پارتی و یەكێتی هەرچی بكەن ناچارن لەگەڵ یەك كۆببنەوە

پارتی و یەكێتی هەرچی بكەن ناچارن لەگەڵ یەك كۆببنەوە

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا دواوە و ده‌ڵێت " هه‌ر ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی بگه‌نه‌ ئه‌نجام و ڕێككه‌وتن، حه‌ز ده‌كه‌ن جارێكی تریش ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌كوشتدانی كوڕی خه‌ڵك و وڵات كاولكردن و ئه‌مانه‌، هه‌ر ده‌بێت دابنیشن و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ حكومڕان بن له‌ كوردستاندا." سه‌باره‌ت به‌قسه‌كانی ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو "یه‌كێتی هیچ داواكارییه‌كی له ‌ئێمه‌ نه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ 24 كاتژمێر كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان دوابخه‌ین و به‌ڵێنییاندا وه‌هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتین كه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن) له‌وباره‌یه‌وه‌ شێخ جه‌عفه‌ر ده‌ڵێت" دوای ئه‌وه‌ی جۆرێك لێكتێگه‌یشتن هه‌بوو له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی بوو ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵپه‌سێرن و به‌شداری بكه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا."

"پارتی و یه‌كێتی به‌درێژایی مێژوو كێشه‌یان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌رپرسیارانه‌ بیرییان له‌بابه‌ته‌كان كردۆته‌وه‌"


له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی ڕایگه‌یاند " له‌ڕاستیدا نازانم مه‌سه‌له‌ی ئه‌م كێشانه‌ له‌سه‌ر چی هاتووه‌ به‌ڵام پارتی و یه‌كێتی به‌درێژایی مێژوو كێشه‌یان هه‌بووه‌، جاری وا هه‌بووه‌ كێشه‌كان گه‌یشتۆته‌ توندوتیژی به‌ڵام به‌رپرسیارانه‌ بیر له‌بابه‌ته‌كان كراوه‌ته‌وه‌ به‌بوونی "جه‌نابی مام جه‌لال و كاك مه‌سعود" توانراوه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ بكرێت و لێكتێگه‌یشتن ببێت و ئه‌و كێشانه‌ سارد بكرێته‌وه‌ هه‌تاوه‌كو گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنی ستراتیژی له‌نێوان جه‌نابی مام جه‌لال و جه‌نابی كاك مه‌سعود ئیمزا بكرێت و بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، من پێم وایه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ كاری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری و ژیانێكی خۆش و ئاسایشێكی باشی بۆ هه‌رێمی كوردستان دابینكرد. ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین له‌ كوردستاندا له‌دوای ئه‌و لێكتێگه‌یشتن و ئیمزای ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌بوو كه‌كرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار په‌نا ده‌برێت بۆ به‌ر میدیاكان یان سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و یان "په‌یج و مه‌یج" و ئه‌مانه‌ كه‌ قسه‌ی ناشیرین و نابه‌جێ به‌یه‌كتری ده‌وترێت كه‌ ئه‌وه‌ كارێكی خراپه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی باشی نییه‌ و جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵكیش نییه‌."

" بڕیاره‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌بووایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تربووایه‌"


سه‌باره‌ت به‌بڕیاری یه‌كێتی بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی له‌په‌رله‌مان، شێخ جه‌عفه‌ر ڕونیكرده‌وه‌" ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كرد و بڕیارێكی وایدا، من له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بووم به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرابێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك به‌بێ بنه‌ما ئه‌و بڕیاره‌یان نه‌داوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌بوایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر بووایه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا وه‌كو ئۆپۆزسیۆن بچنه‌ كۆبوونه‌وه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ به‌دڵیان نییه‌ له‌وێ ئۆپۆزسیۆن بوونایه‌، دوای ئه‌وه‌ی جۆرێك لێكتێگه‌یشتن هه‌بوو له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی بوو ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵپه‌سێرن و به‌شداری بكه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئیشی سه‌ركردایه‌تی خۆیانه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی" ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن، ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ی كه‌ خاوه‌ن بڕیارن چونكه‌ هه‌موو سه‌ركردایه‌تیه‌ك خاوه‌ن بڕیار نیین له‌ناو حیزبه‌كاندا ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌ واجهه‌ن و خاوه‌ن بڕیارن باش بیرله‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ یه‌كێتی و یه‌كڕیزی و ته‌بایی و برایه‌تی هه‌یه‌، پێویستی به‌كاری خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئارامی هه‌یه‌، پێویستی به‌ گوزه‌رانێكی باش و ژیانێكی خۆش هه‌یه‌، پێویستیان به‌شه‌ڕ نییه‌ دژی شه‌ڕه‌ ، دژی هه‌موو ته‌شه‌نوجاتێكن ئه‌و خه‌ڵكه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ڕاستی ده‌بێت بیر له‌وه‌بكه‌نه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ هاتۆته‌ ده‌ست، به‌وان ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌پارێزرێت، به‌وانیش ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ناوده‌چن و ئارامی ئه‌م وڵاته‌ تێكده‌چێت."

