پاراستنی هاوسەنگی نێوان ئەمریكا وئێران، باشترین بژاردەی كوردە

پاراستنی هاوسەنگی نێوان ئەمریكا وئێران، باشترین بژاردەی كوردە

مەشخەڵ كەوڵۆسی، سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد- بۆ پەرەپێدانی سیاسی، لە دیمانەیەكی تایبەتی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر بارودۆخی ئێستای عێراق و كاریگەرییەكانی گورزی سەربازی ئەمریكا بۆ سەر قاسمی سولەیمانی و وەڵامدانەوەی ئێران بە مووشەكی بالیستی و دەڵێت: لەم هەلومەرجەی ئێستا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕی پێویستە كورد سوود لە دەرفەتەكان وەربگرێت.ئەو، بەپێچەوانەی زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی كورد پێی وایە لەدوای كوژرانی قاسمی سولەیمانی، پارتە سیاسیە كوردەكان لە ئێران نزیكتر دەبنەوە و دەڵێت: "لەدوای كوژرانی حاجی قاسم، ئیدی دەرگای بەردەوامی بۆ سیستەمی حوكمی ئێران دەكرێتەوە، یەكێك لەدۆسیەكانی ناكۆكی ئەوان لەگەڵ ڕۆژئاوا تەسویە كراوە، ئەمەش هانی حیزبە كوردییەكان دەدات زیاتر خۆیان لەكۆماری ئیسلامی نزیك بكەنەوە".
تویتەكانی دۆناڵد ترەمپیش كە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، بە هۆكارێك بۆ سەرقاڵكردنی میدیا جیهانییەكان دەزانێت و پێی وایە لەدوای تویتەكان شتی دیكەی شاراوە هەیە.
دیمانە: كەریم سمكۆ
*سەرەتا با لە هێرشە مووشەكییەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێبكەم كە وەڵامدانەوە بوو بۆ كوشتنی قاسمی سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس و تاقمەكەی، ئایا خوێندنەوەتان بۆ ئەمە چییە و ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر فراوانی هێرشەكان و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان؟
- نەخێر، هێرشەكانی ئێران بۆ سەر دوو بنكەی ئەمریكی لە عێراق، ڕووداوێكی ڕەفتەنی بوون و هیچ ئاسەوارێكی دوورمەودا جێناهێڵن.
* پەرلەمانی عێراق هەر لەدوای كوژرانی قاسمی، پڕۆژە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی هاوپەیمانانی لە عێراق پەسەند كرد، ئەم پڕۆژەبڕیارە تا چەند عێراق بەرەو هەڵدێر و تونێلێكی تاریكتر دەبات؟ پێت وایە ئەمە جێبەجێ بكرێت؟
- پەسەندكردنی بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراق، زیاتر ڕەهەندێكی دەروونی هەیە، لەڕووی كردەیی وسیاسییەوە، هەلومەرجی جێبەجێكردنی نییە. لەڕووی شكڵیشەوە، بڕیارەكە و تەنانەت كۆبوونەوەی پەرلەمانیش بەبێ كورد و سوننە ئەوەندەیتر بڕیارەكەی لاوازكردووە. بەجۆرێك سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆیشی لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا گوتی: بەهۆی بەشدارینەكردنی كورد و سوننەوە خۆیشم دوودڵ بووم لەوەی بچمە كۆبوونەوەكەوە. جگە لەوەش ئەمە كاری پەرلەمان نییە بڕیار دەربكات، بەڵكو پێویستە ئەو دامەزراوەیە یاسا دەربكات. بەبڕوای من لەهەموو حاڵەتەكاندا بڕیارەكە هەم لاوازە و هەمیش دەرفەتی جێبەجێكردنی نییە.
* بەڵام سەرۆكی ئەمریكا لە بەرانبەر بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، هەڕەشەی سزای دارایی و سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر عێراق دەكات، واتا بەجۆرێك لە جۆرەكان پەرلەمانی عێراق كارێكی كردووە كە بچێتە چوارچێوەی یاسا، ئەگەر بڕیارەكە كەوتە واری جێبەجێكردن، چ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؟
- بڕیارەكە ناكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ئەگەر سیناریۆیەكی لەو جۆرە هەبێت دوو حاڵەتی دەبێت، یان ئەوەیە بەڕێكەوتن ئەمریكا دەچێتە دەرەوە، ئەوەیان هیچ ئاسەوارێكی نابێت، یان ئەوەیە بە بەكارهێنانی هێز دەكرێتە دەرەوە، وەك چۆن لەڤێتنام كرایە دەرەوە، لەو حاڵەتەدا هەر كاردانەوەیەكی ئەمریكا كوردستانیش دەگرێتەوە، چونكە لەڕووی یاساییەوە بەداخەوە تا ئێستا كوردستان لەلایەن عێراقەوە داگیركراوەو بەبەشێك لەو دەوڵەتە لەقەڵەم دراوین.
