هەڵۆ تەنیا هەنگاوێك لە خولی نایاب دوورە

هەڵۆ تەنیا هەنگاوێك لە خولی نایاب دوورە

رائیب شێروانی – سۆران : لە كەشوهەوایەكی ساردا لە گەری 11ی خولی پلە یەكەكانی كوردستان یانەی هەڵۆ لە یاریگەی سۆران میوانداری یانەی خانەقینی كرد، توانی بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكە بباتەوەو 3 خاڵی گرنگ بە دەست بهێنێت.
دوای گۆڕینی راهێنەرو هاتنی كاپتن دینۆی راهێنەر یانەی هەڵۆ سێیەم سەركەوتنی تۆماركرد، تەنیا یەك هەنگاوی ماوە جارێكی دیكە بە خولی نایابی كوردستان شاد ببێتەوە.
سێ خاڵی یارییەكە بۆ یانەی هەڵۆ ئەوەندە گرنگ بوو لەبەر ئەوەی بردنەوەو بە دەستهێنانی 3 خاڵی یارییەكەو شكستهێنانی ركابەرەكانی لە خانەی دووەم دەهێشتەوە، لەم هەفتەیەشدا دەبێتە میوانی خاكی كەركووك بردنەوە لەو یارییە دەگاتە خولی نایاب.
سەبارەت بە یارییەكەی لەگەڵ خانەقین نیوەی یەكەم یاریزانانی هەردوولا تێدەكۆشان تا بگەنە گۆڵی یەكتر، چەند جارێك نزیك بوون لەوەی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن، بەڵام تایمی یەكەم بە ئەنجامی سپی كۆتایی پێهات.
دوای ئەوەی تایمی دووەم هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی یانەی هەڵۆ بە گوڕوتینی بردنەوە هاتنەوە نێو یاریگەو فشاری زۆریان خستە سەر یانەی میوان، لە چەند ئاڵوگۆڕكردنی چەند هێرشێك و لە خولەكی 62 لوقمان عەبدوڵڵا گوڵی یەكەمی یاریەكەی تۆمار كرد، لە هێرشێكی دیكەداو لە خولەكی 75 جارێكی دیكە یاریزانی یانەی هەڵۆ وڵات عەبدولواحید گۆڵی دووەمی تۆمار كردو یارییەكەش بەو ئەنجامە لە بەرژەوەندی یانەی هەڵۆ كۆتایی هات، بەوەش هەڵۆ سێیەم سەركەوتنی لەسەر یەك تۆمار كرد.
بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامی یانەكانی ركابەری دوای ئەم سەركەوتنە یانەی هەڵۆ كۆی خاڵەكانی گەیاندە 20 خاڵ و پێگەی خۆی لە دووەمی ریزبەند قایمتر كردو تاكە یانەیە لەم وەرزەدا هیچ یاریەكی نە دۆڕاندووە.

زۆرترین بینراو