" ئه‌وانه‌شی كه‌ ئه‌مڕۆ لێپرسراون به‌ڕاستی ناتوانێت بڵێت لایه‌ك تاوانباره‌ و لاكه‌ی تریش "مه‌ڕی پێغه‌مبه‌ره" "


شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌وه‌شی وت" مێژویه‌كمان هه‌یه‌ ، شه‌ڕی ناوخۆمان كرد، دوو ئیداره‌یی- مان كرد ، هیچ وه‌ختێك هیچمان لێی ده‌ست نه‌كه‌وت جگه‌ له‌ ماڵ وێرانی و ماڵكاولی هیچ شتێكمان لێی ده‌ست نه‌كه‌وت. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ڕێكه‌وتنی ستراتیژی واژۆكرا، ئه‌وانه‌شی كه‌ ئه‌مڕۆ لێپرسراون به‌ڕاستی ناتوانرێت بڵێت لایه‌ك تاوانباره‌ و لاكه‌ی تریش "مه‌ڕی پێغه‌مبه‌ره" من تاتوانم ئه‌وه‌ بڵێم چونكه‌ چه‌پڵه‌ به‌یه‌ك ده‌ست لێ نادرێت. جا كامیان ئه‌هوه‌نتره‌ تۆزێك و كامیان زیاتر توندتره‌ ئه‌وه‌ شتێكی تره‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی بگه‌نه‌ ئه‌نجام و ڕێككه‌وتن، حه‌ز ده‌كه‌ن جارێكی تریش ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌كوشتدانی كوڕی خه‌ڵك و وڵات كاولكردن و ئه‌مانه‌، هه‌ر ده‌بێت دابنیشن و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ حكومڕان بن له‌ كوردستاندا."

"ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان بیزانیایه‌ به‌ته‌واوی حكومڕانی له‌مسه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ری كوردستان بێت لاكه‌ی تری قبوڵ نه‌بوو "


ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌شڵێت" من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان بیزانیایه‌ به‌ته‌واوی حكومڕانی له‌مسه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ری كوردستان بێت لاكه‌ی تری قبوڵ نه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ ناكرێت كه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌یه‌كێك له‌و حیزبانه‌ بڕوات به‌ڕێوه‌. كه‌واته‌ پێویست ده‌كات به‌ دانیشتن و لێكتێگه‌یشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێت، ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م وڵاته‌یه‌ و خزمه‌تكردنی ئه‌م وڵاته‌یه‌، به‌ڕاستی ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سی و تایبه‌تیه‌كان وئه‌وانه‌ بخرێته‌ لاوه‌. هه‌مووشمان تێگه‌یشتووین، جاری جاران نییه‌ تاكه‌ حیزبێك هه‌بێت له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا یان دوو حیزب هه‌بێت، ئه‌وه‌ چه‌ندین حیزب هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كورسیان هه‌یه‌، له‌ به‌غداد كورسیان هه‌یه‌ ، جه‌ماوه‌ریان هه‌یه‌ ، واتێنه‌گات هیچ حیزبێك ئه‌مڕۆ به‌ته‌نها ببێت به‌ حكومڕان و بتوانێت هه‌موو شتێك بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بێت لێكتێگه‌یشتن و دانیشتن بێت، هه‌رده‌بێت وابێت."

" ده‌توانرێت ڕێككه‌وتنی ستراتیژی بكرێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان"


له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پێت باشه‌ له‌مكاته‌دا ڕێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌كێتی نوێ بكرێته‌وه‌ تا چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوانیان بكه‌ن؟ له‌وه‌ڵامدا شێخ جه‌عفه‌ر وتی" ڕێكه‌وتنی ستراتیژی، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كراوه‌ ڕه‌نگه‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری ڕوویدابێت له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، ده‌توانرێت ڕێكه‌وتنی ستراتیژی بكرێت به‌ بنه‌مایه‌ك و له‌سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ڕابردوودا هه‌بووه‌ چ گۆڕانكاریه‌ك پێویست ده‌كات یان چ شتێكی تازه‌ پێویست ده‌كات بهێنرێته‌ ناو ڕێكه‌وتنه‌كه‌وه‌ هاوپه‌یمانییه‌كی تازه‌ نه‌ك له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی، هه‌وڵ بدرێت لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش بێنه‌ ناو ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌وه‌ بۆ هه‌ر ته‌نها یه‌كێتی و پارتی بێت؟! ئه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ جه‌ماوه‌ریان هه‌یه‌؟ ئه‌ندام په‌رله‌مانیان هه‌یه‌ له‌ ئیداره‌یه‌ له‌ كوردستاندا شه‌ریكن؟ هه‌وڵ بدرێت ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ فراوان بكرێت و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ وه‌كو خۆی ده‌وری خۆی هه‌بێت، ئه‌ركییان پێبسپێردرێت و ماف-یشییان پێ بدرێت ناكرێت هه‌ر ئه‌رك به‌خه‌ڵك بسپێریت و هیچ مافێكی نه‌ده‌یتێ له‌به‌رئه‌وه‌ بێ متمانه‌یی دروست ده‌كات بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و حیزبانه‌ پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركییان هه‌یه‌ ماف-یشیان هه‌بێت چ له‌ كوردستان بێت چ له‌ عێراق بێت به‌گوێره‌ی ئه‌و قورسایی و سه‌نگه‌ی كه‌ هه‌یانه‌."

زۆرترین بینراو