پرۆژەی چاكسازی سیستەمی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رێكدەخاتەوە

پرۆژەی چاكسازی سیستەمی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رێكدەخاتەوە

رەمەزان هەرنی – هەولێر: پەرلەمانی كوردستان كار لەسەر پەسەند كردنی پرۆژەی چاكسازی دەكات، پرۆژەكە لە بەرژەوەندی گشتیدایە بەتایبەتی مووچە خۆران و دەبێتە هۆی رێكخستنەوەی بواری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان و پارەیەكی زۆریش دەگەرێتەوە بۆ خەزینەی حكوومەت، بەم شێوەیە هەموو لایەك لێی سوودمەند دەبن.
محەمەد سەعدەدین, بڕیاردەری لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت:" پرۆژەی چاكسازی لەئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەسەند كراو و رەوانەی پەرلەمان كراوە, وەكو لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئەگەر تێبینی و بۆچوون هەبوون وەردەگرین و دەكەینە راپۆرتێكی هاوبەش, هیوادارین پرۆژەی چاكسازی لەم خولەی پەرلەمان پەسەند بكرێت و نەگاتە پشووی پەرلەمان، پرۆژەكە دەبێتە هۆكاری رێكخستنی كاروباری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان, لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری و هەموو فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان پاڵپشتی لە پرۆژەكە دەكەن".
محەمەد، گووتیشی:" بڕیارمانداوە بەتێروتەسەلی كار لەسەر پرۆژەكە بكەین، زۆریش بە پەلە كاری لەسەر دەكەین و هەوڵدەدەین هەرچی زووە دەنگی لەسەر بدەین و پەسەند بكەین, تا ئێستا بەشێوەیەكی گشتی هیچ فراكسیۆنێكی ناو پەرلەمان دژی پەسەندكردنی پرۆژەكە نیە, لەوانەیە لە وردەكاری پرۆژەكە تێبینیان هەبێت، بەڵام بەگشتی وەكو پەرلەمانی كوردستان پاڵپشتی پرۆژەكەی حكوومەت دەكەین، چونكە لە بەرژەوەندی گشتی دایە".
بریاردەری لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو :" بە پەسەند كردنی پرۆژەكە ئەگەر هەر سامانێكی هەرێمی كوردستان بە فیڕۆ چووبێت ئەم پرۆژەیە چارە دەكات, لە هەمانكاتدا بە پەسەندكردنی پرۆژەكە بابەتی خانەنشینی رێكدەخرێتەوە، بەم شێوازە دادپەروەری پەیڕەو دەكرێت لە دابەشكردنی مووچە و پارەیەكی زۆریش دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت بەم شێوەیەش حكوومەت دەتوانی لەكاتی مووچە دابەش بكات و گورانكاری بكات بۆ نموونە لە بابەتی پلە بەرزكردنەوە و هەموو ئەو بابەتانەی كە تائیستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە چارەسەر نەكراون, سیستەمی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رێكدەخرێتەوە هەموو لایەك لێی سوودمەند دەبن".

 

زۆرترین بینراو