ورووژاندنی بابەتی دوو ئیدارەی بۆ مەرامی سیاسی بەكار دەهێندرێت

ورووژاندنی بابەتی دوو ئیدارەی بۆ مەرامی سیاسی بەكار دەهێندرێت

لە وتووێژیكدا د. دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەگەڵ رادیۆی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا تیشك دەخاتە سەر هەندێ بابەتی هەنووكەیی كوردستان و پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی و ئەگەری كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان هەری لایەنی پارتی ، یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان.
دەربارەی بەیاننامەكەیان بۆ دەسپێشخەری كردن بۆ كۆبونەوی سێ قۆڵی د. دەرباز محەمەد دەڵێت" ئێمە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان وەكو هێزێكی سیاسی بەتایبەت كە بەشدارین لە حكومەت، بەرپرسیارێتی بارودۆخی خەڵك دەكەوێتە ئەستۆمان، سەبارەت بەو بابەتەی (زینی وەرتێ) بوو بە بابەتی میدیایی و بابەتی سیاسی نێوان ئەو دوو پارتە(پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان) یەكەم ئەمەی ئێستا دەیكەن هیچ پێویست نیە وە هیچ پاساوێك نیە بەبەیاننامە و بەیاننامەكاری بكرێت، پێم وایە بەشی زۆری ئەو بابەتە دروستكراوە بەتایبەت ئەوەی باسی جیاوازی نێوان هەولێر و سلێمانی دەكرێت بەڵێ لەهەموو دنیادا پایتەخت بەحوكمی ئەوەی وەزارەتەكانی لێیە زیاتر مومارەسەی دەسەڵاتەكانی خۆی دەكات بەڵام ئەمەش مانای ئەوەنیە پارێزگاكانی تر بێ بەش بن لەدەسەڵاتەكان، دووەم ئێمە ئێستا حكومەتێكی هاوبەشمان هەیە، سەرۆكایەتیەكی هەرێمی هاوبەشمان هەیە، پەرلەمان نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەكانی تێدایە لە ئێستادا هیچ جۆرە پاساوێك نیە بۆئەوەی كە بەیاننامە یان بە هێزی چەكدار گفتوگۆ بكەین بڕوامان وایە بەشی زۆری ئەو بابەتە دروستكراوە، ئەو بابەتە قەوانێكی كۆنە بەداخەوە زۆرجار گەرم دەكرێتەوە، پێمان وایە ئامانجی بەرتەسكی حیزبی تێدایە، بەهیچ شێوەیەك بەشێك نیە لە داكۆكی بەرژەوەندی میللەتەكە."

"پارێزگاری سلێمانی نەیوت حكومەتی هەرێم بودجەی سلێمانی نانێرێت و جیاوازی دەكات، وتی هێشتا نەگەیشتووە ئێمە خۆشمان قسەمان لەگەڵ كرد "
بەڵام بابەتی جیاوازی كردنی نێوان شارەكان و گوێ نەدانی حكومەتی هەرێم لەزاری كاندیدی ئێوە لەپۆستی پارێزگاری سلێمانیەوە بڵاوبوەوە یەكەمجار، وە كاندیدەكەی ئێوە گلەیی دەكرد كەحكومەتی هەرێم وەڵامی سلێمانی ناداتەوە ئەو بودجەیەی هاتووە بۆ هەرێم نەدراوە بەسلێمانی؟

لەوەڵامدا د.دەرباز محەمەد دەڵێت" نەخێر بەڕێز پارێزگار وتی، هێشتا نەگەیشتووە ئەوەش مانای ئەوە نیە، كە پارێزگار وتی هێشتا نەگەیشتووە واتە هێشتا نەگەیشتۆتە هەولێر و نەگەیشتۆتە دهۆكیش، مانای ئەوە نیە ستەمكرابێت لەسلێمانی ئەوەتا بەڕێز پارێزگاری هەولێریش دەڵێت ئێمەش مەغدروین، مەبەستم ئەوەیە ئێمە نابێت بەو نەفەسە كاربكەین مادام گفتوگۆ وە یەك حكومەت و یەك پەرلەمان و یەك دۆسیەی هاوبەشی ئەم میللەتە، وە من ئەوە ڕاست بكەمەوە ، پارێزگاری سلێمانی وتی نەگەیشتووە وە خۆشمان قسەمان لەگەڵ كردووە هەر وایوت ئەمەش واتای ئەوە نیە ئەو بودجەیە هەرنایەت ناگات، ئەگەرنا هێشتا نەگەیشتۆتە هەولێر و دهۆك و گەرمیان و هەڵەبجەش مەبەستی پارێزگار ئەوەبوو كە خەڵك داوای لێدەكات ئەویش دەڵێت"كاكە" هێشتا نەگەیشتۆتە دەستی من تا بیدەم بە ئێوە."

هەروەها ڕایگەیاند" مەبەستم ئەوەیە ئێمە پەرلەمان و حكومەت و دادگا و ئەنجومەنی پارێزگامان هەیە، كاتێك وادەزانرێت غەدر لەسلێمانی دەكرێت، دەتوانی ئەو بەرپرسەی ئەو غەدرەی كردووە، بانگی دەكەیت لە پەرلەمان لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت.مەبەستم لە دروستكراو ئەوەیە ئەو كەسانەی ئەوە دەڵێن مەبەستیان بەرژەوەندی خەڵك نیە."

