هەڕەشەكانی پەكەكە مەترسی گەورەن بۆ سەر نەتەوەی كورد

هەڕەشەكانی پەكەكە مەترسی گەورەن بۆ سەر نەتەوەی كورد

"وڵاتانی داگیركەر و روسیا خەریكی جێبەجیكردنی پیلانێكی رووخێنەرن"

زاری كرمانجی: هەڕەشەكانی پەكەكە لە توركیا مەترسی گەوەریان بۆ سەر نەتەوەی كورد دروست كردووە و هانی وڵاتانی هەرێمی دەدات پێكەوە پیلان دژی دەستكەوتەكانی نەتەوەی كورد دابرێژن.
رۆژانە سەركردەكانی پەكەكە لە كەناڵەكانی راگەیاندنی خۆیانەوە هەڕەشە لە توركیا دەكەن و بێ منەتانە داوای شەڕیان لێ دەكەن، لە كاتێكدا لە هەموو شەڕەكانەوە هێزەكانی پەكەكە رووبەڕووی شكست بوونەتەوە.
رەسول مرادخان، توێژەرێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بە زاری كرمانجی گووت " هەموو هەڵسوكەوتەكانی پەكەكە لە ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمی و هەتا بەشێكی هەرە زۆری كوردانیش رەتكراوەیە و بە هێزێكی شەڕخواز ناسراون".
زیاتر گووتی " ئەم هەڕەشانەی پەكەكە بۆ توركیا و پەنا بردن بۆ شەڕ و دوور كەوتنەوە لە دیالۆگ و چارەسەر نەكردنی كێشەكان بە شێوەی سیاسییانە دەبێتە هۆی پەلكیش كردنی زیاتری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و مەترسی جددی رووبەڕووی هەموو دەستكەوتەكانی نەتەوەی كورد دەبێتەوە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوە ئێران، توركیا و عێراق پیلانی خۆیان كە لە 16ی ئۆكتۆبەر دایانرشتبوو بۆ نەهێشتنی دەستكەوتەكانی كورد لە باشوور و نەهێشتنی بزووتنەی رزگاری خوازی نەتەوەی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان سەر دەگرێت".
ئاشكراشی كرد" هەر سێ وڵات بە ئاگاداری روسیا خەریك جێبەجێ كردنی پیلانێكی مەزنن لە دژی نەتەوەی كورد بە كیانی سیاسی باشووریشەوە، بۆیە پێویستە تا زووە پەكەكە بە سیاسەتی خۆی دابچێتەوەو چیتر بیانوو نەداتە دەست توركیا و باقی وڵاتانی دیكەی داگیركەر".
ئەمە لە كاتێكدایە كە بە بیانووی بوونی هێزەكانی پەكەكە لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان، توركیا بە قوڵایی دەیان كیلۆمەتر لە هەر دووبەشی كوردستان سنووری بەزاندووە و سەدان بنكەی سەربازی جێگر كردووە و رۆژانە بۆردوومان و تۆپبارانی گوند و ئاواییەكانی هەر دوو بەشی كوردستان دەكات و تا ئێستا سەدان هەزار كەس ئاوارە بوونە و ژمارەیەكی زۆریش بوونەتە قوربانی.

زۆرترین بینراو