هەوڵی دۆزینەوەی سیخوڕەکەی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا دەدرێت

هەوڵی دۆزینەوەی سیخوڕەکەی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا دەدرێت

 

زاری کرمانجی- سۆران: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایدەگەینێت، بە دوای ئەو سیخوڕەی تورکیا دەگەڕێین، کە رێنیشاندەری هێزەکانی تورکیا بوو بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق.
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 11ـی ئابی 2020 لە ناوچەی برادۆست، كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی عێراق سەرقاڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون، کە لە خاڵە سنوورییەکان دروستببوون بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لەلایەن فڕۆكەیەكی توركیاوە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور کرایە ئامانج.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنوور و فەرماندەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان گیایان لەدەستدا و فەرماندەیەکی دیکە و دوو سەربازی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و کارمەندێکی هەواڵگری عێراق برینداربوون، کە هەوڵی دوورخستنەوەی چەکدارانی پەکەکەیان دەدا بۆ پاراستنی دانیشتووانی ناوچەکە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لە پەیوەندی و هەماهەنگیداین لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەی سیدەکان لە هەولێر، کە سێشەممەی رابردوو روویدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو فەرماندەی ئەو هێزانە".

ئاماژەشی بەوەدا"لیژنەمان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو رێگایەی کە تورکیا پشتی پێوە بەستووە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە و ئەو کەسەی کە زانیاریی بە هێزەکانی تورکیا داوە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی ئۆتۆمبێلی شاندەکەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سیدەکان".

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت شاندەکەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کرایە ئامانج لە کاتی بە ئامانجکردنیدا لە ئەرکدا بوو بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سنووری نێوان عێراق و تورکیا: "بۆیە ئەو هێرشەی تورکیا پێشهاتێکی ترسناکە و نابێ بەردەوام بێ".

لە یەکەم کاردانەوەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشەکەی سەرکۆنەکرد و ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، راگەیاند "عێراق سەردانەکەی خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیای بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە"، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە, لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاڵۆزییەکانی سەرسنووری عێراق و تورکیا تاوتوێ بکات".

زۆرترین بینراو