پاڵەوانێك نهێنیە شاراوەكانی بڕوسلی ئاشكرا دەكات

پاڵەوانێك نهێنیە شاراوەكانی بڕوسلی ئاشكرا دەكات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: دوای 48 ساڵ لە مردنی، چەند نهێنیەك لەسەر بڕوسلی ئەكتەرو وەرزشكار ئاشكرادەبێت و یەكێك لەو هاوڕێ دێرینانەی بەردەوام لەگەڵیدا بووە باس لە ژیانی پشتی كامێراكان دەكات.
زۆرێك لە جیهاندا تائێستاش پرسیاری ئەوە دەكەن ئایا دوور لە چاوی كامێراكان و لەژیانی راستەقینەدا هێز و تواناكانی بڕوسلی لە چ ئاستێكدا بووە؟ لەو سەروبەندەدا جیم كیلی یەكێك لە پاڵەوانەكان و هاوڕێی بڕوسلی وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوەو چەند نهێنییەك لەسەر ژیانی ئەو كوڕە چینییە ئاشكرادەكات.
جیم كیلی لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا پاڵەوانی جیهان بووە لە كاراتێدا، سەبارەت بە بڕوسلی دەڵێت" من شاهێدی بڕوسلیم لە دەرەوەی كامێراكان، هەموو جارێك دەڵێم چانسم هەبووە لە سەردەمێكدا ژیاوم بەهێزترین پاڵەوانم لەسەر ئاستی جیهان ناسیووە، لە ژیانی خۆمدا زۆر پاڵەوانم ناسیوەو راهێنانم لەگەڵ ئەنجام داون و ڕووبەڕووی زۆرێكیشان بوومەتەوە، بەڵام هیچ كامیان هاوتای بڕوسلی نەبوون، بەراستی پاڵەوانێكی بێ وێنە بوو".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كیلی پاڵەوان جەخت لەوە دەكاتەوە كە تواناكانی بڕوسلی سنورەكانی تێپەڕاندبوو بەتەواوەتی جیاواز بوو، ئاماژەی بەوەشكردوە كە هەندێك كەس تائێستاش لەبارەی بڕوسلییەوە زۆر نازانن و بەتواناكانی ئاشنا نەبوون.
ئەو پاڵەوانەی پێشوی جیهان لە درێژەی قسەكانیدا گووتویەتی" من وەك ئەكتەرێك باسی بڕوسلی ناكەم، بەڵكو وەك پاڵەوانێك یان جەنگاوەرێك باس لە تواناكانی دەكەم، ئەو كەسێك بوو لە بوارەكەی خۆی تێگەیشتبوو".
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە ئاشنایە بە چیرۆكەكەی بڕوسلی بۆیە بەو جۆرە ناوزەندی دەكات، ئەگەرنا رێزی زۆری بۆ هەمو پاڵەوانەكانی دیكە هەیە، هەربۆیە بەپێویستی نازانێ ناوی هیچ یەكێك لەوان بهێنێت.
جیم كیلی باسی ئەوەش دەكات" هەركەسێك بەر بڕوسلی نەكەوتبێت و لە نزیكەوە ئاشنای نەبووبێت، ناتوانێ بەتەواوەتی لە تواناكانی تێ بگات، چونكە خێرایی جوڵەكانی و بەكارهێنانی تەكنیكەكانی لە سنوور دەرچوو بوون، قورسە بۆ كەسێك تا لە نزیكەوە نەبێ بزانێ ئەو كوڕە چینییە چۆن بووە".
زۆرێك باس لەوە دەكەن كە بڕوسلی بۆیە بەشداری هیچ پاڵەوانێتیەكی نەكردوە لەبەرئەوە بووە كە نەیتوانیوە توانا تەكنیكییەكانی لە ژیانی راستەقینەدا بەرجەستە بكات, ئەو پاڵەوانە لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت" زۆرێك باس لەوە دەكەن بڕوسلی بۆیە بەشداری هیچ پاڵەوانێتیەكی نەكردوە لەبەرئەوە بووە نەیتوانیوە توانا تەكنیكییەكانی لە ژیانی راستەقینەدا بەرجەستە بكات، بەڵام ئەو بۆچوونە هەڵەیەو بنەمایەكی زانستی نیە، چونكە زۆرێك بونەتە پاڵەوان و مامۆستای راهێنانەكانیشیان بڕوسلی بووە".
جیم كیلی یەكێك بووە لەو یاریزانانەی لە بواری كارتێدا زۆرترین نازناو و میدالە جیهانییەكانی حەفتاكانی سەدەی رابردووی بردۆتەوە، لە ساڵی 1971یشدا نازناوی پاڵەوانی جیهان بەدەستهێنا.
كیلی لەگەڵ بڕوسلیدا بەشداری فیلمی (Enter the dragon) دەكات و وەك یەكێك لە ئەكتەرە سەرەكیەكان رۆڵ دەبینێ, ئەو ئەكتەرەی فیلمە ئەكشنەكان لە تەمەنی گەنجییەوە روو لە ئەمریكا دەكات و رەگەزنامەی ئەمریكا بەدەست دەهێنێ، بەو هۆیەوە لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا ژیان بەسەردەبات.
بڕوسلی لە 27ی ئۆكتۆبەری 1940 لە هۆنك كۆنگی چین لەدایكبووەو لە حوزەیرانی 1973 لەروداوێكی گوماناویدا مردوە، بەهۆی توانا بێ سنورییەكانیەوە نازناوی (ئەژدیهای بچوك)ی وەرگرتوە.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو