وەزیری ناوخۆ: گۆڕانكاری لە پۆستەكانی دیكەشدا دەكەین

وەزیری ناوخۆ: گۆڕانكاری لە پۆستەكانی دیكەشدا دەكەین

وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو شوێنانەی پێویستیان بە نوێكردنەوە بێت، گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت، چ لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و چ بەڕێوەبەرەكانیش. هاوكات جەختیشی لەوە كردەوە، كە لێكنزیكییەكی باش لە نێوان سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراقدا هەیە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ راگەیاندنەكان، ئاماژەی بەوە دا، كە هێشتا گۆڕانكاری لە پارێزگای دهۆكدا نەكراوە، هاوكات جەختیشی لەوە كردەوە، كە لە پۆستەكانی خوارەوەش گۆڕانكاری دەكرێ، گەر پێویست بێت.

وەزیری ناوخۆ روونیشی كردەوە، كە بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ شاندێك بگاتە هەولێر و لەسەر ئاستی باڵا پێشوازییان لێ دەكرێت، ئەوەیشی گوت، كە شاندەكەی بەغدا لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كۆدەبنەوە و سەردانی سەرۆك مەسعوود بارزانیش دەكەن.

لەمەڕ رێككەوتنەكانی هەرێم لەگەڵ ناوەند، رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە، كە هەنگاوی باشیان لەگەڵ بەغدا بڕیوە، هاوكات لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و ئەو شاندەی لەگەڵیان لەسەر هێڵن، پەیوەندییەكی باشیان هەیە، هەروەها لە نێوان سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی بەغدا پەیوەندییەكی باش هەیە، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە بڕیار بووە تیمێكی تەكنیكیی دارایی هەرێم سەردانی بەغدا بكەن، بەڵام بە هۆی گەشتی سەرۆكوەزیران و جێگرەكەی، بۆ كاتێكی نزیك دواخراوە.

زۆرترین بینراو