واز لەم یارییە مەترسیدارە بێنن

ئیسماعیل ئیبراهیم

رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەرەو خراپی دەچێت، رێژەی بێ كاری و هەژاری و ژێر هێلی هەژاریش بەرەو هەڵكشانە، دۆخی تەندروستیش بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆمەڵگە بەرەو خراپتر دەبات.
بەردەوامی گەندەڵی و نادادیش ئەوەندی دیكە تەنگی بە شەقام هەڵچنیوە، گوشارەكانی بەغدا و ئێران و توركیا بۆ زیاتر داتەپاندنی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكانەوە بە پیلانێكی تۆكمە و توندەوە بەردەوامە.
پەیوەندییەكانی ناتەندروستی لایەنە سیاسییەكانی نێوخۆیش ئەوەندەی دیكە هاونیشتمانیانی بێزار كردووە.
لە هەمووشی بێزار كەرتر ئەو تەشهیر و زمانە زبر و لێدوانە نابەرپرسانەی هەندێك لە كادیران و لایەنگیرانی لایەنە سیاسییەكانە كە دۆخەكەی وێرانتر كردووە.
بەرپرسیارییەتی ئەم دۆخانەش بە پلە یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
هەر چەندە درەنگیشە بەڵام زیان لە نیوەی بگەرێتەوە هەر قازانجە، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە یەكێتی و پارتی كۆتایی بەم یارییە مەترسیدارە بهێنن.
ئەم دوو هێزە سیاسییە دەبێ باش بزانن بێ ئەوی دیكە ناتوانن حومكڕانی بكەن، ئیتر شەقام و لایەنەكانی دێكە پێیانخۆش بێت یا نە، ئەم دوو هێزە بوونەتە ئەمری واقع.
هەر نەبێ تا ئەو كاتەی دۆخی سیاسی ناوچەكە بە گشتی دەگۆڕێت، یا گۆڕانكارییەكی دیكەی سیاسی بێتە پێش.
گوشارەكان هەر چەندە توند بن لەسەر ئەم دوو هێزە تا ئەو شوێنە بڕ دەكات كە هەندێك خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام بدرێت و دواتریش لە راگەیاندن چەند كەسێك بە ناوی شڕۆڤەكاری عەنتیكە خۆیان دەكەنە پاڵەوانی شاشەكان و چەند كەسێكی دیكە دەبنە قوربانی وەك رابردوو، ئەنجامەكەشی هیچ بەدەست.
لەم قۆناغە هەر نەبێ چیتر دۆخی خەڵكی خێر لە خۆ نەدیوی هەرێم خراپتر مەكەن و بەرەو ئاسایی بوونەوە ببەن.
ئێستا بۆ نەهێشتنی ئەو هەموو نادادییەی هەیە، پڕۆسەی چاكسازی كردن لە هەموو سێكتەرەكانی دەوڵەتداری بە پاڵپشتی یاسایەك و لۆبی كردنی چەند لایەنێكی سیاسی لە ئارا دایە، لە وڵاتێكی لێوان لێو لە گەندەڵی و مافیا و ئەو كەسانەی چاكسازی زیانیان پێ دەگەینێت بێ كێشە نابێت، كۆسپەكان ئەوەندە مەزن دەكرێن كە رەنگە بگاتە ئاستی تەقینەوەیەكی مەزن، هەتا ناچار كردنی حكومەت بۆ دەست لە كار كێشانەوە وەك ئەوەی لە بەغدا بینیمان بەسەر عادل عەبدولمەهدی یان هێنا، بەڵام ئەو یاسایە دەبێ بكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە، لەبەر ئەوە چاكسازی كردن دەشێ لایەنێك و چەند كەسێك باجی لەسەر بدەن، بەڵام چاكسازی نەكردن هەموو نەتەوەی كورد بە كیانی سیاسیشەوە باجی قورس دەدەن.
هەموو رێگەیەكی دوور و درێژ بە هەنگاوێك دەست پێ دەكات و تەنها هەنگاوەكانی سەرەتایی ئەستەم دەبێت، دواتر پاڵپشتی و هێزی زۆر دێتە پاڵتەوە بۆ گەیشتن بە كۆتایی رێگە، ئێستاش بۆ پیادە كردنی یاسایی چاكسازی هەموو نەیارەكان بە هەندێك كەسی ناو پارتیشەوە هەوڵی لەبار بردنی دەدەن، بەڵام كاتێ چەند سێكتەرێك كەوتە بەر نەشتەرگەری چاكسازی ئیتر هەموو ئەو لایەن و كەسانەی دژایەتی دەكەن بۆ پاراستنی هەیبەت و شكۆی خۆیان و هەندێك جاریش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان ناچار دەبن پاڵپشتی جێبەجێكردنی یاساكە بكەن و لە هەندێك حاڵەتیش خۆیان بەدڵسۆز نیشان دەدەن.
گرنگە ئەو پرۆسەیە دەست پێ بكات و نەوەستێت، لەویش گرنتر پاڵپشتی هەموو چین و توێژەكانە بۆ بەدی هاتنی ئەو ئامانجە گرنگەی كە كلیلی سەركەوتن و بەردەوامی بوون كیانی سیاسی هەرێم و دابین كردنی دادپەروەری و نەهێشتنی گەندەڵییە.

زۆرترین بینراو