پڕۆژە ‌یاسای بودجەی 6 مانگ دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران

پڕۆژە ‌یاسای بودجەی 6 مانگ دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران

زاری كرمانجی – بەغدا : ئەندامێكی لیژنەی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و پلاندانانی ستراتیژی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ میدیا عێراقییەكان ئاشكرایكردووە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی شەش مانگی كۆتایی ساڵی دوو هەزار و بیست دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگی لەسەر دەدرێت.
حەسەن مەسعودی رایگەیاند پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی دووهەزار و بیست ڕاستەوخۆ دوای پشووی جەژن دەگاتە پەرلەمان بۆ تاوتوێكردنی و دانانی وادەیەك بۆ دەنگدان لەسەری.
روونیشی كردۆتەوە، نوسین و داڕشتنی پڕۆژەیاساكە ئەركی ئەنجومەنی وەزیرانە، هیچ بەشدارییەكی پەرلەمانتارانی تێدا نییە، بەڵام لە دوای گەیشتنی بە ئەنجومەنی نوێنەران لیژنە تایبەتمەندەكانی دارایی و ئەمنی و پەرەپێدان تێبینییەكانیان لە بارەیەوە دەخەنەڕوو، دواتر پەرلەمان دانیشتنێكی لەسەر ساز دەكات و دەنگی پێ دەدات.
ئاماژەی بەوەشكردووە سەرباری قەیرانی كۆرۆنا، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەبەستییەتی پڕۆژە یاساكە بە خێرایی تێپەڕێنێت بۆ دەربازبوون لە بۆشایی یاسایی چونكە تاكو ئێستا یاسای بودجەی ساڵی دووهەزار و بیست پەسەند نەكراوە و هەر كار بە پڕۆژە یاسای ساڵی رابردوو دەكرێت".

زۆرترین بینراو