وانەی شەشەم لە نێوان خوێندن ونەخوێندندا

پێشەوا غەفوور

تا ئێستاشی لە گەڵ دابێت وانەی شەشەم وەكو پێویست لە نێو خشتەی وانەكانی قوتابخانە ناخوێندرێت یان زۆر بەكەمی و لە هەندێ‌ رۆژو قوتابخانە بە لاوازی دەخوێندرێت ، ئەوەی بۆتە جێگای تێبینی زۆرێك لە مامۆستایان ئەو كاتەی ئەو وانەیە بەتەواوی نەخوێندرا داوایان دەكرد یان دەیان ویست وانەكەنیان بۆ بكەوێتە وانەی شەشەم تەنها لەبەر ئەوەی نەخوێندراو وەك بەشەوانەش هەژمار دەكرا.
لە ئێستادا دەمەوێـت وەزارەتی بەروەردە یاخود خەم خۆرانی بواری پەروەردەو فێركردن كاری جددی بكەن لەسەر خوێندن یان نە خوێندنی وانەی شەشەم لە قوتابخانەكان،چونكە بێگومانم لەوەی كەوا سەدا ٨٠ ی قوتابخانەكان وانەی شەشەم ناخوێنن لەبەر هەر هۆكارێك بێت كە نامەوێت لێرەوە باسی ئەو هۆكارانە بكەم.
پرسیارە گرنگەكە لێرەیە ئەگەر وانەی شەشەم بخوێندرێت با لە گشت قوتابخانەكان وەكو یەك گرنگی پێ‌ بدەن و بیخوێنن بۆ ئەوەی وەكو وانەكانی دیكە قوتابی بتوانێت سودی لێ ببینێت ، وە ئەگەر ئەم وانەیە نەخوێندرێت پێموایە وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەكان دەتوانن سوود ببینن لە میلاكاتی مامۆستایان قوتابخانەكان.
بۆ نموونە ئەگەر من باسی ئەو قوتابخانەیە بكەم كە خۆم كاری لێدەكەم و وانەی لێ‌ دەڵێمەوە، لە بازنەی دووەم پۆلەكانی (٤-٥-٦) حەوت پۆلمان هەیە پۆلی چوارەم كە پێك دێت لە پۆلەكانی (أ-ب) هەفتانە دەكاتە چوار بەشە وانە، پۆلی پێنجەم كە سێ‌ پۆلە ( أ-ب-ج) دوانزە بەشەوانەیە، پۆلی شەشەم كە پێك دێت لە دووپۆل (أ-ب) هەشت بەشەوانەیە، كۆی گشتی بەشە وانەكان لە یەك هەفتە دەكاتە بیست و چوار بەشەوانە ئەوەش دەكاتە بەشەوانەی یەك مامۆستا لە قوتابخانە، كەواتە لە قوتابخانەی ئێمە میلاك زیاد دەكات ،ئەی ئەگەر چەندەها قوتابخانەی هاوشێوەی قوتابخانەكەی ئێمە هەبێت ئەوا ئەو كات دەكاتە هەزار مامۆستا ئەوەش رێژەیەكی زۆر باشە كە وەزارەتی پەروەردە سودی لێوەربگرێت، چونكە لە ئێستا دا حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای دامەزراندنی مامۆستایانی نییە، بۆیە پێویستە ئەم بابەتە بە باشی كاری لەسەر بكرێت و بە هەند وەربگیرێت. وە هەروەها دەتوانین مامۆستای وانەبێژ كەم بكەینەوە،چونكە زۆرێك لە قوتابخانەكان مامۆستای وانەبێژ وانەی شەشەمیان بۆ دانراوە كەچی وانەكەش ناخوێندرێت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو