پرۆسەی خوێندن لە زەمەنی كۆرۆنا

فەرح عارف برادۆستی

لەسەرەتای ئەم ساڵ ڤایرۆسی كۆرۆنای كۆڤید19 وەك نەخۆشییەكی كوشندە بووە، هەرەشە بۆ سەر ئاسایش و جولەو پێشكەوتنی زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە كوردستان هەر لەسەرەتادا جدییتر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان رێكاری خۆپارێزی گیرایەبەر، تەنانەت دەوامی خوێندنیش راگیرا. راستە دەبێت پرۆسەی فێربوون بەردەوام بێت، بەڵام دۆخی مرۆڤ لە بارودۆخی جیاوازدا، بڕیاری جیاوازی پێویستە، ژیانی مرۆڤ لە فێربوونی گرنگترە، بۆیە پێموایە لەوكات یەكێك لە بڕیارە هەرە باشەكانی حكومەتی هەرێم، راگرتنی پرۆسەی خوێندن و داخستنی قوتابخانەكان بوو. ئێستاش كە ڤایرۆسی كۆرۆنای كۆڤید19 هەموو جیهانی تەنیوە بە كوردستانیشەوە، ئێمە نازانیین كەی ئەو پەتایە كۆتایی دێت و، داهاتوو چ جۆرە پەتایەكی دیكەمان پێشكەش دەكات، بۆیە ئەگەر ئەو پەتایە لە پایزی داهاتووش بەردەوامبێت، ئایا وەزارەتی پەروەردە چۆن دەتوانێت وابكات پرۆسەی فێربوون بەردەوام بێت، بێگومان لەحاڵەتی بوونی پەتا كوشندەكان دەبێت شوێنە قەرەباڵغەكان دابخرێن، بەتایبەت قوتابخانەكان، چونكە منداڵ وەك كەسانی گەورە پابەند نابن بە رێنماییەكانی خۆپارێزی، بۆیە دەكرێت هەر لە ئێستاوە وەزارەتی پەروەردە پلانی هەبێت بۆ ساڵی داهاتوو، یەكێك لە بەدیلەكانی خوێندنی قوتابخانەش، خوێندنی ماڵەوەیە، یاخود قوتابخانەی ماڵە. مەبەست لە خوێندنگای ماڵ ( homeschooling ) ئەو سیستەمەی خوێندنەی منداڵانە لە ماڵەوە یان شوێنی جیاواز لەجیاتی خوێندن لە قوتابخانە حوكمییەكان و ناحوكومییەكان. بە شێوەكی ئاسایی پرۆسەكە لەلایەن یەكێك لە دایك و باوك یا مامۆستای تایبەت بەڕێوە دەبرێت یا بە شێوەی ئۆنڵاین و لە ژینگەیەكی گونجاو. كە ئەمە گواستنەوەی ئەركی خوێندنی منداڵەكان لە دامەزراوەكان، بۆ سەر شانی دایك و باوك، خۆیان پرۆسەی خوێندنی مندڵەكە بەڕێوە دەبەن. پرۆسەیەكی نوێی خوێندنە كە لە كاتێكی وەك ئێستا باشترین رێگە چارەیە بۆ ئەوەی ئاستی فێربوون و خوێندن كەم نەبێتەوە. لێرە ئەركی دایك و باوك قورستر دەبێت، خانەوادەكان ئەم ئەركە بەجێ دەگەیێنن و تا بتوانن قوتابییەكانیان بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن. قوتابخانەی ماڵەوە، جێگرەوەی خوێندنی قوتابخانەكان. خوێندن پرۆسەیەكە ناكرێ تەنها پەیوەستی بكەین بە قوتابخانەكان. بەڵكو پرۆسەكە كارێكی بەدواگەڕانەی بەردەوامە بەدوای راستییەكان و دەرخستنی شاراوەكانە، هەر وەك چۆن فەیلەسوفی فەڕەنسی ( جین پیاژێی ـ Jean Piaget ) گووتویەتی:" ئامانجی سەرەكی لە خوێندن هاندانی خەڵكە لە دۆزینەوەی نوێ، نەوەك دووبارە كردنەوەی ئەوەی نەوەكانی پێشوتر كردوویانە". مێژووی دروستبوونی ئەم سیستەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی حەفتاكان لە ئەمریكا لەلایەن (جۆن هۆڵت- John Holt) دەركەوت دواتر خەلكێكی زۆر پشتگیریان لێ كرد و بیڕۆكەكەیان قبول كرد. دواتر گۆڤارێكی دەركرد بە ناوی growing without schooling. لە ئەمریكا لە ساڵی ۱۹۸۹ دانیپێدانرا، دواتر لە زۆربەی وڵاتان دانیپێدانرا و باوەڕی پێكرا وەك: ( بەریتانیا، كەنەدا، نیوزلەندا، هەندێك وڵاتانی ئەوروپا ... سەرژمێری پەیمانگای وەتەنی بۆ خوێندن، دیاریكردووە زیاتر لە ملیۆن و 700 هەزار منداڵ لە ساڵی 2011 لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێكڕای ڕێژەكە ساڵانە بۆ لە 15% ی قوتابی لە ماڵەوە دەخوێنن. جیاوازی قوتابخانەی ماڵ لەگەڵ قوتابخانەی كلاسیكی:
1- دایك و باوك سەرپشكە لە پلانی خوێندنی منداڵەكەی، سەرپشك دەكرێ لە هەڵبژاردی وانە و بابەتەكان، كات و شوێن.
