پۆڵەندا نیو ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە چالاکییەکانی چارەسەری قوربانییانی دەستی داعش

پۆڵەندا نیو ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە چالاکییەکانی چارەسەری قوربانییانی دەستی داعش

ئەمریکا کاروانێکی دیکی هاوکاری دەگەیەنێتە پێکهاتە کەمینەکانی قوربانی دەستی داعش لە عێراق، کوردی ئێزدی و کرستییانەکان لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و هاوکاریان بەسەر دابەش دەکرێت .

ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا کە بە یوئێس ئەید ناسراوە رایگەیاند:" وەکو بەشێک لە هاوکارییە بەردەوامەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ کەمینە ئاینیەکان و پێکهاتەکان،هاوکاری کریستیان و ئێزدیەکان دەکەین، مارک گرین بەڕێوەبەری ئاژانسەکە دەڵێت:" هاوکارییەکان دارایین، بەشێكن لە هەوڵی بەردەوامی حکومەتی ئەمریکا و لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ پاڵپشتی پێکهاتە ئاینیەکان لە عێراق، دەمانەوێت هاوکاری ئەو کەمینانە بکەین کە شەڕی داعش ئێوارەی کردوون، هاوکارییەکان لە رێگەی رێکخراوی بوژانەوەی کاتۆلیکی و چەند رێکخراوێکی دیکە دەگەیندرێتە خەڵك، بەپێی زانیارییەکان بڕی ئەو پارەیەی وەکو هاوکاری دەدرێتە ئەو پێکهاتانە ٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلارە، چەند رێکخراوێك کە بارەگاکەیان لە هەولێرە رادەسپێردرێن هاوکاری خێزانەکان بکەن، هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان و دەستپێکردنەوەی ژیانی سەر لە نوێ ئاسان بکرێن ."
هەروەها جگە لە هاوکارییەکانی ئەمریکا، پۆڵەنداش بڕی ٥٢٨ هەزار دۆلار بۆ ئەو کەمینانە دەنێرێت و چەند پڕۆژەیەکی تەندروستی و راهێنانی دەروونی هەیە، بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە، سوودمەندان لەو پڕۆژانە ئاوارەکانن کە لە کەمپەکاندا دەژین، یانیش ئەو کەسانەی ئاوارەی هەرێمی کوردستانن و لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، تیمی گەڕۆکی تەندروستی و بنکەی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی زەرەرمەندان دادەنرێت .
هاوکارییە نوێکەی ئەمریکاش بەشێكە لە پابەندیی ئەمریکا بۆ کەمینە ستەم لێکراوەکان، ئەوانەی سەدان ساڵە لە عێراق خاوەن کەلتوور و ژیان و مێژووی خۆیانن، بەڵام چەند ساڵێکە داعش گەورەترین ستەمی لێکردوون، ئامانج ئەوەیە رەوشی ژیانیان باشتر بکرێت و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت.
تاوەکو ئێستا ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا کە بە یوئێس ئەید ناسراوە بە بڕی ٣٨٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری کەمینە و پێکهاتە ئاینیەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەشی زۆری هاوکارییەکان بۆ پاڵپشتی ئەو چالاکییانەیە کە قوربانییانی دەستی جینۆساید و کۆمەڵکوژی داعش چارەسەر دکەن، هەموو ئەو هاوکارییانە بە دەزگا فەرمییەکانی ئەمریکا داڕۆیشتووە و پەسند کراوە، ئەمریکا دەیەوێت کەمینەکانی عێراق ناوچە و شوێنەکانیان بەجێ نەهێڵن .
رۆژی ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند پابەندی تەواوی پاراستنی کریستیانەکانین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ."
ئەو لە ناو ئاپۆڕای جەماوەر لە واشنتۆن لەکاتی لووتکەی بەرگری لە کریستیانەکان رایگەیاند :" ئەمریکا چی دیکە بەتەنیا پشت بە نەتەوە یەکگرتووەکان نابەستێت بۆ پاراستنی کریستیانەکان وکەمینەکانی دیکە لە جینۆساید لە دەستی گرووپە تیرۆرستیەکان ."
پێنس ئەوکات هەروەها گوتی" ئەمریکا دەست لە ناو دەست لەگەڵتان کار دەکات بۆ پاراستنی گرووپە باوەڕدارەکان و دامەزراوە تایبەتەکان بۆ هاوکاری ئەوانەی لەبەر بیر و باوەڕیان دەچەوسێندرێنەوە، ئەمە ئەوکاتەیە،ئەمریکا پاڵپشتی خەڵکی پێویست و باوەڕدار دەکات ."
لە ساڵی 2003 ژمارەی مەسیحیەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، لە ساڵی 2014 ژمارەیان بوو بە 400 هەزار کەس و کەمبوونەوە. لەو ژمارەیەش 100 هەزار کەسیان ئاوارە و پەنابەربوون، بەشێكیان بەرەو وڵاتانی دەرەوە کۆچیان کرد، سەتا٩٠ـی مەسیحیەکانی دەشتی نەینەواش روویان لە کوردستان کرد و لەلایەن هەرێـمی کوردستانەوە داڵدەدران .

 

زۆرترین بینراو