"یەكێتی و پارتی كە دادەنیشن هیچ پێویستیان بە نێوەندگیری نیە. "

د.دەرباز محەمەد وتیشی" ئێمە لەگەڵ برادەرانی یەكێتی و پارتی قسەمان كردووە بۆ ئەوەی خاڵێك دابنێن و بڵێن ئیتر بەسە ئەم جۆرە گرژیە لەڕێگای بەیاننامەوە هیوامان وایە بەزوویی ئەم بارگرژیە نەمێنێ و قەناعەتیشمان وایە كە بەرەو نەمان دەچێت."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان بانگهێشتی كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی نەكراوە كە واباس دەكرێت ڕەنگە ئەو دوو حیزبە كۆبونەوەی دوو قۆڵی ئەنجام بدەن؟

د.دەرباز محەمەد دەڵێت" بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە ئەو بارگرژییە نەمێنێت ئێمە هەم لەگەڵ پارتی هیچ كێشەمان نیە لەگفتوگۆ و دانیشتنداین، لەگەڵ یەكێتی-ش بەتیلفۆن پەیوەندیمان هەیە بەڵام نەگەیشتۆتە دانیشتنی فەرمی لای ئێمە گرنگ ئەوە بووە كە كێشەكە نەمێنێت ئەوە گرنگ نیە بەسێ قۆڵی دادەنیشین یا بەدووقۆڵی، خۆیان یەكێتی و پارتی بۆ ئەوەی یەكتر ببینین پێویستیان بەكەس نیە، یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەیە یەكێتی و پارتی لەیەك دانەبڕاون، گرژییەك هەیە پێمان وایە دروستكراوە و دەبێت چارەسەر بكرێت."

" دوو ئیدارەیی تەنها دروشمێكە بۆ خەڵەتاندنی خەڵك  "


دەربارەی بانگەشەی دوو ئیدارەیی و هەڵوێستی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان، د.دەرباز محەمەد دەڵێت"بەداخەوە ئەزموونی دوو ئیدارەیی پەڵەیەكی ڕەشە بە ناوچەوانی ئەزموونی سیاسی و مێژووی هەرێمی كوردستانە، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نیین باس لەمەسەلەی دوو ئیدارەیی بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەتا سەر ئێسقان شەڕ لەسەر ئەوە دەكەین كە هەموو قەزاو ناحیەو پارێزگایەك كە ئەوەندە دەسەڵاتی لامەركەزی خۆی هەبێت كە هەركارێك لە قەزایەك لەڕێگەی قایمقامیەتەوە تەواو بێت پێویست نەكات بێتە سلێمانی، ئێمە پێمان وایە هیچ ئەزمونێكی حكومڕانی سەركەوتوو بەبێ لامەركەزیەتێكی ئیداریی لەسەر بنەمایەكی دیموكراتی ڕێكوپێك دروست نابێت و سەرناكەوێت و خزمەتی خەڵك ناكات، ئێمە پێمان وایە دوو ئیدارەیی تەنها دروشمێكە و بەرز دەكرێتەوە بۆ خەڵەتاندنی خەڵك ئەگینا كەس لەگەڵ دوو ئیدارەیی نیە ئەوانەی كەزۆر باسی دەكەن ڕاست ناكەن، دوو ئیدارەیی مەبەستم بە دەستەواژەی 1998 كە دابڕان بوو."

وتیشی" دوو ئیدارەیی ناچێتە بەرژەوەندی هیچ كەسەوە، بەڵام بەرژەوەندی هەندێك كەس و لایەن بۆ ئەوەی واپیشان بدرێت كەداكۆكی لەخەڵكێك دەكەن داكۆكی لەسلێمانی دەكەن هەندێك كەس و لایەن."

د.دەرباز محەمەد جەختیكردەوە گرژییەكانی ئێستای نێوان پارتی و یەكێتی" بەدڵنیایەوە خەڵكی سیاسی دروستی دەكات، بەستەڵەكی نێوان یەكێتی و پارتی تواوەتەوە بەڵام نەبووە بە ئاو واتە ئەوان هێشتا لەكۆمەڵێك كێشەی سێ ، چوار ساڵی ڕابردوودا دەژین."

"هەرچی ڕەخنە و تێبینیمان هەبوو داومانە بە پارتی دیموكراتی كوردستان "


دەربارەی ئەو وادەیەی بزوتنەوەی گۆڕان داینابوو بۆ هەڵسەنگاندنی بەشداریكردنی لەحكومەتدا ؟ د.دەرباز محەمەد دەڵێت" ئێمە هەرچی ڕەخنە و تێبینی خۆمان هەبوو بەنامەیەكی فەرمی داومانە بە پارتی دیموكراتی كوردستان،كار لەسەر ئەوە دەكەین كە هەموو ئەو تێبینیانە لەچوارچێوەی بەرنامەی سیاسی ئێمە و پارتیەوە، جێ بكرێتەوە و چاك بكرێت."

ڕاشیگەیاند" هێشتا لەقۆناغی ئەوەین كە بگەینە چارەسەر كە بەشێكیان ئاڵۆزن بەتایبەتی بۆ مەسەلەی چاكسازی و ئەنجومەنی چاكسازی لەگەڵ ئەوەین كە یاسایەك دەربكرێت، چەند دانشتنێك كراوە لە ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر پێش پەتای كۆرۆنا بۆ ئەوەی ڕەشنووسی پرۆژە یاساكە تەواو ببێت بۆئەوەی لەپەرلەمان پەسەند بكرێت و ئەو ئەنجوومەنە ئەركی چاكسازی بگرێتە ئەستۆ كە ئەو ئەنجوومەنە سەرۆكەكەی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت."

زۆرترین بینراو