2- كورتكردنەوەی كات و ماوەی خوێندن لەسەر قوتابییەكە. هەندێك لە قوتابییەكان لە تەمەنی 14-15 ساڵی دەتوانن بچن بۆ زانكۆكان لەبەر ئەوەی توانیویانە لە ماوەیەكی كەمتر و خێراتر وانەكە تەواو بكەن كە پێویستیانە. بەدەستهێنانی بڕوانامە و چوونە زانكۆ، لە رێگای پێشكەشكردنی تاقیكردنەوەیەكە بۆ زانینی توانستی قوتابییەكە لە تەمەنێكی دیاریكراو. یاخود خوێندنی مەنهەجەكانی خوێندنی ماڵەوە و تۆماركردنی لە قوتابخانە. تەنها بۆ كردنی تاقیكردنەوەكانی پێش چوونە زانكۆ. هەندێك لە زانكۆكان بەشێكی تایبەتیان كردۆتەوە لە زانكۆ تایبەت بۆ ئەو قوتابییانەی لە ماڵەوە خوێندوویانە وەك زانكۆی هارڤارد و ستانفۆردی ئەمریكی ....
3- بەگەڕخستنی تواناكانی منداڵەكە و توانای پشت بەستن بەخۆی. كە خۆی دەتوانێ فێرببێ و بخوێنێ. خۆی بەدوای زانست دا بگەڕێ حەز و ئارەزووی دۆزینەوە بەدواگەڕانی بۆ دروست ببێ. خۆی گەشە بكات لەناو زانست و زانیاری.
4- بوار ڕەخساندن بۆ داهێنان و وەبەرهێنان لە منداڵەكە، بوار بەوە دەدات منداڵ لە رێگای پرۆژەوە فێرببێ وەكو ( ئەنجامدانی پرۆژەیەك دەربارەی ڕۆبۆت ) لە هەمان ڕێگاوە فێری زمان و بیركاری ... هتد دەبێت.
5- خوێندن لە ڕێی یەكەی بنچینەیی واتا بە شێوەیەكی پراكتیكی وانەی جوگرافیا دەخوێنێ لە هەمان كات ئاشنای مێژوو و شوێنەوار دەبێت.
6- پەستان لەسەر قوتابیەكە دروست نابێت، دەتوانێ تەنها ئەو بابەتانە هەڵبژێرێ كە لەگەڵ تەمەنی بگونجێ و ئارەزووی بۆی هەبێت و پێویستی بێت.
7- لە قوتابخانەی ماڵ فێرخواز وا ڕادەهێنرێ بۆ زانیاری و زانست فێرببێ نەوەك بۆ نمرە و ڕكابەری.
8- دۆزینەوەی لێهاتوو و توانا لێوەشاوەكان و كارامەیی منداڵەكە، لە ڕێگایی تێبینی كردنی و مەیلی قوتابیەكە بۆ بابەت و ئەو زانیاریانەی وەریدەگرێ.
9- تێچووی سیستەمەكانی تایبەت بە خوێندنی لە ماڵەوە تا ڕادەیەك زیاترە لە خوێندنی قوتابخانەی حوكمی. لە كاتێك پشت ببەسترێ بە ( مامۆستای تایبەت، سیستەمی تایبەت بە homeschooling ). ( قوتابخانەی ماڵەوە پشت بە چەند سیستەمێكی تایبەتی خوێندن دەبەستێت وەكو ( مۆنتسۆری، كلێڤەرت، وۆڵدرۆڤ ...).
10- لە هەمان كاتدا هەلی كار بۆ دەرچوانی بەشە پەروەردەیەكان دەرەخسێت. زۆرێك لەو خانەوادانەی مندڵەكەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە ئەم سیستەمی خوێندنەیان لا پەسەندە، كە ڕێگە چارەیەكی باشە بۆ فێربوونی منداڵەكانیان. لایەنی نەرێنی لەم پرۆسەیە :
بەپێی توێژینەوەیەكی پەیمانگای ( كاردۆس ) بۆ توێژینەوەی زانستی، ئەوە دەخاتە ڕوو كە ئەو فێرخوازانەی لە ماڵەوە دەخوێنن، ناتوانن لەگەڵ كێشەكانیان ڕەفتار بكەن، هەست بە تەنهای و فۆبیای كۆمەڵایەتی دەكەن، ناتوانن بە تەواوی سەرنج بخەنە سەر ئامانجەكانیان، بە پێچەوانەی ئەو فێرخوازانەن كە لە قوتابخانەكان دەخوێنن. لێرەدا خانەوادە چەند ڕێگایەك دەگرنەبەر بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لەوانە: بەسەربردنی چەند كاژمێرێك لە شوێنە كراوەكان كە پەیوەندی بە وانەكەوەیە هەیە. هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ كەسانی دەوروبەری لە تەمەنە جیاوازەكان، كە ئەمە گرنگترین تایبەتمەندی فێرگەی ماڵە. بۆ ئەوەی منداڵ لە كۆمەڵگا دانەبڕێ بتوانێ هەڵسوكەوت لەگەڵ گشت تەمەنە جیاوازەكانی دەوروپشتی بكا. هەروەها وانەی كردارەكی ئەنجام دەدەن وەكو وانەی وەرزش، قوتابیەكەیان دەبەن بۆ شوێنی یاریەكان و یاریگاكان. بۆ وانەی مێژوو دەیانبەن بۆ مۆزەخانەكان. سەردانكردنی شوێنەكان بە شێوەیەكی ڕێك و پێك. بەمشێوەیە دایك و باوك منداڵەكانیان تێكەڵ بە كۆمەڵ دەكەن.

زۆرترین بینراو