وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیاران گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ سێ كۆمپانیا واژۆكرد

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیاران گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ سێ كۆمپانیا واژۆكرد

زاری كرمانجی - هەولێر : وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان و سێ كۆمپانیای كه‌رتی تایبه‌ت گرێبه‌ستی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیارانیان واژوو كرد، به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ ساڵانه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ 500 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جووتیاران ده‌كڕنه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ دروشمی (ئه‌و گه‌له‌ی خاوه‌نی نانی خۆی نه‌بێت خاوه‌نی بڕیاری سه‌ربه‌خۆی خۆی نابێت) پرۆژه‌كه‌ی راگه‌یاند، به‌پێی پرۆژه‌كه‌ ئه‌و سێ كۆمپانیایه‌ ساڵانه‌ 500 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جووتیاران ده‌كڕنه‌وه‌ و له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك سێ كارگه‌ی گه‌وره‌ی به‌رهه‌م هێنانی ئارد دروست ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ چه‌ند كارگه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ساوه‌ر، بڕوێش، گه‌نمه‌ كوتاو، مه‌عكه‌رۆنی، پاستا و هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ گه‌نم دروست ده‌كرێت و به‌ كوالێتی به‌رز ده‌یخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌، له‌دوا كه‌وتنه‌كاری پرۆژه‌كه‌ش رێگه‌ نادرێت ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ بكرێته‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و كارگانه‌ به‌ته‌واوی پێداویستی بازاڕ پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ و دابینی ده‌كه‌ن.

به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ ساڵانه‌ له‌ سلێمانی 150 هه‌زار تۆن و له‌ دهۆك 150 هه‌زار تۆن و له‌ هه‌ولێریش 200 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جووتیاران وه‌رده‌گیرێت و له‌و كارگانه‌ به‌كارده‌هێندرێت.

له‌میاره‌یه‌وه‌ بێگه‌ر تاڵه‌بانی، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا دوای واژووكردنی گرێبه‌سته‌كان گوتی: ئه‌مڕۆ خۆشحاڵ و سه‌رفرازین كه‌ توانیمان چه‌ندین گرێبه‌ست تێبپه‌ڕێنین بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌و گرێبه‌سته‌، ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌سته‌كه‌ چه‌ندین قۆناغ و مه‌رجی گرنگی تێدایه‌ كه‌ هه‌م كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌تیش پابه‌ند ده‌كات به‌ به‌رده‌وامیدان و سه‌رخستنی پرۆژه‌كه‌ به‌ ئامانجی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كان به‌ به‌رهه‌می خۆماڵی كوالێتی به‌رز كه‌ ببێته‌ بنه‌مای پاراستنی ئاسایشی خۆراك له‌ هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراندنی بنه‌مایه‌كی گرنگی ئابووری بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌دان ملیۆن دۆلار كه‌ ساڵانه‌ ده‌چێته‌ نێو بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت وڵاتی عێراق.

بێگه‌رد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: ئه‌م پرۆژه‌ ستراتیجییه‌ بریتییه‌ له‌ چه‌ند هه‌نگاوێك و گوتی: كڕێنه‌وه‌ی 500 هه‌زار تۆن گه‌نمی جووتیاران به‌پێی ئه‌و جۆره‌ی كه‌ شیاوی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ كارگه‌كاندا به‌رهه‌مده‌هێندرێت، دامه‌زراندنی سایلۆی تایبه‌تمه‌ند و ئاشی هاڕینی گه‌نم بۆ دروستكردنی ئاردی سفر و ئاردی پله‌ یه‌ك و جۆره‌كانی دیكه‌ و كارگه‌كانی دروستكردنی ساوه‌ر و بڕوێش و گه‌نمه‌كوتاو و پاستا و مه‌عكه‌رۆنی و هه‌موو دروستكراوه‌كانی دیكه‌ كه‌ ده‌توانرێت له‌ گه‌نم به‌رهه‌م بهێندرێت، دامه‌زراندنی كارگه‌ی له‌ كیس نانی به‌رهه‌مه‌كانی گه‌نم به‌پێی خواستی بازاڕ و ره‌خساندنی هه‌لی كار له‌ پرۆژه‌كه‌دا بۆ ده‌رچووانی كشتوكاڵی كه‌ مه‌رجه‌كه‌ وایه‌ سه‌دا 60ی ده‌ستی كاری پرۆژه‌كه‌ له‌ ده‌رچووانی كۆلێژ، په‌یمانگا و ئاماده‌ییه‌كانی كشتوكاڵی بن..

گوتیشی: دیاریكردنی نرخی فرۆشتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی گه‌نم له‌ بازاڕدا به‌ ره‌زامه‌ندی حكوومه‌ت و له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و ئه‌ركانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بریتین له‌؛ دابینكردنی زه‌وی بۆ پرۆژه‌كه‌، فه‌راهه‌مكردنی بازاڕ، سه‌رپه‌رشتیكردنی گرێبه‌ست له‌نێوان جووتیاران و كۆمپانیاكان، دابینكردنی بنه‌تۆوی گونجاو به‌پێی ئیمكانییه‌تی وه‌زاره‌ت، نرخی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمه‌كه‌ و چاودێری و سه‌رپه‌رشتیكردنی پرۆژه‌كه‌ بۆ گه‌یاندنی زۆرترین سوود به‌ جووتیاران و به‌رهه‌می ناوخۆ و ناردنی ستافی ته‌كنیكی و چاودێری كۆگاكان و ئاش و سایلۆكان به‌ هه‌ماهه‌بگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

پرۆژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیاران نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر په‌سه‌ندكرا و پرۆژه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا ده‌كه‌وێته‌ كار و سه‌رمایه‌ی پڕۆژه‌كه‌ سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌ و هه‌زاران هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت و پشكی سه‌ره‌كی هه‌لی كاره‌كان بۆ ده‌رچوانی به‌شه‌كانی كشتوكاڵییه‌.

شایانی باسه‌ ساڵانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار بۆ دوو ملیۆن تۆن گه‌نم به‌رهه‌مده‌هێندرێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ دابینكردنی گه‌نمدا له‌ پێداویستی ناوخۆ زیاتری هه‌یه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ خۆبژێوی.

زۆرترین بینراو