* ئینجا پرسیارەكە لێرە خۆی دەبینێتەوە، ئایا ئەمریكا هەروا بەئاسانی دەستبەرداری عێراق دەبێ؟ لەكاتێكدا بودجەیەكی زۆری لە عێراق خەرج كردووە و قوربانییەكی زۆری داوە؟
- نەخێر ئەمریكا دەستبەرداری عێراق نابێت، نەك تەنها بەهۆی خەرج كردنی بودجەوە، ئەگەرچی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سادەكردنەوەی پرسەكە هەمیشە دەڵێت بودجەمان سەرف كردووە بمان دەنەوە!! ئەو جۆرە لێدوانە بۆ ئەوەیە ئەقڵی سادە و ساویلكەی خەڵكی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگەیەنێت. دەنا هۆكاری ڕاستەقینەی پاشەكشە نەكردن لەعێراق، بەهۆی ئاستەنگەكانی بەردەم هەژموونی ئەمریكایە لەسەدەی 21ـدا. بەتایبەتی لەدوای هەڵكشانی چین و زیندوو بوونەوەی ڕووسیا و كشانیان بەرەو ئاوەگەرمەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەبەرهێنانیان لەسەرچاوەكانی وزەدا. بۆیە ئەمریكا عێراق بەجێناهێڵێت.
*ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، بەرەو هەرێمی كوردستان دەكشێن و جێگیر دەكرێن، ئایا ئەمە دابەشبوونی عێراق ناگەیەنێت؟
- ئەو ئاماژانە خەیاڵی ئایدۆلۆژی ئێمەن، ئەگینا ئەمریكا ناكشێتەوە، بەڵام ئەگەر سەرلەنوێ دابەشبوونەوەی هێزەكانی لەعێراقدا بكات، ئاساییە بەشێكیان یان هەموو هێزەكانی بهێنێتە كوردستان، لەوحاڵەتەشدا مانای دابەشبوونی عێراق نییە.
*ئەدی پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، ناڕاستەوخۆ نابێتە مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتانەی كەنداو و هەرێمی كوردستانیش كە بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەمریكادا هەیە، لەهەمان كاتدا زەنگی مەترسیش نییە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسڕائیل؟
- بێگومان مەترسییە لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ وڵاتانی تری كەنداو ئەوە دۆسیەیەكی ترە. بەڵام سەبارەت بەئیسرائیل، نەخێر نابێتە مەترسی بۆ ئیسرائیل، چونكە پەیوەستەگی ئەو دوو وڵاتە پێكەوە ڕەگ و ڕیشە و سیاقێكی تری هەیە، زۆر جیاواز تر و گەورەتر و توندوتۆڵترە لەهەر پەیوەندییەكی تری نێودەوڵەتی، لەهەر جووڵەیەكی ئەمریكادا، زەمانەتی پاراستنی ئیسرائیل مەرج و بناغەی یەكەمە.
*لەونێوەندەدا هەرێمی كوردستان لەنێوان هەڕەشەكانی جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بكات و چۆن بتوانێت هاوسەنگییەك بداتە بەر ئەو كەشە ئاڵۆزەی هاتۆتە ئاراوە؟
- خۆشبەختانە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لەم دۆسیەیەدا دانایانە مامەڵە دەكات، پاراستنی هاوسەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران، كە تا ئێستاش دەیبینین، باشترین بژاردەیە بەدەستی كوردەوە. هاوكات لایەنگرینەكردنی هیچكام لە جەمسەرەكانی ململانێكە. واتە سیاسەتی بێ لایەنی. ئۆپشنە هەرە سەركەوتووەكەیە بۆ كورد.
*كوشتنی قاسم سلێمانی و دارودەستەكەی، ئەوە ناگەیەنێ پێویستە هەندێك لە لایەنە سیاسییە كوردەكان كە دەستییان هەبوو لە خیانەتی 16 ی ئۆكتۆبەر و هەژموونی ئێران لەناوچەكەدا، بە پەیوەندییە سیاسیەكانیان لەگەڵ ئێراندا بچنەوە؟
- نا، من پێموانییە كوشتنی حاجی قاسم سلێمانی بەو جۆرەی كە بینرا، پەیوەندی بە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هەبێت، هەر بۆیە پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ هێز و لایەنە كوردستانییەكان لەدوای كوژرانی حاجی قاسم توندوتۆڵتر دەبن، وەك لەپێش كوژرانی ناوبراو، ئەوەش فاكتەری خۆی هەیە، بەشێكی پەیوەندی بەدڵنیایی زیاتری كۆماری ئیسلامییەوە هەیە لە ئۆقرەیی سیستەمی حوكم و تێپەڕاندنی تەنگژە هەرە گەورەكە. لەدوای كوژرانی حاجی قاسم، ئیدی درگای بەردەوامی بۆ سیستەمی حوكمی ئێران دەكرێتەوەو، یەكێك لەدۆسیەكانی ناكۆكی ئەوان لەگەڵ ڕۆژئاوا تەسویە كراوە. واتە سیستەمەكە بەردەوام دەبێت، ئەوەش هانی حیزبە كوردییەكان دەدات زیاتر خۆیان لەكۆماری ئیسلامی نزیك بكەنەوە.
