پارتی دیموكراتی كوردستان دەقی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاو كردەوە

پارتی دیموكراتی كوردستان دەقی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاو كردەوە

 

دوای ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی، پێچەوانەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، لە رۆژی 28-5-2019 دەنگی بە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا، سەركردەكانی ئەو حزبە باسیان لە نەبوونی رێككەوتن لەگەڵ پارتی كرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە 2-6-2019، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەقی رێككەوتنی حزبەكەی لەگەڵ یەكێتی بڵاو كردووەتەوە.

دەقی رێككەوتنەكە:

رێككەوتنی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

لە روانگەی هەست بە بەرپرسیاریەتی و پارێزگاری لە دەستكەوتەكانیگەلەكەمان, كە بە خوێن و خەباتی چەندین ساڵە هاتوونەتەدی, هەروەها ئەزموونی درێژی خەبات و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بۆ زیاتر برەوپێدانی دەستكەوتەكان و لەبەرچاوگرتنی خوێنی شەهیدان و دابینكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ كوردستان و یەكریزی گەلی كوردستان و زامنكردنی مافە دەستوورییەكان و گێڕانەوەی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان, هەردوولا گەیشتینە ئەم رێككەوتنە سیاسیە.

1- هەردوولا پابەند دەبن بە یەكێتی خاكی نیشتیمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان, قەوارە سیاسی و ئیدارییەكەی دەپارێزن و لە رووی دامەزراوەیی و حوكمڕانییەوە بەهێزی دەكەین.

2- هەردوولا لە بەرێوەبردن و بەهێزكردنی دامەزراوە دەستووری و یاسایی و كارگێڕییەكانی هەرێمی كوردستاندا شەراكەتی راستەقینە و كارا لە نێوانیان بونیات دەنێن, بە شێوەیەك كە دەسەڵاتەكان لە چوارچێوەی شەرعیەت دابن و پیادەكردنیان لە ئیرادەی گەل و دامەزراوە فەرمی و یاساییەكانەوە سەرچاوە بگرێت.

3- لە پێناو بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری و رووبەرووبوونەوەی مەترسیەكان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان, پێكەوە هەردوولا لە رێگای حكومەتی هەرێمەوە هەموو هەوڵەكانی خۆیان دەخەنەگەر بۆ دووبارە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ, بە شێوەیەك ببێتە مایەی یەكگرتنەوەی تەواوەتیان و باشتر رێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی دامەزراوە نیشتیمانییە پەیوەندیدارەكان.

4- هەدوولا بە تەواوی توانایانەوە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و چەسپاندنی زیاتری شەفافیەت و دژایەتی گەندەڵی و بەهێزكردنی رۆڵی دامەزراوەكانی چاودێری لە هەرێمی كوردستاندا, هەر هەنگاوێكیش بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە دانانی یاسا بێ, هەردوولا وەكو یەك تیم لە پەرلەمانی كوردستاندا كاری بۆ دەكەن.

5- هەردوولا پاڵپشت دەبن بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی هاوسەنگ و تێر و تەواوی ئەنجامدانی چالاكی ئیداری هەبێ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا.

6-
أ - هەردولا هەوڵدەدەن لە ماوەی خوڵی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەستووری هەرێمی كوردستان تەواو بكرێت و خواستە جیاوازەكان لە سەر سیستەمی سیاسی لە رێگای دەستوورەوە بە سازان چارەسەر بكرێت. هاوكات هەردوولا پاڵپشتی ئەوە دەبن بە رەچاوكردنی بەرنامەی چاكسازی مەركەزی, لەژێر چاودێری سەرۆكایەتی حكومەتدا (لامەركەزیەتی ئیداری) لەسەر بنەمای شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ یەكە كارگێڕییەكان كاری پێ بكرێت.

ب- تا ئیقراری دەستووری هەرێمی كوردستان, پڕۆژە یاساكانی كە رەهەندی نیشتیمانیان هەیە بە سازان ئامادە بكرێت, لەوانەش یاسای هەڵبژاردن.

7- هەردوولا لە رێگای حكومەتی هەرێمەوە هەوڵ و هەنگاوی هاوبەشیان دەبێ بۆ هەمەچەشنەكردنی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان, لە پاڵ نەوت و گاز, پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بە ئەولەوییەت وەردەگیردرێ, هاوكات رێكخستنەوەی سیستەمی بانكی و كەرتی وەزیفەی گشتی و دروستكردنی ئەنجوومەنی راژەو دروستكردنی سندوقی خانەنشینی, ئامانجی هاوبەشی هەردوولا دەبێت.

8- پارتی و یەكێتی كۆكن كە دامەزراوە یاساییە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بە شەفافی سامانی ژێرزەوی و نەوت و گاز بخەنە خزمەتی خەڵكی كوردستان و تەواوی ئەو یاسایانە لە پەرلەمانی كوردستان دەربچن كە لە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستاندا هاتوون, هەروەها پەلە بكرێت لە دروستكردنی سندوقی داهاتەكانی نەوت و گاز بە پێی ئەو یاسایەی كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە.

