وانەی پەروەردەی وەرزش لە قوتابخانەكان

وانەی پەروەردەی وەرزش لە قوتابخانەكان

وەرزی هاوین و پشووی قوتابخانەكان وا نزیكە تەواو دەبێ و جارێكی تر دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەڕووی قوتابیان واڵا دەكرێ ، جارێكی تر قوتابیان بە مامۆستاو پەرتووك و خوێندن ئاشنا دەبنەوە، جارێكی تر مامۆستایانی بەڕێز خزمەتی پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن دەكەن، وێڕای سڵاوو ڕێزو حورمەتم بۆ سەرجەم وانەكان و بۆ مامۆستایانی سەرجەم بابەتەكان، بەڵام دەمەوێ باسی وانەی پەروەردەی وەرزش و مامۆستای وانەكە بكەم لە قوتابخانەكان،
وەرزش ئەو وانەیەیە كەلەڕووی لایەنی جەستەیی و بیرەوە لەهەموو وانەكانی تر گرینگترە بۆ قوتابی،چونكە هەمووی پێك هاتوە لە جوڵەو چالاكی، هەر بۆیەشە مامۆستای وەرزش لە قوتابخانەكان چالاكترینەو خۆشەویست ترین مامۆستایە ئەگەر بە ئەركی خۆی هەڵبستێ، دروست كردنی تیپی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان كە هەفتانە ئەم مەڕاسیمە بەڕێوە دەچێت، دروست كردنی تیپەكانی قوتابخانە لە یاریەكانی ڕێكخراو (تۆپی پێ، تۆپی بالە، باسكە، تۆپی دەست ) تا بتوانێ بەشداری لە چالاكیەكانی قوتابخانەكان بكات، كردنەوەی خولی ناوەخۆی قوتابخانە لەنێوان پۆلەكان. ئەنجام دانی چالاكی جۆراوجۆرو پێشبڕكێی وەرزشی، ئەمانە و ەندینی تر، ئەركی مامۆستای وەرزشە كە ئەنجامی بدات، بەڵام بەداخەوە زۆربەی زۆری قوتابخانەكان لە خشتەی هەفتانە وەرزش فەرامۆش دەكەن و تەنانەت لەكاتی دانانی نمرەی قوتابیانیش لە كۆتایی وەرزەكان گۆڕانكاری بە نمرە دەكرێ و لێهاتوویی قوتابی لە بواری وەرزش نابێتە پێوەر ، بەڵكو زیرەكی و نمرەكانی لەوانەكانی تر دەبێتە سەنگی مەحەك، مامۆستایانیش تەنیا یەك گلەیی و ڕەخنەیەكیان هەیە ئەویش ئەوەیە بەداخەوە تا ئێستا خاوەن مەنهەجێكی ساڵانە نینە كە سەرجەم قوتابیان لە هەموو قۆناغەكان پابەند بن بە خوێندنیەوە(ڕاستە مەنهەجێك هەیە، بەڵام ناخوێندرێ و پێویستی بە گۆڕانكاری و دەستكاری هەیە، چونكە كەمو كوڕی زۆرەو هەڵەی هونەری تێدایە.
بۆیە پێش دەست پێكی ساڵی نوێی خوێندن، داوا لەلایەنی پەیوەندیدار بەتایبەتی جەنابی وەزیری پەروەردە دەكەم كە لێژنەیەكی تایبەت پێك بهێنێ لە سەرپەرشتیارانی پسپۆڕی وەرزش و كەسانی دڵسۆز مەنهەنجێكی جێگیر بۆ وانەی پەروەردەی وەرزشی سەرجەم قۆناغەكان دابنێن و هەروەكو وانەكانی تر بخوێندرێ، ئەو كاتە نە وانەی وەرزش فەرامۆش دەكرێ، نە مامۆستای وەرزش گلەیی دەبێ نە قوتابی و دایك بابانیان بەكەم سەیری وانەكە دەكەن، نە كارگێری قوتابخانەش دەتوانێ گۆڕانكاری لە نمرەی وانەی وەرزشی قوتابی بكات.

 

زۆرترین بینراو