وەزارەتی پەروەردە لەنێوان تاقیكردنەوە و ئەنجامی تاقیكردنەوەدا

وەزارەتی پەروەردە لەنێوان تاقیكردنەوە و ئەنجامی تاقیكردنەوەدا

ساڵانە لە قۆناغی 12 ی ئامادەیی كە قۆناغێكی چارەنووس سازی قوتابییانە، هەڵەی پەڕاوی تاقیكردنەوە و پرسیار دانان و ئەنجامی تاقیكردنەوەكان دووبارە دەبێتەوە، ئەوەی لەم راپۆرتە زیاتر تیشك دەخەینە سەر سێ پرسیارە كە بریتین لە، هەڵەی تاقیكردنەوە و ئەنجامی تاقیكردنەوە، جیاوازی ڕێژەی دەرچوونی زانستی و وێژەیی، بەپێوەر زانینی نمرە بۆ قوتابییان بۆ سەركەوتن، كە پەیوەستە بە خوێندنی قوتابییانی پۆلی12 ی ئامادەیی، بۆ ئەو مەبەستە را و بۆ چوونی مامۆستایان و قوتابییانمان وەگرتووە.
راپۆرت: حەسەن هاشم – زاری كرمانجی
لەسەرەتادا محەممەد ساڵح پێندەڕۆیی، نوسەری بواری پەروەردە لە وەڵامی پڕسیارەكانماندا دەڵێت: بەداخەوە، تا ئێستا وەزارەتی پەروەردە، نەیتوانیوە بە تەواوی كۆنترۆڵی هەڵەی تاقیكردن و هەڵەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بكات، بۆیە ساڵانە ئەم هەڵە و كێماسییانە دووبارە دەبنەوە، دەربارەی هۆكاری بەرزی ڕێژەی دەرچوونی زانستی و نزمی ڕێژەی دەرچوونی وێژەیی چییە؟ مامۆستا محەممەد پێندەڕۆیی گووتی " زۆربەی قوتابییە زیرەكەكان روو لە بەشی زانستی دەكەن، هەروەها لەلایەن كەسوكارەكانیشیانەوە قوتابییان زیاتر بۆ بەشی زانستی هان دەدرێن، چونكە لەم چەند ساڵەی دواییدا، قوتابییەكانی بەشی ئەدەبی زۆر كەم لە زانكۆكان وەرگیراون، نەخاسمە زانكۆ حكوومییەكان، مەگەر نمرەكەیان زۆر بەرز بووبێت، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، زۆربەی كۆلیژ و پەیمانگە باشەكان، تایبەتن بە بەشی زانستییەوە. سەبارەت بە بەدەستهێنانی پلە بەرزیش، بۆ چەند فاكتەرێك دەگەڕێتەوە، یەكەم: زیرەكی و شەونخۆنی خودی قوتابییەكە، دووەم: گرنگیدانی كەسوكاری قوتابی بە قوتابییەكە، لە رووی دابینكردنی مامۆستای تایبەت و پێداویستییەكانی دیكە. سێیەم: قوتابییە زیرەكەكان زیاتر ئەو قوتابخانە نموونەیانە هەڵدەبژێرن كە ئاستێكی بەرزیان هەیە و مامۆستای باشیان هەیە، بەڵام قوتابییەكانی بەشی ئەدەبی زیاتر بۆ دەرچوون دەخوێنن، نەك بەدەستهێنانی نمرەی بەرز.
