وێستگەیەكی كارەبای (100) مێگاواتی لە سنووری بەڕێوبەرایەتی كارەبای سۆران دروست دەكرێت

وێستگەیەكی كارەبای (100) مێگاواتی لە سنووری بەڕێوبەرایەتی كارەبای سۆران دروست دەكرێت

دیدار: غەفوور عەبدوڵڵا
ئەندازیار فەیسەڵا حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، لە دیمانەیەكی رادیۆی زاری كرمانجیدا باس لەدۆخی كارەبای سنووری سۆران و دەورووبەری دەكات و زانیاریش لەبارەی هەڵمەتی بڕینی سەرپێچییەكانی سەر كارەبا دەخاتەڕوو، هەواڵی ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی گرینگی كارەباش رادەگەێنێت.
*دۆخی كارەبای سۆران لە چ ئاستێك دایە ؟
- دۆخی كارەبای دەڤەری سۆران، بە بەراورد لەگەڵ شوێنەكانی تر و بەتایبەتی سنووری پارێزگای سلێمانی زۆر باشترە، وەك دیاریشە بەشێوەیەكی گشتی لە وەرزی زستاندا گرفتی كارەبا زیاتر دەبێت، چونكە لەم وەرزەدا كارەبا زیاتر بەكاردەهێنرێت لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە بەراورد بە وەرزەكانی تر، هەروەها ئیمە لە وەرزی هاویندا هەڵدەستین بە دەستنیشان كردنی ئەو خاڵانەی كە كێشەی تەكنیكی تێدایە و دواتر لە وەرزی زستاندا هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەدەین، تا لە وەرزی زستان نەكەوینە كێشەو گرفتەوە، خۆشبەختانە توانیومانە هەركێشەیەك لە هەر شوێنێك لەسەر تۆڕی كارەبا هەبێت بە سیستەمێكی تەواو چارەسەری گرفتەكە بكەین.
*ئاستی سەرپێچیەكانی كارەبا لەم سنوورە چۆنە؟
- پێش ئەوەی هەڵمەتەكە رابگەیندرێت ئێمە بەردەوام بووینە لە بڕینی سەرپێچییەكان، بەڵام ئەوەی ئێستا زۆر چڕترە لە جاران ئەگەرنا پاریش لە كاتی پێویست تا راددەیەكی باش توانیمان كارەبای ونبوو و زیادەڕۆ بگرین، لێرەدا سودمەندی یەكەمیش هاووڵاتی دەبێت، ئامانجی ئەو هەڵمەتە خۆی لە دوو خاڵی گرینگ دەبینێتەوە، یەكەم باشتركردنی دۆخی كارەبا، دووەم ئەو زیانانەی كە بەر تۆڕی كارەبا دەكەون بۆ نموونە سووتانی كێبڵ یان سووتانی بگۆڕی كارەبا، لەناو گەڕەكەكان كە زۆربەی هەرە زۆری بەهۆی ئەم سەرپێچیانەوەیە ئەویش چارەسەر دەكرێن.
*جگە لە سەرپێچی ماڵان ئایە ئەو هەڵمەتە كەرتی گشتی و بازرگانیش دەگرێتەوە؟
- هەموو كەرتەكان دەگرێتەوە، ئەم سەرپێچییانە لە هەر شوێنێك بێت، ئێمە پێ دەڵێین پۆل چونكە پێنچ پۆلمان هەیە لەناو پۆلەكاندا بە دوای سەرپێچییەكاندا دەگەڕێین، سەیر ئەكەین كامە پۆل زیاتر زیادەڕۆیی لەسەرە لەوە دەست بە بڕینی دەكەین، پۆلەكانی تریش بە هەمان شێوەكاری لەسەر دەكرێت و زیادەڕۆییەكان ناهێڵین.
