هەولێر سوودمەندی یەكەمی هەڵواشندنەوەی خولی عێراقە

هەولێر سوودمەندی یەكەمی هەڵواشندنەوەی خولی عێراقە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: دەستەی كاتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ نوێنەری یانە بەشدارەكانی خولی نایابی عێراق ئەنجامداو بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولەكەیاندا.
هەرچەندە بڕیاربوو یارییەكانی ئەم خولە لە سێی مانگی حەوتی ئەمساڵ دەستپێبكاتەوە، بەڵام بەهۆی بەرزبونەوەی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، جارێكی دیكە دەستەی كاتی لە شاری بەغدا لەگەڵ نوێنەری یانە بەشدارەكان كۆبونەوەو ئەمجارە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولەكەیاندا.
پێشر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە عێراق یارییەكانی خولی نایاب وەستێندران، هەرچەندە بڕیاربوو جارێكی دیكە یارییەكان دەستپێبكاتەوە، بەڵام بەرزبونەوەی لەناكاوی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسەكە، دەستەی كاتی ناچاركرد بیر لە رێگە چارەیەكی دیكە بكەنەوەو بە بێ دیاركردنی پاڵەوان خولەكە هەڵوەشێندراییەوە.
وەستانی خولەكەش لە پێناو ئەوە بوو كە لە ئێستاوە ئامادەكاری بكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی یارییەكانی وەرزی نوێ كە بڕیارە لە مانگی نۆ خولی نایابی عێڕاقی وەرزی 2020 بۆ 2021 دەستپێبكاتەوە.
وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق هەر لەسەرەتاوە قسمەتەكەی ئەوەبوو كە تەواونەكرێت و هەڵبووەشێتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی لای ئەو تیپ و یاریزانانە دروستكردووە كە خۆیان بۆ نازناوەكە ئامادەكردبوو، لە بەرامبەریشدا ئەو یانانەی كە توانایان كەمتربوو، وەك مژدەیەك وابوو بۆیان.
سەرەتا كە وەرزەكە دەستیپێكرد، دوای تێپەڕێنی چوار گەڕ لە یارییەكان، بەهۆی رووداوەكانی ناوەڕاست و باشووری عێڕاقەوە كە خۆپیشاندانی جەماوەری لە دژی حكومەت سازكرا، خولەكە راگیرا، دواتر بڕیاردرا هەڵبووەشێتەوەو هەموو ئەنجامەكانیش رەتكرانەوە، ئینجا بڕیاردرا خولەكە دەستپێبكرێتەوە بەڵام بە بەشداریكردنی ١٥ یانە، پێنچ یانە لە خولەكە كشانەوە كە یەكێكیان یانەی زاخۆ بوو، بەڵام بڕیاردرابوو هیچ یانەیەك دانەبەزێنرێت بۆیە ئەو یانانە ئەو بڕیارەیاندا.
بۆ یانەی هەولێر كە تاكە نوێنەری كوردستان بوو لە خولەكە بڕیارێكی باش بوو، چونكە دەستپێكێكی خراپی هەبوو لەو پێنچ یارییەی ئەنجامی دابوو، تەنیا دوو بردنەوەی هەبوو، سێ دۆڕانیشی تووش هاتبوو، بۆیە ئەو تیپە ئامادەكارییەكانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەكات و دەیەوێ بە نوێكردنەوەی گرێبەستی رادان گاسانینی راهێنەر، هەولێرێكی بەهێزتر بنێرێتە خولەكەوە.
دەستەی كاتی یەكێتییەكە بڕیاریانداوە كە پاڵەوانێتییەكی بچووككراوە بكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو تیپانە یەكلابكەنەوە كە بەشداری لە پاڵەوانێتییە ئاسیاییەكان دەكەن، یانەكان بە ئارەزووی خۆیانە كە بەشداری بكەن یان نا، بەڵام بەرپرسانی یانەی هەولێر لەگەڵ ئەوەدا نین بەشداری بكەن، چونكە پێیان وایە ئەگەر بشگەنە ئاسیا، بەم پێكهاتەیەو بەو هەموو كێشە داراییەوە ناتوانن هیچ بە هیچ بكەن.

بیروڕا

زۆرترین بینراو