وەرزشوانێكی تورك هێرش دەكاتە سەر ئەردۆغان و ئەویش هەڕەشە لە یوفا دەكات

وەرزشوانێكی تورك هێرش دەكاتە سەر ئەردۆغان و ئەویش هەڕەشە لە یوفا دەكات

زاری كرمانجی-ئاژانسە هەواڵە وەرزشیەكان: یاریزانێكی باسكە كە خەڵكی توركیایە، رەخنەی توند لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری وڵاتەكەی دەگرێت، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەشكركێشیەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجامیداوە.
ئەنەس كانتەر، ئەستێرەی یانەی بۆستن سێڵتیكسی ئەمریكی كە یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی خولی باسكەی ئین بی ئەی ئەمریكی، كە بەناوبانگترین خولی باسكەیە لە جیهاندا، بۆ میدیاكانی ئەو وڵاتە قسەیكرد و رەخنەی لە ئەردۆغان گرت و گووتی" ئەردۆغان هیتلەری ئەم سەردەمەیە، چونكە ئەو رێز لە مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ئازادی ناگرێت، هیچ ئازادییەكی لە توركیا نەهێشتۆتەوە".
لە درێژەی قسەكانیدا ئەو ئەستێرەیەی خولی ئەمریكی لە بارەی كوردانی رۆژئاواوە گوتی" ئەوەی بەسەر كورددا دێت كارەساتێكی مرۆییە، من هاوڕێی زۆرم هەن كە كوردن و دەبێت توركیا هەرچی زوە ئەو ئۆپەراسیۆنە رابگرێت، چونكە چەندەها كەسی بێ تاوان و منداڵ و ژن بەهۆی ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیاوە لە ناوچوون".
ئەنەس لە توركیا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، پێشتریش باوكی بۆ ماوەیەك زیندانی كراوە، هەموو ئەمانەش لەبەر یەك هۆكار بووە ئەویش ئەوەیە كە گوایە ئەو یاریزانە پشتگیری لە فەتحوڵا گولەن دەكات، تەنانەت تەلەڤیزیۆنە توركییەكان بۆیان نییە هیچ یارییەكی ئێن بی ئەی پەخش بكەن ئەگەر لەو یارییەدا ئەنەس كانتەر بەشداری بكات .
لە لایەكی دیكەوە یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاری لێكۆڵینەوە و سەپاندنی سزای دا بەسەر هەڵبژاردەی نیشتیمانی توركیا بەهۆی ئەنجامدانی سڵاوی سەبازی لەمیانەی یارییەكانی پاڵاوتنی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا، ئەردۆگانیش هەرەشەی كردو گووتی" پێویستە یوفا ئاگاداری رەفتارە چەوتەكانی بێت".
ئەمەو سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گووتی" كاتێك سەرەی هەڵبژاردەی توركیا و یاریزانەكانی دێت، یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا، هەڵوێستی دەگۆرێت, پێویستە یوفا ئاگاداری رەفتارەكانی بێت و كارو بارەكانی بە ئاقارێكی سیاسیدا نەبات, یاریزانەكانمان بەبۆنەی سەركەوتنێكی نیشتیمانیەوە ئاهەنگیان دەگێڕا و خۆشی خۆیان دەردەبری، ئەوە مافی خۆیانە".
ئەوەبوو مانگی ئەیلولی رابردوو لە میانی یاریەكانی پاڵاوتنی جامی نەتەوەكانی ئەوروپای 2020، كە هاوكات بو لەگەڵ لەشكركێشیەكانی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاڤا، یاریزانانی توركیا بۆ پیشاندانی پشتگیری خۆیان بۆ پەلامارەكانی توركیا لەناو یاریگەكاندا سڵاوی سەربازیان ئەنجامدەدا.

زۆرترین بینراو