وتاری سەرۆکی حکومەت لە یادی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵای عوزما محه‌مه‌د باقر ئه‌لحکیم

وتاری سەرۆکی حکومەت لە یادی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵای عوزما محه‌مه‌د باقر ئه‌لحکیم

زاری كرمانجی - مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ مه‌راسیمی یادی شه‌هیدبوونی ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم وتارێكی ئاراسته‌كرد و تێیدا رایگه‌یاند، ئەم یادە ماتەمینیەی شەهیدانی عێراق، پێویستە هاندەرێکی زیاترمان بێت، لە پێناو ڕێزگرتن لە هەموو ئەو بەها پیرۆزانەی کە ئەم شەهیدانە، قوربانیان لە پێناویدا و شەهیدبوون، کە ڕووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری و کۆتاییهاتنی نەهامەتییەکانی گەلانی عێراق و سەقامگیرکردنی سیستەمێکی دیموکراتی و فیدراڵییە لە عێراق.

وتاره‌كه‌ی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵای عوزما محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم له‌ لایەن وەزیری کاروباری شەهیدان ئەنفالکراوان عەبدوڵڵای حاجی مەحموود خوێندرایه‌وه‌.

ده‌قی وتاره‌كه‌

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێز سەید عمار الحکیم ، ڕێبەری ڕەوتی حیکمە :

میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز:

خۆشحاڵم کە بەناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێزدار مەسرور بارزانی لەم کۆڕی ماتەمینییەدا بەشدارم کە بۆ وەبیرهێنانەوە و ڕێزگرتنە لە شەهیدی میحراب ئایەتوڵڵای عوزما محەمەد باقر الحکیم کە یەکێک بوو لە پیاوە مەزنەکانی عێراق و نموونەی خەباتکارێکی ئازابوو لە دژی زۆرداریی و هەموو ژیانی خۆی ، لە پێناو کۆتایی هاتنی زوڵم و ستەم و دیکتاتۆریەت لە عێراق تەرخان کرد و شەهید بوو.

بۆیە ئەمڕۆ بە شکۆوە، یادی ئەم مرۆڤە مەزنە دەکەینەوە کە لەدەستدانی، زیانێکی گەورە بوو بۆ گەلانی عێراق .

ئامادەبووانی بەڕێز :

ئەمڕۆ ئەم یادە ماتەمینیەی شەهیدانی عێراق ، پێویستە هاندەرێکی زیاترمان بێت، لە پێناو ڕێزگرتن لە هەموو ئەو بەها پیرۆزانەی کە ئەم شەهیدانە، قوربانیان لە پێناویدا و شەهیدبوون ، کە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری و کۆتاییهاتنی نەهامەتییەکانی گەلانی عێراق و سەقامگیرکردنی سیستەمێکی دیموکراتی و فیدرالییە لە عێراق.

بەداخەوە ئەمڕۆ عێراق، بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت و پێویستە پێداچوونەوەیەکی جیددی بە سیستەمی سیاسیی و حوکمڕانی لە عێراقدا بکرێت و ڕێز لە خواست و ماف و داوا ڕەواکانی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و لە نێویشیاندا گەلی کوردستان بگیرێت، لە سەر بنەمای لە بەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی هاوسەنگی و شەراکەت و سازان .

خەڵکی کوردستان سەدان هەزار شەهیدی لە پێناو نەهێشتنی دیکتاتۆری و هاتنەئارای عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵدا داوە و، ناکرێ ئەو هەموو قوربانیدانەی خەڵکی کوردستان لە بیر بکەین.

بۆیە پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە سەر بنەمای دەستوور کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگی لە سەر داوە ، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت.

بێگومان چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدایە و هێز و لایەنە عێراقییەکان، پێویستە بە چاوێکی دۆستانە لە هەرێمی کوردستان بڕوانن و بەهێزبوونی پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان، بە بەهێزبوونی پێگەی عێراق بزانن ، چونکە هەرێمی کوردستان وەک چۆن لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ هێز و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی عێراق ، ئێستاش بە هەمان شێوە ، باوەشی گەرمی بۆ سەدان هەزار ئاوارەی پارێزگاکانی عێراق کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتکردنیان، تا ئەوکاتەی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان.

ئامادەبووانی بەڕێز :

هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیریی بووە لە عێراقدا. بۆیە پێویستە لایەنە عێراقییەکان، هەڵوێستێکی دۆستانەیان بەرامبەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان هەبێت. چونکە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بەهێزبوونی هەموو عێراقە.

ئێمە هەمیشە ئامادەیی خۆمان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەربڕیوە کە تەنیا پەیوەست نین بە مووچە و بودجە و کێشەی داراییەوە، بەڵکو پێویستە هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تریش ، وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و نەوت و گاز و پێشمەرگە و کێشەکانی تر، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەین.

لە کۆتاییدا سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدی میحراب و سەرجەم شەهیدانی عێراق و کوردستان .

زۆرترین بینراو