وەرزشوانان... لە نێوان ژیان و مردن

وەرزشوانان... لە نێوان ژیان و مردن

 

مرۆڤ كە دێتە سەر رووی ئەم زەمینە هەر دەبێ ڕۆژێكیش بێ بەجێی بێڵێ، ئەوە سوننەتی ژیانە، ڕۆژانەش گوێبیستی چەندین هەواڵی جۆراوجۆری گیان لەدەستدانی مرۆڤەكان دەبین.
ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێ بكەم مردن و كۆچی دوایی كردنی وەرزشوانانی جیهان بە گشتی و وەرزشوانانی كوردستانە بەتایبەتی، وەرزشوان یا یاریزان جا لە هەر بوارێكی وەرزشی بێ یاخود هەر یارییەكی وەرزشی ئەنجام بدات، جگە لەوەی وەرزشەكە دەكات، بەڵام بە بەشداریكردنی لە خول و پاڵەوانێتییەكان ناوی خۆی و وڵاتەكەی بەرز دەكاتەوەو لە رێگای وەرزش خزمەت بە گەل و خاك و نیشتمان دەكات، بۆیە كاتێكیش تەمەنی گەورە دەبێ و واز لە یاریكردن دێنێ جا بەهەر هۆیەك بێ، لەسەر حكومەت پێویستە ئاوڕێكی جددی لێ بداتەوەو ژیانێكی باشی بۆ فەڕاهەم بكات بەتایبەتی لە ڕووی خانوو شوێنی نیشتەجێ بوون، چونكە ئێستا چەندین وەرزشوانی دێرینمان هەیە لە ژیانێكی كۆلە مەرگی دەژین و كرێچین و توانای بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵیان نییە، لەكتێكدا كە گەنج بوون خزمەتێكی زۆری ئەم نیشتمانەیان كردووە، یا كاتێ وەرزشوانێك تووشی ڕووداوێك یا نەخۆشییەك یا هەر حەڵاتێكی دیكەی نەخوازراو دەبێت، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هاوكاری بكات، نەوەك بەبەر چاوی خۆمانەوە مردن و كۆچی دوایی وەرزشوانانمان دەبینین، كە چۆن بە هەژاری و بێ كەسی سەر دەنێنەوە.
تەنانەت پرسەكانیشیان بەو جۆرە ئاوەدان نییە كە شایەنی رۆژێكی خزمەتكردنی ئەو وەرزشوانە بێت كە پێشكەشی كردوەو ژیان و گەنجێتی خۆی لە پێناویدا بەخت كردوە، لەكاتێكدا لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئەوروپا تەواو پێچەوانەیە، دوای وازهێنانی لە یاریكردن پۆستێكی كارگێڕی لە یانەكە پێ دەدرێت، كە تەمەنیشی گەورە دەبێت مووچەیەكی بەردەوامی بۆ دابین دەكرێت، ئەگەر تووشی ڕووداێك بوو تەواو هاوكاری دەكرێت، ئەگەر كۆچی دوایی كرد جگە لەوەی ڕێزی لێ دەگیرێت و ناوی پیرۆزو گەورە دەبێت تەنانەت مووچە بۆ ماڵ و منداڵیشی تا مردن مسۆگەر دەكرێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە چیتر وەرزشوانانمان بە هەژاری و بێ دەنگی سەرنەنێنەوەو پێش مردن ژیانێكی خۆشیان بۆ دابین بكرێ و دوای مردنیش ناوی بە زیندوێتی بمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو