محەممەد – سۆران :
وەزیری بازرگانی هەرێمی كوردستان پێی وایە رێكەوتنە ئابوورییەكەی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا كاریگەری لەسەر نرخی ئارد و گەنم و ماددە خۆراكییەكانی هەرێمیش دروست دەكات و هەزران دەبێت.
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"بەهۆی رێككەوتنی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، لە داهاتوودا ئارد و گەنم و خۆراك هەرزان دەبێت".
وەزیری بازرگانی لە بارەی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانیشەوە دەڵێ‌:"تا ئێستا شەش وەجبە دابەشكراوە و بەشێكی وەجبەی حەوتەمیش هاتووە، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، بێگومان ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخی كەلوپەل لە بازار دروست دەكات".
هەڵگرتنی رسوماتی گومرگی لەسەر كەلوپەلی خۆراك، رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك كرد، بۆ ئەم مەبەستە موسلیم دەڵێ‌"هەڵگرتنی رسوماتی گومرگی لەسەر كەلوپەلی خۆراك، كاریگەری هەبووە و رێگەی گرت لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و تا مانگی نۆ بەردەوام دەبێت و دواتریش بەپێی پێویست حكوومەت بڕیاری لێدەدات".  
وەزیری بازرگانی دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان و دەڵێ‌ "تا ئێستاش كۆگاكانی ئێمە لە هەموو شارەكان هێندە پڕبووە كە شوێنمان نەماوە بۆ خۆراك، بۆیە خۆراكێكی زۆر هاتووە و لە داهاتووشدا زیاتر هەرزان دەبێت".