هەڵۆ لە دووەمی ریزبەندە و میوانداری خانەقین دەكات

هەڵۆ لە دووەمی ریزبەندە و میوانداری خانەقین دەكات

رائیب شێروانی – گەرمیان: لە یارییەكی زەحمەتدا یانەی هەڵۆ بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لە رزگاری گەرمیانی بردەوەو پلەی دووەمی بەو یانەیە چۆڵ كرد.
لە هەفتەی دەیەمی خولی پلە یەكەكانی كوردستان یانەی هەڵۆ لە گەرمیان بووە میوانی یانەی رزگاری، ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە چارەنووساز بوو، چونكە یانەی هەڵۆ تاكە یانەیە لەم خولەدا تووشی شكست نەبووە، یانەی رزگاریش دوو وەرزە لەسەر یاریگەی خۆی هیچ یارییەك نەدۆڕاوە، بەڵام یانەی میوان ئەو بەربەستەی شكاندو بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر توانی ئەو گرێ كوێرە بكاتەوەو بە سێ خاڵی گرنگ لە گەرمیانەوە بۆ بارزان بگەڕێتەوە, بەم سەركەوتنەش یانەی هەڵۆ ژمارەی خاڵەكانی بۆ 17 خاڵ بەرزكردەوەو خۆی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەندو بە جیاوازی تەنها سێ خاڵ لەگەڵ یەكەمی ریزبەند، ئەم هەفتەیەش لەناو یاریگەو بەردەم جەماوەری خۆی میوانداری یانەی خانەقین دەكات.
یانەی رزگاری گەرمیان بە ئامادەبوونی زیاتر لە دوو هەزار هاندەر میوانداری یانەی هەڵۆی بارزانی كرد لەگەڵ دەست پێ كردنی یارییەكە یانەی خاوەن ماڵ بە هێرشبردن دەستی پێ كرد، بە ئامانجی تۆمار كردنی گۆڵ بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ئەركی میوانەكەی قوڕس بكات و ئامانجەكەشی بپێكێ، بەڵام سەرەڕای فشاری زۆری خاوەن ماڵ لە هێرشێكی هەڵگەڕاوەدا لە خولەكی 43 لوقمان عەبدولڵا گۆڵێكی بۆ یانەی هەڵۆ تۆمار كردو نیوەی یەكەمیش بەو ئەنجامە بە كۆتا هات، لە نیوەی دووەمدا یانەی رزگاری زۆر هەوڵی دا ئەنجامەكە راست بكاتەوە، بەڵام هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی یانەی هەڵۆ رێگر بوون، سەر ئەنجام هەڵۆ توانی یارییەكە بەو تاكە گۆڵە بباتەوە.
سەرۆك و دەستەی راهێنەران و یاریزانانی یانەی هەڵۆ یەك ئامانجیان هەیە ئەویش ئەوەیە لەم وەرزەدا سەر بكەون بۆ خولی پلە نایاب، كە پێشتر دوو وەرز لە خولی پلە نایاب یارییان كردووە".

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو