پارتی لەبەردەم پیلانی نەیاران  و پێگەی بەهێزی جەماوەر

پارتی لەبەردەم پیلانی نەیاران و پێگەی بەهێزی جەماوەر

د. سانع شریف: سیاسەتی ئەوانەی دژی پارتی دەكەن سەركەوتوو نابێت بەوپێیەی كە خاوەن دەسەڵاتی شەرعی و یاساییە

رێكان مستەفا: هەندێ‌ لە حیزب و لایەنەكان لەپێناو دژایەتیكردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئامادەن هەموو تەنازولێك بۆ دوژمن بكەن

سالم عیسا: بەردەوام هەندێك كەس و لایەن ڕێنوێنی دوژمن بوونە بۆ لەناو بردنی دەستكەوتەكانی میللەتی كورد

راپۆرت: زاری كرمانجی
چالاكوانان و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە " ئەو حیزب و لایەنانەی ئێستا دژایەتی پارتی و حكومەت دەكەن، هەڵگری كۆنە قینن، لەپێناو دژایەتیكردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئامادەن هەموو تەنازولێك بۆ دوژمن بكەن، داواكاریشن بگەڕێنەوە سەر رێڕەوە راستەقینەو سرووشتەكەی خۆیان كە نەتەوەییە واز لە بەرژەوەندی تەسكی حیزبی خۆیان بێن و لە بەرەی گەلدا بن.
رێكان مستەفا گوێزڵینگەی، قوتابی بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە زانكۆی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند " پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتایی درووستبوونییەوە ئامانجی بەدیهێنانی ژیانێكی شایستە و پڕ لە شكۆبووە بۆ خەڵكی كوردستان، لەو پێناوەشدا هەزاران شەهیدی داوە و دەستكەوتی گەورەشی بۆ كوردستان بەدەست هێناوە. پارتی ڕەنگدانەوەی واقیعی راستەقینەی گەلی كوردستانە، چونكە لە ریفراندۆمی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە ٩٣% ـی خەڵكی كوردستان پەیامی خواستی سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان لە عێراق، بەهەموو جیهان گەیاند، پارتی هیچ كاتێك هەڵناگەڕێتەوە لە خواستی گەلی كوردستان.
رێكان، دەشڵێ:" راستە ئێستا بەهۆی لێكەوتەكانی بڕینی بودجەی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان زۆر خراپ بووە، بەڵام ئێمە لە پاڵ ماف و شایستە داراییەكانمان پرسێكی راستەقینەی نەتەوەییشمان هەیە، كە نابێت بەهیچ بیانوویەك پاشەكشەی لێ بكەین، ئەو حیزبانەی ئێستا دژایەتی پارتی و حكومەت دەكەن، هەڵگری كۆنە قینن، لەپێناو دژایەتیكردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئامادەن هەموو تەنازولێك بۆ دوژمن بكەن. ئەوانە هیچ كاتێك لەگەڵ كورد راستگۆ نەبووینە و هەر كامێكیان پێشبڕكییانە تا بەغدا و دووژمنانی كورد لەخۆیان رازی بكەن، خەڵكی كوردستان زۆر باش لە هەڵوێست و موزایەدە و پیلانەكانیان تێدەگات، كە هەموو ئامانجێكیان دژایەتیكردنی پارتی و پرسی نەتەوەیی كوردە لە عێراق، تەنانەت لەهەوڵی بەردەوامدان ئەو ئەزموونەی هەشە نەیهێڵن.
دەشڵێت " باشترین وڵام و پەرپەرچدانەوەی پارتی لەبەرامبەر ئەو حیزبانە ئەوەیە كە بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی و پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، چونكە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی زۆری لە پارتی هەیە و ئومێدێكی زۆریشیان بە كابینەی نۆیەم هەیە.
سالم عیسا مەحموود، نوسەرو چالاكوان بەزاری كرمانجی گووت " هاتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەل كازیوەی بەرەبەیان بۆ ئەوە بوو پەیامی كورد بگەیەنێت بە هەموو دنیا، پەیامی سەرۆك بارزانییە كە ئەمانجێكی دیاری كراوی هەیە ئەویش سەربەخۆی كوردستانە، بۆیە كە دەبینین لەهەموو بارودۆخە خۆش و ناخۆشەكانی كوردستان لە ڕابردوو و لەكاتی ئێستاشدا هەلوێستی حزبە كوردستانیەكان بەشێوازی جیاواز بینراوە و دەبینرێ تەنها هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێت كە لە هەموو ئەو ساتە خۆش و ناخۆشەكان لەگەڵ خەڵكی كوردستان بووە و بەتایبەتی لەهەموو ئەو كاتانەی هەوڵدراوە تارمای تاریكی لەلایەن دوژمنان بۆ سەر خەڵكی كوردستانەوە سەرتاپا بگرێ، هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك مەشخەلی ڕووناكی پێشڕەو بووە بۆ دەربازبوونی خەڵكی كوردستان لە تونێلە تاریكەكان، ئەوەی دەڵێم واقعێكی زۆر ڕاستە و هەموومان لە حاڵەتی ئێستاشدا هەست بەم هەڵوێستە بەرزەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین تایبەت لەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ".