* لەدوای گورزی ئەمریكا بۆ سەر قاسمی و ئەبو مەهدی و دارودەستەكەی، زۆر لە چاودێران و هەتا ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكاش دەڵێن پێویستە هەرێمی كوردستان دەرفەت لەو بارودۆخەی عێراق وەربگرێت، كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان بیر لە كارتی ئەنجامی ریفراندۆم بكاتەوە؟
- كێشەكە ئەوەیە پرۆسەی سەربەخۆیی ببەستیتەوە بە مووچەوە، دەبێ خەڵك بزانێ كەتۆ دەوڵەتت درووستكرد، ڕاستەوخۆ دراوی تایبەت بەخۆت دەردەچوێنیت و، بەو پارەیە مووچەو هەموو ژیان بەڕێوەدەبەیت، ئیتر نابێ بترسین لەوەی عێراق پارە نانێرێت، دەی خۆ حەتمیە كەتۆ جیابویتەوە ئیتر پارەی عێراقی بۆتۆ نانێردرێت و تۆ پارەی خۆت دەردەچوێنیت. ئەوە پرسێكی زۆر سادەیە، لەچاو گەورەیی دۆسیەی دەوڵەت. پێویستە بچوكترین دەرفەت لەدەست نەدەین.
*سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژانە بە دەیان تویت دەكات، پێت وانییە هەڕەشەكانی ترەمپ لە بەرانبەر ئێران، بەشێك لە عێراق وەك باكوری سوریا كە بە ئاسانی ڕادەستی توركیای كرد، ئەم سیناریۆیەش دووبارە بكاتەوە؟
- تویتەكانی ترامپ، زیاتر بۆ شەقام و سەرقاڵكردنی میدیاكانی جیهانن، ئەوەی لەژێر پەردە دەگوزەرێت شتێكی ترە. پاشان هەموو جوڵەكانیان لەگەڵ ئێران، ڕێكەوتنی دوو لایەنی لەسەر كراوە. سەبارەت بە ئاسانی ڕادەستكردنی ناوچەیەك، دوبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆی باكوری سوریا لە عێراق، ئەوە بەدوور دەزانرێت، چونكە لەئاستە گەورەكەدا سوریا بەپشكی ڕووسیا دەبینرێت و عێراق بەپشكی ئەمریكا، هەر كارێكی ئەمریكا لە سوریا لە قازانجی ڕووسیا كەم دەكاتەوە، بۆیە ئاساییە مامەڵە بەپشكی ئەوی ترەوە بكات، بدرێتە دەست توركیای ئەندامی ناتۆ، باشترە تا لەژێر ڕكێفی ڕووسیادا بێت. هەمان سیناریۆ لەعێراق دووبارە نابێتەوە، چونكە لەلایەك نەوتی هەیە، لەلایەكی تر پشكی خۆیەتی و لێ نادات بە وڵاتی تر، سێیەم هۆكاریش ئەوەیە ئێران توركیا نییە كە ئەمریكا بەنزیكتر لەخۆی ببینێت وەك لە وڵاتی سێیەم.
*یەكگرتووی نێوماڵی كورد و سەركردایەتی سیاسیی كورد تاچەند گرنكە لەم بارودۆخەی ئێستا؟
- لەو بارودۆخەی ئێستا هاتۆتە كایەوە كە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، یەكگرتووی نێوماڵی كورد، لەهەموو چركەیەكدا، لەژیان و مردندا، لەمانەوەو لەناوچووندا، لەهەموو شتێكی ترگرنگترە.
*هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، كە ئێستا دەستەڵاتی بەغدا لەبەردەم چارەنووسێكی نادیاردایە؟
- كورد پێویستە ئەوە بزانێت كەلە هەموو بارودۆخێكدا دەستەڵاتی داگیركەر یاری بەكات دەكات. پێویستە كورد ڕێگری لەو یاریكردنە بكات و تەواو بە ڕاشكاوی و كۆنكرێتی مافە نەتەوەییەكانی خۆی داوا بكات، نابێ تەنها چاو ببڕێتە داوای مووچە و شایستەی دارایی. ئەوە بچوككردنەوەی كێشەی كوردە بۆ خاڵێكی زۆر بچوك. دابیینكردنی مووچە ئەركی هەركەسێكی خاوەنكارە بۆ كرێكار و بەردەستەكانی. كورد بەردەستی هیچ كەس نییە، كورد خاك و ئایندەی داگیركراوە. پێویستە ململانێكە ببەینەوە نێو قاڵبی سروشتی خۆی.

زۆرترین بینراو