9- هەردوولا لە سەر ئاستی حكومەتی فیدراڵی هاوهەڵوێست دەبن لە پەیوەندی بە مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی تەواوی بنەماكانی سیستەمی فیدراڵی و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی پەیوەست بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و پرسی نەوت وگاز و بودجەی هەرێم و پێشمەرگە و ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی, ئەم هاوهەڵوێستیە لە رێگای دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرەكانمان لە دامەزراوە فیدراڵییەكان بەرجەستە دەكرێت, هەروەها دامەزراندنی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئامانجی هاوبەشی هەردوولا دەبێت.

10- هەردوولا پابەند دەبن بەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەر هەرسێ ئاستی عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت, هاوكات هەردوولا دیدگای هاوبەشیان دەبێت بۆ مامەڵەكردن لە گەڵ دەوڵەتانی دەورووبەر و چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان, ئەمەش بە رێزگرتن لە بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتی هاوبەش.

11- هەردوولا پابەند دەبن بە رێزگرتنی ماف و ئازادی پێكهاتە ئەتنیكی و ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان و رەخساندنی دەرفەتی بەشداریكردن لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستاندا.

12- هەردوولا هاوهەڵوێستن كە تیرۆر هەڕەشەیەكی بەردەوامە لە سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان, لە سەر ئەم بنەمایەش هەردوولا بەردەوام دەبن لە سیاسەتی هاوپەیمانێتی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵتی بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی.

13- هەردوولا هاوهەڵوێستن لە سەر ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی تەواو بدات بە رەخساندنی هەلی كار و باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك و پێشكێشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیان و باشتركردنی رەوشی مافەكانی مرۆڤ و مافی ژنان و ژینگەپارێزی.

14- سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەماهەنگ و یەك هەڵوێست دەبن لە پەرلەمان و ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت بۆ كاری پەرلەمانی لە نێوان هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی, هەردوولاش كۆكن كە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی سێیەم پێكهاتەكان بێت و بەڕاوێژ و هەماهەنگی دەستنیشان بكرێت و دابنرێت.

15- هەردوولا كۆكن لە سەر ئەوەی لە رووی دارایی وداهات و خەرجیە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان پێویستیان بە رێكخستنەوە هەیە, بۆیە لە رێگای پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دووبارە رێكخستنەوەی یاسایی و موئەسەساتیانەوە بۆ ئەم بوارە بكرێت, بە شێوەیەك ببێتە مایەی چەسپاندنی زیاتری شەفافیەت و دادپەروەری و هاوسەنگی لە ئیدارەدانی داهات و خەرجییەكان و سامانی گشتی وڵات.

16- پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسا بەركارەكان لە رێگای دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن:

أ- لە فەرمانگەی پەیوندییەكان و نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە و شاند و مەڕاسیم و بۆنە پڕۆتۆكۆلییەكان هاوسەنگی و بەشداری هەردوولا لە حكومەت پارێزراو دەبێت.

ب- لە خولی پێنجەمی پەرلەمان رێكخستنەوەی یاسایی بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت, بە شێوەیەك وەزیری هەرێم بۆ ئەم بابەتە دیاری بكرێت.

17-هەردوولا وەك یەك تیم كار دەكەن بۆ چارەسەركردنی ئەم رەوشە سەپێنڕاوەی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم, بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی باڵای هاوبەش لە نێوان هەردوولا پێكدێت بۆ پاڵپشتی حكومەتی هەرێم بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و جێبەجێكردنی مادەی 140 و چەسپاندنی ئیستحقاقی كورد لەم ناوچانە ئامانجی هاوبەشە هەردوولا دەبێت, بەم شێوەیەی خوارەوە:

أ- دیاریكردنی دۆسیەی تایبەت بە مادەی 140 ی دەستووری عێراق بە سەرجەم رێكارە یاسایی و ئیدارییەكانەوە لە سەر هەردوو ئاستی كەركوك و عێراق.

ب- دیاریكردنی دۆسیەی تایبەت بە ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیان و گوزەرانی ناو كەركووك.

ت- حكومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لە گەڵ حكومەتی فیدرال كاردەكات بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (جێناكۆكەكان), لە رووی سیاسی, ئیداری, سەربازی و ئەمنی.

ج- پڕۆسەی دانانی پارێگاری كەركووك لە پاشكۆی ئەم رێككەوتننامەیە دیاریكراوە.

18- پابەندبوونی هەردوولا بەم رێككەوتنە بە هەموو خاڵەكانیەوە پاڵپشتی حوكمڕانی سەرتاسەری كوردستان ئەركی هاوبەشی هەردوولایە و پێكەوەبوون بەردەوامبوونی شەراكەتی راستەقینە دەپارێزی و بۆ جێبەجێكردن و بەدواداچوونی ناوەڕۆكی ئەم رێككەوتنە لیژنەیەكی هاوبەش پێكدێت و مانگانە یان لە كاتی پێویست كۆدەبنەوە.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

4/3/2019

 

زۆرترین بینراو