وەزارەتی كارەبا چوار پڕۆژەی گەورەی بە دەستەوەیە

وەزارەتی كارەبا چوار پڕۆژەی گەورەی بە دەستەوەیە

ئا: ڕائیب شێروانی: لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 567 هاوبەشی كارەبا هەن، هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان 952 ملیار دینار بە هەموو جۆرەكانیەوە قەرزداری كارەبان. بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم دەڵێ:" رەوشی كارەبا زۆر باش بووە و ئێستا دەتوانین زیاتر لە 20 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان بدەین، بۆ باشتكردنی رەوشی كارەبا وەزارەت چوار پڕۆژەی گەورەی بە دەستەوەیە.
ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 570 هەزار هاوبەشمان هەیە، تەواوی ئەو هاوبەشانە تا نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، 952 ملیار دینار بە هەموو جۆرەكانیەوە قەرزداری وەزارەتی كارەبان.
بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم جەختی لەوەشكردەوە:" لە كارنامەكەمان باس كردووە چوار پڕۆژەی گەورەمان بە دەستەوەیە، پڕۆژەی یەكەم ئەوە دەستمان پێ كردووە، كە دانانی پێوەری زیرەكە، ئەوەی دیكە زیادكردنی بەرهەم هێنانە لەرێگەی زیادبوونی بەرهەمی غازی سرووشتییەوە، هەروەها چاوەڕوانی وێستگەی خەبات دەكەین، كە وێستگەی حكوومەتی هەرێمە كە ئێستا لە تێستدایە، هەروەها بەستنەوەی هێلەكانی تۆڕی كارەبا بە شێوەیەكی گشتی 132 كەیڤی و 11 كەیڤی، هەموو ئەمانە لە كارنامەكەی وەزارەتدا هاتوونە و پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كراوە.
ئومێد محەمەد، گووتیشی:" رەوشی كارەبا زۆر باش بووە و ئێستا دەتوانین زیاتر لە 20 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان بدەین، لە داهاتوودا باشتر دەبێت، نزمی ڤۆڵتیە لە گوندەكان ئەوە پەیوەندی بە پارەوە هەیە، دەبێت بەرچاومان روون بێت، بەرامبەر بە پلانەكانی ئێمە حكوومەت چەند پارەمان پێ دەدات، پەیوەندی بە بودجەوە هەیە ئۆمێد دەكەین حكوومەت بۆ ساڵی داهاتوو بڕە بودجەیەكی دیاری كراو بۆ وەزارەتی كارەبا دابنێت، بۆ ئەوەی بەلایەنی كەم ئەو پلانانەی كە لە ماوەی رابردوو راوەستابوون دەست پێ بكەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی كە لە گوندەكان هەن چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە".

زۆرترین بینراو