*ئەو شوێنانەی كە زێدەڕۆكارن و پێوەری كارەبایان نەبەستبێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن؟
- رێنمایمان بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە هەیە، ئەوانەی كەوا پێوەریان نییە، ئەویش دوو جۆرن، هەندێكیان لەبەر ئەوەی پێكهاتەكەیان واتە ئەوانەی كە دروستیان كردووە ئەوجا دووكانە یان خانووە یاخود هەر شتێك بێت، ئەگەر لە لایەنی حكوومەتەوە پشگیری نەكرا بن، یاخود مۆڵەتیان نەبێت بۆیە ناچار بووە پەنای بردۆتە بەر سەرپێچی تۆڕەكانی كارەبا، لەم كاتانەدا كارەبا دەدەینە ئەم جۆرە حاڵەتانە، بەڵام بە شێوەی تایبەت، واتە بەڵێنامەیەكی پێدەكەین كەوا ئەو كارەبایە نابێتە هێڵێكی فەرمی و دەستەڵات نادات لە زێدەرۆیەی كە كردوویەتی، هەر كاتێك حكوومەت بیەوێت كارەبایەكەی دەبڕێت، یاخود پێكهاتەكەی دەڕووخێنێت، بۆیە كارەبایەكە بە كاتی پێ دەدرێت، تا ئەو دۆسیانەی یەكلای دەبنەوە، بۆیە ئەم رێكارانە دەگرینە بەر تا ئەو زێدەڕۆیانە لەسەر تۆڕی كارەبا هەیە كەمیان بكەینەوە.
*بۆ بەستنی پێوەری كارەبا بۆ فەرمانبەران پێویستیان بە كەفیل هەیە؟
- هەر كەسێك دەیەوێت ببێت بە هاوبەشی كارەبا، نوسراو ئاراستەی یەكەی ئیداری دەكەین، بەڵام ئەگەر لە سنووری شارەوانی بێت، بە نوسراو ئاراستەی شارەوانییەكان دەكەین، بۆ ئەوەی وەڵامی نوسراوەكەمان بە دەست بگات، هەروەها ئەگەر ئەو كەسە داوای راكێشانی تۆڕی كارەبا دەكات، بۆ پێكهاتەكە بە زێدەڕۆی دروست كردبێت، ئەوا ئێمە بە بەڵێننامە و كەفالەت كارەبای پێ ئەدەین، كەفیلەكەش بۆ ئەوەیە ئەگەر بۆ ماوەیەك خانووەكەی یان پێكهاتەكەی رووخاند، یان ئەگەر كەسەكە ژمارەی زەوی یان تاپۆی نییە ئێمە كە نەتوانین پارە و قەرزەكەی لێوەرگرینەوە، كە لەسەری دەبێت، بۆیە لە رێگای كەفیلەكەوە ئێمە كەسەكە دەدۆزینەوە وەرگرتنی كەفالەت تەنها بۆ ئەو حاڵەتانەیە كە پێكهاتەكەی بە سەرپێچی درووست كردووە، بۆیە ئەگەر فەرمانبەریش بێت، بەڵام ئەگەر فەرمانبەری حكومی بێت پشتگیرێك لە فەرمانگەی خۆی بهێنێت، لێرەدا ئیمە داوای كەفالەت لێی ناكەین، تەنیا كار لەسەر پشتگیریەكەی دەكەین، بۆیە هەركاتێك كەسەكە قەرزار بوو، دەتوانین لە رێگای پشتگیریەكەیەوە قەرزەكە بگەڕێنینەوە.
*فەرمانبەرانی حكوومەت قەرزێكی زۆریان لای حكوومەتە بۆیە داوا دەكەن لەم قەرزەیان خۆش بن چیتان هەیە بۆ ئەمە ؟
- ئەم بڕیارە دەبێت لە ئاستێكی باڵا بدرێت، پێویستە لە سەرۆكایەتی حكوومەتەوە و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگایەكان لە لای خۆیانەوە كاری لە سەر بكەن، بۆ ئەوەی ئەو قەرزە كەوا لای حكوومەتە، چۆن بتوانن بە بەر قەرزی تری هاووڵاتی بخرێت.
