وەزارەتی ئەوقاف: نابێت ماموستای ئاینی لە دەرەوەی دادگا بەهیچ شێوەیەك ژن مارە بكات

وەزارەتی ئەوقاف: نابێت ماموستای ئاینی لە دەرەوەی دادگا بەهیچ شێوەیەك ژن مارە بكات

رەمەزان هەرنی- هەولێر : لە كوردستان لەم ساڵانەی دوایدا هاوسەر گیری مسیار زیادی كردووە كە پیاوان بە دزیەوە ژنێك و زیاتر لە ژنێك لە لای ماموستا ئاینییەكان لەخۆیان مارە دەكەن, وەزارەتی ئەوقاف لە حكوومەتی كوردستان ئاشكرا دەكات, دەیانەوێت ئەم كارە بە یاسا رێكبخرێت و دادگا هەر بڕیارێك بدات ئەوان جێبەجێ دەكەن .
نەبەز ئیسماعیل, وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" بابەتی هاوسەرگیری مسیار لە كوردستان پرۆژەیەكە و دراوەتە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هێشتا نەبووە بە بڕیار, هاوسەرگیری مسیار پەیوەندی بە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای كوردستانەوە هەیە, هەر بڕیارێك بدات و لە هەمانكاتدا دادگای هەرێمی كوردستان وەك لایەنی یاسایی هەر بڕیارێك بدات ئێمە وەك وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە حكوومەتی كوردستان جێ بەجێی دەكەین".
نەبەز گووتیشی" ئەولەوییەتی ئێمە دادگا و یاسایە، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەوان بڕیارێكی وا دەدەن لە بەرژەوەندی ئاین و خەڵك دا بێت".
نەبەز ئەوەشی گووت " نابێت بە هیچ شێوەیەك مامۆستای ئاینی لە دەرەوەی دادگا ژن مارە بكات، هەموو مامۆستایانی ئایینیمان ئاگادار كردۆتەوە، كە پێویستە كچ و كوڕ یا ژن و پیاو، سەرەتا رێكارە تەندروستییەكان و یاساییەكان كۆتایی بێنن، دواتر ماموستای ئایینی لەیەكتریان مارە بكات".
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەو قاف ئەوەشی خستەڕوو " ئێستا هیچ مامۆستایەكی ئاینی بەبێ بڕیاری دادگا مارەیی بۆ هاوسەرگیری مسیار ناكەن و ئەو بەرپرسیارییەتییە هەڵناگرن ، لەبەر ئەوەی نەخۆشی زۆر بووە، بەتایبەتی نەخۆشییە گوازراوەكان".

زۆرترین بینراو