پیلان هەیە كورد دەنگی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە دەست بدات

پیلان هەیە كورد دەنگی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە دەست بدات

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوە بچێت و سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بۆ ھەڵبژاردن گونجاو نییە و ئاشکرای کرد، لایەنە کوردستانییەکان کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی کورد یەکگرتوو بێت.

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەکی زۆری عەرەب ھاوردەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراون و فۆڕمی خۆراکیان بۆ دروست کراوە تا لە ھەڵبژاردنی داھاتوو سوودی لێ وەر بگرن و دەنگی کورد کەم بکرێت، لە بەرانبەردا ھاووڵاتییانی کورد ناوچەکانیان بەجێ دێڵن و تا دێت باڵانسەکە پێچەوانە دەبێتەوە."

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: "ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاڵۆزە و بۆ ھەڵبژاردن گونجاو نین، چونکە دەبێتە ھۆی زیان بە دەنگی کورد و پێگەی کورد، لەبەر ئەوەش، ئێمە پلانمان ھەیە لایەنە کوردستانییەکان کۆ بکەینەوە بۆ ئەوەی یەکگرتوو بن لەو ناوچانەی ڕەوشیان ئاڵۆزە."

ڕۆژبەیانی داوای لە سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستانیش کرد: "تا ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بخەنە سەرووی کێشەکانی دیکە لە بەغدا و بەر لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی بەغدا نیەتی نییە پێش ھەڵبژاردن ڕەوشەکە ئاسایی بکاتەوە."

زۆرترین بینراو