ئەم نووسەرەی بواری پەروەردە گووتیشی" پێم وایە نمرە هیچ كاتێك پێوەری جیاكردنەوەی قوتابی سەركەوتوو سەرنەكەوتوو نییە، چونكە زۆرجاری وا هەبووە قوتابی زۆر زیرەكیش بووە، بەڵام بەهۆی هەندێ كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، نەیتوانیوە نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، قوتابیش هەبووە، لە تاقیكردنەوە بە شێوەی جۆراوجۆر یارمەتی دراوە تا نمرەیەكی بەرزی بەدەستهێناوە، نەك بە زیرەكی خۆی بەدەستی هێنابێت، واتە نمرەكەی ساختە بووە، بەڵام چاوپۆشی لێكراوە. حەسەن ئامانج یەكەمی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و قوتابی پۆلی 12 ی ئامادەیی بە كۆنمرەی 100، لە وەڵامی پرسیارەكانی زاری كرمانجی گووتی" سەبارەت بە هەڵەی پڕسیار و ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، ئەم ساڵ لە پڕسیارەكان بۆمان دەركەوت كە وەزارەت نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی پرسیاری بێ هەڵە دابنێت و هەڵەی تیا نەبێت، پرسیارەكان باش بوون بەڵام بێ هەڵە و كەم و كوری نەبوون، بەڕای من زیاد لە پێویست شتەكە گەورە كرا لە باسكردنی بوونی هەڵە نەدەبوایە وابێت، هۆكارەكەشی قوتابییان گەشبین بوون بەم وەزیرە لەسەرەتای هاتنی بۆ وەزارەتی پەروەردە، كە دەبوایە وردتر بوو نایە لە دانانی پرسیار و لەناو خودی پڕۆگرام پرسیاریان هێنابایەوە. دەربارەی جیاوازی ئاستی دەرچوونی وێژەی و زانستی ئەم قوتابییە دەڵێت" دەربارەی وێژەیی قسە ناكەم چونكە شارەزاییم نییە لێی، بەڵام بەڕاستی قەرەبوویەكی زۆری قوتابییان كرایەوە بە نمرە كە نەدەبوو بەو شێوەیە بێت، لە هەمان كاتدا ئەو بەخشینی نمرەیە زەرەرێكی زۆری بەو قوتابییانە گەیاند كە نمرەیان سەرووی 97-98-99 بوو، چونكە قوتابی هەبوو زۆر سوودی لەو نمرانە وەرگرت، قوتابیش هەبوو هیچ سوودی لەو پرسیارانە نەبینی كە نمرەی تیا بەخشرا، بۆیە دەبینین ڕێژەی دەرچوون زۆر بەرزە لە زانستی. هەروەها سەبارەت بە نمرە پێوەربوون بۆ شكست و سەركەوتن حەسەن ئامانج دەڵێت" زۆر ئەو پرسیارەم لە چاوپێكەوتنەكان رووبەڕوو كراوەتەوە، نەخێر بەهیچ جۆرێك نمرە پێوەری سەركەوتنی قوتابی نییە، بەڵام یەكێكە لە ڕێگاكانی سەركەوتن كە قوتابی دەتوانێت بەكاری بهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی، نەوەك نمرە وەك ئامانج بەكار بهێنێت، بەڵكو ڕێگایەكە، هەروەها مەرج نییە كە قوتابی نمرەی بەرزی نەهێنا واتە سەركەوتوو نەبووە، بەڵكو قوتابی هەیە نمرەی كەمیش دەهێنێت بۆ نموونە دەچێتە بەشێك دەبێتە مامۆستا لە بواری خۆی دەبێتە باشترین مامۆستای سەركەوتوو یاخودئەندازیار یان دەبێتە باشترین دوكاندار، هەر كارێكی تر، بۆیە نمرە پێوەری سەركەوتن نییە بەڵكو ڕێگایەكە بۆ سەركەوتن.