ئەوەش دەخاتەروو " هەر لەسەرەتادا خۆی لەو ئیینتمایە زۆرەی ئەو سەركردە مەزنە دەبینێتەوە كە ئامانج و هەدەفی پارتی لە سەرەتای دروستبوونیەوە و دیاری كردووە و بەردەوام بوونیشی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە وەكو خۆی دەمێنێتەوە و هەلوێستی نیشتمانپەروەری و كوردایەتی پارتی بۆ هەمیشە ناگۆڕێت، ئەوەی لە بارو دۆخی دنیا تێ بگات لە هەموو كات و شوێنێكدا دوژمن هەمیشە وا لە مرۆڤ دەكات ماف و حەقیقەتەكان لە كەسی بەرامبەر تال بكات، بەڵام هەستی خۆش ویستنی خاك و خەڵكی كوردستان لەلایەن سەركردەكانی پارتی وایكردووە بتوانن خۆیان بەرامبەر هەموو تەحەددیە نەخۆشەكان بگرن و مەحاڵیشە واز بێنن لە بەرژەوەندیەكانی كوردستان و ئامانجە گەورەكان، هەموو ئەوانەش كە لە ڕابردوو لە قۆناغە جیاوازەكان لە پارتی دابڕاون نەیان توانیوە بەرگەی هەموو ئەو ناخۆشیانە بگرن كە پارتی هەلی دەگرێت لە بەرامبەر ئامانجە پیرۆزەكەی و بەردەوام بوونیشی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاترە، بۆیە هەوڵی ئەوەیان داوە لە پارتی دووربكەونەوە و بۆ بەرژەوەندیەكی كەمی خۆیان ملكەچی هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانە بن كە ئامانجیان لەناوبردنی كورد بووە، تەنانەت بەردەوام هەندێك كەس و لایەن ڕێنوێنی دوژمنیش بوونە بۆ لەناو بردنی دەستكەوتەكانی میللەتی كورد، لە كۆتایی دا پێویستە خەڵك ئەوە بزانێت كە پارتی داكۆكی لە مافەكانیان دەكات و بۆیە بەردەوام لەلایەن سەركردەكانی عێراق و ناوچەكە زۆرترین دژایەتی دەكرێت".
د. سانع شریف شێروانی، مامۆستای فاكەلتی یاساو زانستە سیاسیەكانی زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " لەكاتێكدا تاكە حیزب لە باشووری كوردستان كە داكۆكیكی لە مافەكانی گەلی كورد بكات پارتییە كەچی بەشێك لە حیزب و لایەنە ناوخۆییەكان دژایەتی پارتی دەكەن تەنانەت ئامادەن بچنە ژێر باڵی حكوومەتی عێراق و شتێك نەمێنی بەناو كوردایەتی.
ئاشكرایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی نەتەوەیی و نیشتمانیە، هەمیشە بەرگریكاری مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد بە گشتی و خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە، بۆ ئەمەش شۆڕەشەكانی وەكو ئەیلوول و گوڵان كە پارتی رابەرایەتی كرد دژی رژێمی بەعسی رووخاو سەلماندنی ئەم راستیەن، بێگومان ئەمەش بووە هۆی هێنانەكایەی هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی دواتریش فیدرالی وەكو كیانێكی دەستووری چەسپێنرا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەمەش بووە هۆی ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان ببێتە وەسیلەێك بۆ بەدەستهێنانی مافەكان كورد لە حكوومەتی عێراقی دا سەنگێكی بەهێزی یاسایی و شەرعی هەبێت لە ناو بڕیاری سیاسی عێراقدا بەو پێیەی كە پارتی یەكەمی كوردیە كە زۆرینەی دیموكراسی بەدەستەوەیە لەسەر ئاستی عێراق وە نوێنەرایەتی شەرعی گەورەترین كەمایەتیە لە عێراق كە كوردە، ئەمەش وای لە حكومەتەكانی عێراق كرد كە بەبێ پارتی نەتوانن سەركەوتوو بن، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە زۆربەی حیزبە كوردیەكانی تر دژایەتی بەرنامە و سیاسەتی پارتی دەكەن، كە ئەمەش بەمانای دژایەتیكردنی مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دێت، بە مانای تێكدانی یەكڕیزی نیشتمانی و نێوماڵی كورد دێت بە تایبەتی لە بەغدا، چونكە ئەم جۆرە سیاسەتەی ئەوان دژی پارتی پێموایە سەركەوتوو نابێت بەوپێیەی كە خاوەن دەسەڵاتی شەرعی و یاساییە، بریتیە لە سیاسەتی دوورخستنەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی".
گووتیشی " ئاشكرایە كە تا ئێستا حكوومەتی فیدرالی عێراق نەك مافە رەواكانی كوردی نەداوە بەڵكو پرسی كوردی لە پرسی مووچەدا قەتیس و بچووكردۆتەوە لە كاتێكدا پرسی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئەركێكی دەستووری حكومەتی فیدڕالە و كارێكی نادەستورییە ئەگەر دابینی نەكات، چونكە بەپێی دەستوور هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هاووڵاتی عێراقین، بۆیە بەگشتی پێویستە ئەمجۆرە حیزبانە كە دژایەتی سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمان پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن واز بێنن و بگەرێنەوە سەر رێڕەوە راستەقینەو سرووشتەكەی خۆیان كە نەتەوەییە واز لە بەرژەوەندی تەسكی حیزبی خۆیان بێن و لە بەرەی گەلدا بن.

 

زۆرترین بینراو