*دەوترێت ناتوانرێ كارەبای بەرپرسان و دەست رۆیشتووان ببڕدرێت ئایە ئەمە تا چەند راستە؟
- لە هەر شوێنێك كە دەستمان بەهەڵمەتی بڕینی زیادەرۆی كردبێت، هەر گەڕەك و شوێنێك بەرپرس یا هەژار و دەوڵەمەندی تێدا بێت، وەك یەك سەیر دەكرێت و توانیومانە لەم هەڵمەتەدا یەكسانی نێوان هاووڵاتییان بپارێزین.
*ئەوانەی كە قەرزیان زۆرە لە بڕیاردا هاتووە كە بۆیان بكرێتە قیست ئەمە تا چەند دروستە؟
- ئەوانەی كەوا قەرزی كارەبایان زۆر لەسەر كەڵەكە بووە، دەتوانین بۆیان بكەین بە پشكی مانگانە، واتە هاووڵاتییان دەتوانن بە چەند قستێك قەرزەكانیان بدەنەوە، بۆ كارەبای ماڵان دەتوانین بیكەین بە 12 قیست، بەڵام بۆ بازرگانی و شوێنە كشتوكاڵییەكان تا حەوت قیست دەبێت.
*بە لادانی ئەو سەرپێچیانە تا چەند داهات بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە و چ كاریگەری دەبێت لەسەر زیاد بوونی داهات؟
- ئەگەر بەراورد بكەین لە نێوان ئەو مانگە و مانگەكانی رابردوو داهاتی كارەبا تا ئاستێكی باش بەرز بۆتەوە، یەكەم ئەم داهاتە دەچێتە خەزێنەی حكوومەت، بۆیە حكوومەت دەتوانێت بۆ پڕۆژەكانی گشتی بەكار بێنێت، دووەم بەشێكی داهاتەكە بۆ چاكسازییەكانی تۆڕی كارەبا بەكاردێت، بۆیە ئێمە بەدوای ئەوەداین داهاتمان زیاد بكەین تا تۆڕەكانی كارەبا زیاتر بكەین و گرفتەكان چارەسەر بكەین.
*ئایە لە دەسەڵاتی ئێوەدا هەیە ئەو داهاتەی كە كۆدەبێتەوە بەشێكیان بۆ پڕۆژەكانی خۆتان لە دەڤەرەكە بەكار بێنن، یا هەمووی دەگەڕێندرێتەوە لای حكوومەت؟
- نەخێر ئەمە لە دەستەڵاتی وەزیرە، بەڵام ئەوكات كە زانرا داهاتەكە چەندە سەدا هەشتی داهاتەكە ئەچێتە حیسابێكی تایبەتەوە، بەپێی دەرخستەكانی بەرز دەكەینەوە بۆ وەزارەتمان دواتر جەنابی وەزیر رەزامەندی لەسەر پڕۆژەكان دەدات، لەكاتەدا ئێمەش دەتوانین بەپێی بڕیارەكەی وەزیر 8% بەكاربهێنین، بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی تۆڕەكانی كارەبا لە سنووری بەرێوبەرایەتییەكەمان.
*دەوترێت زێدەڕۆیی زۆر كراوەتە سەر كارەبای نیشتیمانی لەسنوورەكەتان؟
- لابردنی زیادەڕۆییەكان بە دوو رۆژ ناكرێت، لێرەدا پێویستی بە چەند مانگێكە تا رێژەی زیادەڕۆی لەسەر كارەبا كەم بكرێتەوە، بۆیە لە دەستپێكی هەڵمەتەكە كارێكی زۆر باشكراوە، ئەو مۆڵەتەی كە حكوومەت بە هاووڵاتییانیدا‌وە بۆ دانەوەی قەرزەكان زۆر بە شێوەیەكی باش بەرێوەچوو، هەوڵیش دەدەین سەرجەم زێدەڕۆییەكان بنبڕبكەین.