زوهدیە عبدالله كە قوتابی پۆلی 12 ی ئامادەییە، هەروەها یەكەمی سەر ئاستی پەروەردەی سۆرانە، دەربارەی هەڵەكانی وەزارەتی پەروەردە لە تاقیكردنەوە و ئەنجامەكان دەڵێت: ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان هەنگاوێ بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینی ، لەم بارودۆخەی تەندروستییەی كە جیهانی گرتۆتەوە، توانی بە سەركەوتوویی پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی پۆلی 12 بەڕێوە ببات وە ئاستی پرسیارەكانیش بە گشتی گونجاو بوون ، سەرەڕای بوونی هەندێ كەم و كورتی لە دانانی پرسیارەكان، بەڵام جێی خۆشبەختی بوو گوێ لە قوتابییان و مامۆستایان گیرا و بەزیادەوە قەرەبوو كرانەوە بگرە زێدەڕۆییش كرا، لەگەڵ ئەوەی ساڵانی ڕابردوو هەڵەی زۆر ئاشكرا هەبوو لە دانانی پرسیار و دەنگی قوتابییانیش بە كەس نەدەگەیشت و ڕەنج بە خەسار بوون ، ئەمە هەنگاوێكی باش بوو ئەمساڵ، بەڵام ئێمە هەمیشە چاومان لە باشتر و باشترەو دەتوانین لەوەی ئەمساڵ باشتر بكەین.
هەروەها دەربارەی جیاوازی ئاستی دەرچوونی زانستی و وێژەیی ئەم قوتابییە دەڵێت" ساڵانە نمرەكانی بەشی زانستی بەرزترن لە نمرەكانی بەشی وێژەیی ، من خودی خۆم وەك قوتابییەك ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە كە بابەتەكانی بەشی وێژەیی زۆربەی لەبەركردنە و بەمەش قوتابی ماندوو وە بێزار دەبێ ، هەرچی بەشی زانستییە بابەتی فیكری و لەبەركردن و شیكاركردنی تێدایە بەشێوەیەكی هاوسەنگ كە وادەكات قوتابی كەمتر توشی بێزاری ببێت. دەربارەی بەپێوەر دانانی نمرە بۆ سەركەوتن و شكستی قوتابی دەڵێت: بێگومان نەخێر، توانای گشت قوتابییان لەسەر كاغەز دیار ناكرێ ، قوتابخانە دەرگایەكە بۆ گەشتن بە ئامانجەكانی تاكە كەس ، گەر لەو دەرگایەش نەبێت ، قوتابییان دەتوانن لەدەرگای ترەوە بۆ ئامانجەكانیان بڕۆن.
مامۆستا ككشار زەینەل كە بەڕێوبەری ئامادەیی قوتابخانەیەكی ناحكومیە لە وەڵامی پرسیارەكان بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" بەداخەوە هەڵەی پرسیارەكان خەریكە دەبێتە دیاردە ، ساڵانە چەند بارە دەبێتەوە، كە ئەمەش بارێكی دەروونی خراپ لەسەر قوتابی دروست دەكات، سەبارەت بە ڕێژەی دەرچوونی زانستی و وێژەیی بەرای من دوو سەرەیە بەشی هەرە زۆری قوتابییە زیرەك و بەهرە مەندەكان بەشی زانستی هەڵدەبژێرن، بۆیەش نمرەی زیاتر لەو بەش دەبێت ،هەرچی وێژەییە زیاتر قوتابی لەسەر دەرخكردن واتە (ئەزبەركردن) راهاتووە ئەمەش وادەكات قوتابی دووچاری هەڵەكردن بێت بە پێچەوانەی زانستی زیاتر تێگەیشتن و تێڕامانە.
بۆ دیار كردنی نمرە وەك پێوەری زیرەكی قوتابی ئەم بەڕێوەبەرە دەڵێت " نمرە بەهیچ شێوەیەك پێوەر نییە بۆ سەركەوتن و شكست، گرنگ ئەو ئامانجەیە كە قوتابی هەیەتی گەیشتن بە ئامانجەكەی كلیلی سەركەوتنە. لەكۆتایدا مامۆستا ككشار گووتی" هیوادارم وەزارەتی پەروەردە، لەمەودوا بتوانێت ساڵانە پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی دوانزدە، بە هەردوو بەشەكانییەوە، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و سیستماتیك ئەنجام بدات و دوای وردبوونەوە، ئینجا ئەنجامەكانی رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی غەدر لە هیچ قوتابییەك نەكرێت و كەس تیایدا زەرەرمەند نەبێت.

بیروڕا

زۆرترین بینراو