پاڵەوانیەتی كراوەی كاراتی نێودەوڵەتی یەریڤان لەشاری ئەرمینیا بەرێوە چوو

پاڵەوانیەتی كراوەی كاراتی نێودەوڵەتی یەریڤان لەشاری ئەرمینیا بەرێوە چوو

ئەردەڵان محەمەد – ئەرمینیا
لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا10یەمین پاڵەوانیەتی كراوەی كاراتی نێودەوڵەتی بەبەشداری 10 هەڵبژاردە لەسەر ئاستی جیهان دەستی پێكرد، هەڵبژاردەی سلێمانیش یەكێكە لەتیپە بەشداربووكان.
هەڵبژاردەی سلێمانی لە سەر ئاستی لاوان ‌و پێشكەوتووان بۆ كوران بەشدارە‌و ركابەری لەسەر زۆرترین مەدالیای ئاڵتونی پاڵەوانیەتیەكە دەكات‌، راهێنەرو یاریزانانی تیپەكەش بەگەشبینیەوە باس لەبەدەستهێنانی زۆرترین مەدالیای ئاڵتون دەكەن تەنانەت بۆ نازناوەكەش دەجەنگن.
بەرزان فەتاح سەرۆكی شاندی هەڵبژاردەی كاراتی سلێمانی ئەوەی راگەیاند: هەڵبژاردەی سلێمانی وەك نوێنەرایەتی كوردستان بەشداری ئەم پاڵەوانێتیەی كردووە‌و بەتیپێكی بەهێزو تۆكمە بەشداری ئەم پاڵەوانێتیەی كردووە، هەرچەندە چەندین پاڵەوانێتیی بەهێزی وەك ئەرمینیا‌و ئێران‌و فەرەنسا‌و روسیا تێیدا بەشدارن‌و لەسەر شێوازی WKSF)) یاریەكان بەرێوەدەچن.
سەرۆكی وەفدی نوێنەرەكەی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا: هیچ ناوبژیوانێكی كوردستان‌و عێراق لەپاڵەوانێتیەكە بەشدار نین، لەبەرئەوەی من وەك (WKF) هاتووم‌و سەرۆكی وەفدی هەڵبژاردەی سلێمانیم‌و ناوبژیوانی ناكەم، چونكە ئەو ناوبژیوانانەی لەسەر ئاستی ئاسیا‌و جیهان نێودەوڵەتین ناتوانن بەبێ مۆڵەت بۆ هەموو پاڵەوانێتیەك كاری ناوبژیوانی بكەن، بەڵام من بەئاستی ناوبژیوانانی رازی نیم، چونكە كۆمەڵێك كەموكوری دەبینم.
بەرزان راشیگەیاند: بەو پێیەی یاریزانان لەزۆربەی وڵاتانی وەك جۆرجیا‌و ئێران‌و ئەرمینیا‌و ئێران‌و روسیا بەشدارن دەتوانم بڵێم ئاستی پاڵەوانێتیەكەی بەهێزتر كردووە بەدڵنیاییەوە ئەمەش ئەركی یاریزانانی سلێمانی قورستر دەكات، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە هەڵبژاردەی كاراتی سلێمانی بەئەنجامێكی گەورەوە دەگەرێتەوە هەرێمی كوردستان.
دوای دروستبوونی هەڵبژاردەی كاراتی سلێمانی ئەمە دووەمین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیە هەڵبژاردەكە بەشداردەبێت دوای بەشداریكردنی لەیەكەمین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی سلێمانی.

بیروڕا

زۆرترین بینراو