هەیفا محەمەد یەكەم ئافرەتە لە دهۆك ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لێ بخۆرێت

هەیفا محەمەد یەكەم ئافرەتە لە دهۆك ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لێ بخۆرێت

رەمەزان هەرنی – دهۆك
یەكەم ئافرەت كە لە سنووری پارێزگای دهۆك مۆڵەتی گشتی شوفێری بەدەست هێناوە و هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك لێ دەخوڕێت و كاری چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلیش بە باشی دەزانیت، ئێستا پیشەكەی كردووەتە ئەوەی كە ئافرەتان فێری شوفێری بكات و لە نووسینگەیەكی تایبەت بە فێركردنی شوفێری زیاتر لە دوو هەزار ئافرەتی فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل كردووە.
هەیفا محەمەد لەبارەی ئەزموونی كارەكەی بە زاری كرمانجی گووت" زۆر حەزم لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل هەبوو، بۆیە هەر زوو دەستم بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل كرد و بەرلە پێنچ ساڵ من یەكەم ئافرەت بووم لە سنووری پارێزگای دهۆك كە بتوانێت مۆڵەتی گشتیی شوفێری بە دەست بهێنێت و بۆ ئەم ئامانجەیش خێزانەكەم زۆر هاوكارم بوون ، یەكەم ئافرەت بووم لە سنووری پارێزگای دهۆك كە بتوانم موڵەتی گشتیی شوفێری بە دەست بهێنم و یەكەم ئافرەتیش بووم لە سنووری پارێزگاكە، كاری راهێنەری فێركردنی ئۆتۆمبێل بكەم، هەروەها یەكەم ئافرەتیش بووم لە سنووری پارێزگاكە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لێخوڕم و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك رێزی لە كارەكەم گیراوە و خەڵات كراوم".
گووتیشی" دوای ئەوەی كە مۆڵەتی گشتیی شوفێریم وەرگرت بیرم لەوە كردەووە كە ئافرەتانی سنووری پارێزگای دهۆك فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بكەم چونكە ئەو كات كەم ئافرەتی دهۆك ئۆتۆمبێلیان لێ دەخوڕی، بۆیە بەرلە پێنچ ساڵ لە نووسینگەیەكی تایبەت بە فێركردنی شوفێری كە بەشی ئافرەتانی كردەووە لەوێ دەست بە كار بووم و لەو كاتەوە تا ئێستا بەردەوامم لەسەر كارەكەم و زیاتر لە دوو هەزار ئافرەتی سنووری پارێزگای دهۆك فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێلم كردووە".
هەیفا زیاتر گووتی" لەبەر ئەوەی من راهێنەری شوفێرم و دەتوانم خەڵك فێری لێ خوڕینی ئۆتۆمبێل بكەم، بیرم لەوە كردەوە كە مادەم دەتوانم خەڵك فێر بكەم، دەبێت بتوانم هەموو ئۆتۆمبێلێك لێ بخوڕم و حەزیشم هەبوو كە ئۆتۆمبێلی گەورە لێ بخوڕم بۆیە بەشداری خولێك بووم بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بێ ئەوەی پێشتر ئەو ئەزموونەم هەبێت، من بە یەكەم دەرچووم لەسەر خولەكە و ئێستا هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێكی گەورە لێ دەخوڕم ، زۆر جار خۆم هەندێك كێشەی ئۆتۆمبێلەكەم یان ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لێیان دەخوڕم چارەسەر دەكەم كاتێك تووشی كێشەیەك دەبن و پەكیان دەكەوێت" .
ئەوەشی خستەڕوو" زۆر لە ئافرەتانی سنووری پارێزگای دهۆك تەنانەت كوردستانیش ئەو جورئەتە ناكەن كە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، من پێیان دەڵێم ئافرەتیش وەكو پیاو هەموو توانایەكی هەیە و ئەگەر ئیرادەیان هەبێت نەك تەنها لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەڵكو دەتوانن هەموو كارێك بكەن ، خۆم خێزاندارم و خاوەنی سێ منداڵم، هاوسەرەكەم زۆر یارمەتیم دەدات و ئەگەر ئەو نەبوایە نەمدەتوانی ئەو كارەی ئێستا بكەم".

زۆرترین بینراو