هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوادەخرێت

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوادەخرێت

كۆمیسیۆن: كەمتر لە دوو مانگ ماوە و ناتوانین هەڵبژاردن بەڕێوە ببەین

"جگە لە پارتی، حزب و لایەنەكانی دیكە ئامادە نین بۆ هەڵبژاردن" 

 


موڕشید برادۆستی – سۆران: 

پێنج مانگ بەر لە ئێستا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئیمزا كرد و لە فەرمانە هەرێمییەكەدا هاتووە" بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان -عێراق، هەمواركراو، 1 – 10 – 2022 وەك رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان كرد".
هەر بە گوێرەی فەرمانەكە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك پەرلەمان و حكوومەت و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، دەست بە ڕێكارە پێویستەكان بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەكە بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە لە كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێر لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیش دەڵێت:" تا ئێستا ئامادەكاریەكی ئەوتۆ نەكراوە و ناتوانین لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوە ببەین. 
بە گوێرەی یاسایی ژمارە 1ی ساڵی 1992 كە تا ئێستا حەوت جار  هەمواری بەسەرداهاتووە و گۆڕانكاری تێدا كراوە، لە رابردوو تا ئێستاش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، بە گوێرەی دواین هەمواری یاساكە، شێوازی هەڵبژاردن وەكو لیست لە هەرێمی كوردستان، نیمچە كراوەیە و دەنگدەران دەنگ بە لیست یا بە لیست و كاندید دەدەن، بەڵام نابێ تەنها بە كاندید بدرێ لەو حاڵەتەدا دەنگ ئەژمار ناكرێ، سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەمووی یەك بازنەیە و  گۆڕانكاری بە سەردا نەهاتووە، بەپێی یاسای تایبەت بە ژمارە 4 ی ساڵی 2014 لەلایەن كۆمیسیۆن بەڕێوەدەبردرێت، لە 2017 ریفڕاندۆمی بەڕێوەبرد و لە ساڵی 2018 یش هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانی بەشێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوەبردووە".
بەپێی زانیارییەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتووە، لە كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان،  لەگەڵ نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان و سەركردەی حزبەكان بڕٍیاری دواخستنی هەڵبژاردن بۆ بەهاری ساڵی داهاتوو دراوە".
هەوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی گووت:" تا ئێستا لەسەر كات و ساتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن سازان نەكراوە، ئەمەش وای كردووە كە پەرلەمان نەتوانێ ماوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە كوردستان كارا بكاتەوە، بۆیە ئەستەمە هەڵبژاردن لەو وادەیە بەڕێوەبچێت كە دیاری كراوە.
بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، نایشارێتەوە بەهۆی نادیاری هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوونی نەتوانراوە ئامادەكاری بكرێت، دەڵێت:" پێویستە لایەنە سیاسیەكان بە پارتیشەوە یاسای هەڵبژاردن لەبەر دەست بێت تا بتوانین بە ئالیەت و ئامادەكاری بكەین و خۆمان لەگەڵ یاساكە بگونجێنین ئەوكات ئیشی لەسەر بكەین.
دووپاتی كردەوە:" هەڵبژاردن خێرێك نییە بیبەخشنەوە و بە ئارەزووی خۆیان دیاری بكەن و ئەنجامی بدەن، پێویستە هەڵبژاردن لەو وادەی دیاری كراوە بەڕێوەبچێت، بەپێچەوانەوە دواخستنی كاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر پێگەی سیاسی و سیمای دیموكراسی كوردستان دروست دەكات، چونكە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی وڵاتان بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستاودەست كردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی دیموكراسیانە وای كردووە وڵاتان بە گرنگیەوە لە هەرێمی كوردستان بڕوانن،  هەموو چوار ساڵ جارێك ئەو گرفتە دێتە پێش، ئەمەش پەیوەندی بە نەبوونی دەستوور هەیە كە تائێستا خاوەنی نین، بۆیە دەبێ دەستوورمان هەبێت و ماوە و كاتی هەڵبژاردنەكانیش دیاری بكرێت. 
لە شار و شارۆچكەكانیش ژمارەیەكی زۆر سیڤی پێشكەش كراون، بەڵام چاودێرانی سیاسی و مامۆستایانی زانكۆ، پێیانوایە هەموو كەسێك شایستەی ئەوە نییە ببن بە پەرلەمانتار، دووپات لەوە دەكەنەوە، پێویستە هەر كەسێك ببێتە كاندید چەند تایبەتمەندییەكی تێدابێت.
