وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ: هاوردە کردنی هەنگوین قەدەغە کرا

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ: هاوردە کردنی هەنگوین قەدەغە کرا

 

بریاره‌كه‌ له‌سه‌ر داوای هەنگەوانانی کوردستان و چەند گروپ و رێکخراوێکی تایبەت بە هەنگەوانان بووە

وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگەوە هاوردە کردنی بەرهەمی هەنگوین لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان قەدەغە بکرێت، تا ئەو کاتەی بە بڕیارێکی تر بوار بە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە دەدرێتەوە.

 

بریاریشە لە سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی داهاتووشدا لە هەرێمی کوردستان دوو چالاکی گەورەی تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین ئەنجام بدرێت.

 

ئەم بڕیارە کە لە لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دراوە، لەسەر داوای هەنگەوانانی کوردستان و چەند گروپ و رێکرخاوێکی تایبەت بە هەنگەوانان بووە، کە داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردبوو، لە وەرزی چنینەوەی بەرهەمی هەنگوینی ناوخۆییدا و تا ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا هاوردەکردنی بەرهەمی هەنگوین لە دەرەوەی کوردستانەوە رابگیرێت.

 

بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە وەزیری کشتوکاڵ پشتی بە یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٠٨) بەستووە.

 

بڕیارە لە سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان دوو چالاکی گەورەی تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین ئەنجام بدرێت کە بریتین لە کۆنگرەی هەنگەوانانی وڵاتانی عەرەب کە رۆژانی ٧-٩/١٠/٢٠١٩ لە هەولێر بەڕێوە بچێت و بە دوای ئەویشدا لە سلێمانی پیشانگایەکی تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین دەکرێتەوە.

 

بە گوێرەی ئامارەکانی بەردەست لە هەرێمی کوردستان دا نزیکەی ١٢ هەزار کەس بە کاری هەنگەوانیەوە سەرقاڵن و پتر لە ٣٠٠ هەزار شانەی هەنگیان هەیە.

 

 

زۆرترین بینراو