هەولێر و بەغدا رێككەوتن

هەولێر و بەغدا رێككەوتن

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 گەیشتوونەتە رێککەوتن. شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە لەبەغدایە لەدوای رێککەوتنەکە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان. کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بۆ سێشەممەی داهاتوو دواخراوە.

دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە" شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەمان ئەو رێککەوتنەی پێشوو لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی بخرێتە نێو پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و دوای رێککەوتنەکە شاندەکە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان".

بەپێی ئەو رێککەوتنەی پێشوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا دەکات.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ناکرێت، بۆ رۆژی سێشەممە دواخراوە، چونکە وەزیری دارایی عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی فرۆشتنی نرخی دۆلار بە دینار، هەروەها ئێستاش نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەوەکە بۆ سێشەممە دوابخرێت

زۆرترین بینراو