د. ئەبوبەكر دێوانە، مامۆستای زانكۆی سۆران، لەبارەی ئەو كەسانەی كە خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید دەكەن، دەڵێت:" بیركردنەوەی خەڵك لەسەر كاندیدی پەرلەمان جیاوازە، بۆ نموونە گەنجێك بیركردنەوەی جیاوازە لەگەڵ كەسێكی بە تەمەن، هەروەك كەسێكی خوێندەوار بیركردنەوەی جیاوازە لەگەڵ كەسێكی نەخوێندەوار، ئافرەت بیركردنەوەی لەوانەیە جیاواز بێت لەگەڵ پیاو یان بە پێچەوانەوە و كۆمەڵەگەی مەدەنی جیاوازترە لەگەڵ كۆمەڵگەی خێلەكی، هەموو ئەوانە پێوەری تایبەتی خۆیان هەیە. 
ئەو مامۆستای زانكۆ، روونی كردەوە:" كۆمەڵە تایبەتمەندیەك هەن كە دەبێ لە هەموو كاندیداندا هەبێت، ئەو كەسەی كە كاندید دەكرێت دەبێ كەسایەتی باش بێت، رابردوویەكی پاكی هەبێ گوفتار و كرداری یەك بێت، خاوەن بڕوانامەیەكی بەرز بێ و پشتگیری بكرێت لەلایەن لایەنێكی سیاسی دیاریكراو، ئەگەر لەلایەن ئەو كەسەوە پشتگیری نەكرێت لەوانەیە وەك پێویست دەنگ نەهێنێت".
لای خۆیەوە، یوسف سۆفی عەلی، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 10ی پارتی لە سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:" بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رێكەوتی 1ی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتوونەتە رێكەوتنی كۆتای كە هەڵبژاردن لەو كاتە ئەنجام بدرێت، ئەمەش رەنگە پەیوەندی بەخۆ ئامادەكردنیانەوە هەبێت و نەتوانن لەو كاتە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، ئەمەش  بۆ ئەو سیاسەتەی هەیانە دەگەڕێتەوە كە دەنگدەری خۆیان لە دەست دابێت.
بە گووتەی یوسف سۆفی، بەشێك لە لایەنەكان پڕۆژە یاسایان هەیە بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی هەڵبژاردن، ئەمەش زەرەری زۆری بۆ حزبە بچووكەكان هەیە و ناتوانن كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن و بێبەش دەبن، ئەمەش بەلای ئێمەوە بیانووە بۆ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن و ناتوانن راستەوخۆ داوابكەن و رەنگە ئامادەییان تێدا نەبێت.
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 10ی سۆران، دووپاتی كردەوە"  ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی تەواومان هەیە، بەڵام خۆ بەس پارتی هەڵبژاردن ناكات و دەبێ حزبەكانی دیكەش بەشداربن، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ و رێكەوتن بكەن، هەروەها پەرلەمانیش بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات. 
گووتیشی:" ژمارەیەك سیڤی بۆ كاندید بوون لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بە لقی 10ی پارتی كراوە، كە پیاو و ئافرەتیشی تیدایە، بەڵام هێشتا كات ماوە تا بڕیاری كاندید بوونیان بدرێت، لەم خوولەی پەرلەمان بەداخەوە خەڵكی كەم ئاستیش توانیویەتی بگاتە پەرلەمان، بۆیە نەتوانراوە بڕیاردەر یا یاسادانەرێكی باش بووبێت، بۆیە لە داهاتوودا هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ئەو كەسانە دەكەین كە سیڤیان پێشكەش كردووین و شیاوترینیان دەكرێتە كاندید لە سنووری سۆران، هیواداریشین لە قۆناغی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان خەڵكێكی بەتواناتر و شارەزاتر و پسپۆڕتر ئەو رۆڵە بگێڕن و بگەن بە پەرلەمانی كوردستان. 
لای خۆیەوە، د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێر لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی بە زاری كرمانجی راگەیاند:" بە فەرمی هیچ پارتێكی سیاسی داواكاری بۆ دواخستنی هەڵبژاردن پێشكەش نەكردووە، بەڵام داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان كردووە، ئەو بابەتەش لە پەرلەمان كاری لەسەر نەكراوە بە بیانووی بە دەست هێنانی كۆدەنگی پارتە سیاسییەكان لەسەر بابەتەكە، ئەو كات بڕیار لەسەر چۆنیەتی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران دەدرێت، بەهۆی نزیك بوونەوە لە وادەی هەڵبژاردن كە كەمتر لە دوو مانگی ماوە ناتوانین لە كاتی دیاری كراودا هەڵبژاردن بەڕێوە ببەین.
بە گووتەی د. ئارام برادۆستی" دەبوو یاسایی هەڵبژاردن لە پێشینەی كارەكاندابایە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی كۆمیسیۆن، بەڵام لەبەر دۆخی سیاسی و لێكنەترازانی نێو ماڵی كورد، كار لەسەر یاساكانی دیكە كراوە و ئەو بابەتە دواخراوە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر شەرعیەتی حكوومەتی هەرێم دەبێت، چونكە خەڵك دەنگی بە حكوومەت و كابینەكەی داوە بۆ چوار ساڵ، دواخستنی كاتی هەڵبژاردن، رەنگە لە رووی نێودەوڵەتییشەوە باش نەبێت".