* لە كاتی لادانی سەرپێچیەكان ئەوانەی رووبەڕووی تیمەكانتان دەبنەوە سزایان چی دەبێت؟
- راستە كێشەو گرفت دەبێت بەڵام خۆشبەختانە تائێستا شتێكی وانەبووە كە كاریگەری زۆر بەدوای خۆیەوە بێنێت، هەروەها پێش دەستپێكی هەڵمەتەكە بە تیمەكانمان راگەیاندووە كە دەبێت بەو پەڕی نەرمی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە كەسانە بكەن، بۆیە تا ئێستا كێشەكە نەگەیشتووەتە حاڵەتێكی زۆر خراپ.
* ئایا چە پڕۆژەیەكی گەورەتان لەبەردەستە بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی كارەبا؟
- حكوومەت پڕۆژەی ستراتیژی گەورەی هەیە بۆ دەڤەرەكەمان، وەك وێستگەیەكی كارەبای (100) مێگاواتی لە سنووری بەڕێوبەرایەتی سۆران دروست دەكرێت، دوای ئەوەی كە كۆمپانیایەكی جێبەجێ كار سەردانی ئێمەی كرد، خۆشبەختانە شارەوانی سۆران بڕیاری تەرخانكردنی پارچە زەویان بۆ دەركرد، بۆیە ئێستا ئەگەر كەش و هەوایەكە لەبار بێت، ئەم پڕۆژەیە دەست بەكار دەبێت، لە ماوەی شەش مانگ بەشێك لە پڕۆژەكە تەواو ببێت و سودی لێ وەربگرین، بە تەواوبونی ئەو پڕۆژەیە رێژەیەكی باشی گرفتەكانی كارەبا چارەسەر دەبێت. هەروەها لە بواری گەشەكردنی تۆڕەكانی كارەبا پلانی زۆر باش مان هەیە وە ئەو 8% داهات كە بەكار دەهێنین بۆ پلانەكە، وە داوا لە هاووڵاتیانیش دەكەین هاوكارمان بن لە كاتی چارەسەركردنی هەر گرفتێكی سەر تۆڕەكانی كارەبا لە ناوچەكەمان .
دوا قسەت چییە؟
- سەرپێچیەكانی كارەبا دابەشكراون بەسەر دوو جۆر هەر هاوبەشێك پێوەری كارابایان نە بەستەوە یان بەجۆرێك لە جۆرەكان دەسكاری پێوەریان كردبێت، یان زیادەڕۆییان لەسەر تۆڕەكانی كارەبا كردبێ ئەوانەی لەلایەن یەكە ئیداری و شارەوانییكان پشتگیری نەكرا‌ون بۆ پێدانی كارەبا ئێستا تەزووی كارەبایان پێ ئەدرێت، بەبێ پێ بژاردنێك بۆیان دابنرێت، چونكە زۆربەیان لەبەر حاڵەتێك پێشتر لە لایەن یەكە ئیداری و شارەوانییەكان پشگیری نەكراون پەنایان بردووە بۆ سەرپێچی ئەوانە پێوەریان بۆ دەبەسترێت و هیچ غرامەیەك ناكرێت، ئەوانی تر كە پێوەریان سووتاوە سەردانی بنكەكانی كارەبایان نەكردووە یان دەستكاری مۆری پێوەریان كردبێت، پێشتر پشتگیری كراون، بەڵام زێدەڕۆی كردووە هێڵی زیاتریان راكێشاوە یان بە هەر جۆرێك زیادەڕۆی و سەرپێچیان لەسەر تۆڕی كارەبا كردبێت، ئەوانە بە دووساڵ بە پێی جەردی ناوماڵیان ئەو كەل وپەلانەی كارەبا رۆژانە بەكاردێنن پارەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت، لەگەڵ بڕی 60 هەزار دینار سزای سەرپێچی، ئەو هەڵمەتە بەبێ جیاوازی. چاوپۆشی و پارێزبەندێك بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراو