پێدانی ڕێزو سوپاس ودیاری كاریگەری هەیە بۆ قوتابییان ؟

پێدانی ڕێزو سوپاس ودیاری كاریگەری هەیە بۆ قوتابییان ؟

لەبەرامبەر دەرچوونیان بەپلەی نایاب و زۆرباش لەلایەن كەس و كاری قوتابییان و دەستەی كارگێری قوتابخانەكان وەك هاندانێك بۆزیاتر گرنگی دان بەخوێندن و بەرزركردنەوەی ئاستی زانستیان ، دیاری و رێزوسوپاس دەدرێتە ئەو قوتابیانەی كە شایەنن ، قوتابییان ئەمە بەهۆكارێكی گرنگ دەزانن كاتێك كەس و كەرەكەیان و قوتابخانەكەیان ئەو خوێندن و ماندوبوونەی ئەوانیان لەبەرچاوە ، زاری كرمانجی لەقوتابخانەی ئامادەیی شەمامی زاستی كچان لەرواندز ئامادەی ئەو رێوڕەسمەبوو كە قوتابخانەی ناوبراو رێكی خستبوو بۆپێدانی دیاری و رێزو سوپاس بۆقوتابییە یەكەم و دووەم وسێیمەكانی پۆلەكانی دەیەم و یازدەم دوازدەم بۆیە لەم ڕاپۆرتەدا بۆچوونی ئەو قوتابییانەمان وەرگرتووە كە دیاری رێزو سوپاسیان وەرگرتووە.
ڕاپۆرت : محەممەد مەحموود
نازبین مستەفا عەبدوڵڵا قوتابی پۆلی دەیەمی بنەڕەتی كەخۆی یەكێك بوولەو قوتابیانەی خەڵاتی وەرگرت لەبەرامبەر دەرچوونی بە پلەی یەكەم لەوەرزی یەكەمی خوێندنی ئەمساڵ بۆزاری كرمانجی گووتی " بێگومان پێدانی دیاری و ڕێزو سوپاس كاریگەری زۆری هەیە بۆزیاتر هاندانی ئێمەی قوتابی و زیاتر هەوڵدانمان بۆخوێندن نەك تەنها لەیەك قۆناغ بەڵكو لەهەموو قۆناغەكانی خوێندن ، بەڵام من وایدەبینم كە پێدانی رێزو سوپاس ئەگەر چی نووسراویشە كەچی كاریگەری زیاترە لەدیاری بۆقوتابی چونكە ئەم ڕێزو سوپاسە وادەكات زیاتر بۆسەركەوتن هەوڵبدەین.
شەڤین شێرزاد قوتابی پۆلی یازدەمی زانستی بۆهەمان پرسیاری ڕاپۆرتەكەمان بەم جۆرە وەڵامی داینەوە" پێدانی دیاری بەقوتابییان دەبێتە هۆكارێكی كاریگەر بۆئەوەی قوتابی زیاتر هەوڵبدات و نمرەی بەرزتر بەدەست بێنێت ، هاوكات یارمەتی قوتابی دەدات بۆئەوەی بگاتە ئامانجەكەی لەخوێندن و زاڵ بێت بەسەر كۆسپ و لەمپەرەكان كە دێنە رێگای قوتابی لەكاتی خوێندن، شەڤین زیاتر گووتیشی" پێدانی رێزو سوپاس و دیاری وادەكات كە قوتابی تریش چاو لەو قوتابیەبكەن و وەك ئەو هەوڵبدەن بۆبەدەستهێنانی نمرەی بەرز و ئارەزووی خوێندیان زیاتر دەبێت ، من بە پێویستی دەزانم هەموو قوتابخانەكان قوتابییە یەكەم و دووەم و سێیمەكانیان خەڵات بكەن بۆئەوەی قوتابییان گرنگی زیاتر بەخوێندن بدەن و ئارەزووی خوێندیان زیاتر بێت .
قوتابی ئایندە ئیبراهیم لەپۆلی دەیەمی زانستی گووتی" دیاری شو ڕێزو سوپاس كاریگەرێكی زۆرباشی هەیە بۆقوتابییان لە قۆناغەكانی خوێندن ، چونكە قوتابی هەستدەكات ڕێز لەتواناو ئاستی زیرەكی دەگیرێت وماندوبوونەكەی بەگرنگ سەیردەكرێت ئەمەش بۆقوتابی دەبێتە ماییەی دڵخۆشی و زیاتر هاندەدرێن بۆخوێندن و پەرەی زیاتر بەخۆمان دەدەین .
قوتابی چنور هادی عەبدولوەهاب لەپۆلی دەیەمی زانستی گووتی " سروشتی ئێمەی مرۆڤ وایە لەژیاندا بەرلەئەنجامدانی هەركارێك بیر لە دەرئەنجام و پاداشتی كارەكە دەكەینەوە،بۆیە پەروەردگاریش بۆئەنجامی كارەباشەكان بەهەشتی بۆدیاریكردوین وەك پاداشتێك لەبەرامبەركارەچاكەكان،بۆئێمەی قوتابیش لەكاروانی خوێندندا گەربزانین لەدوایی شەونخونی كردنمان بۆوانەكانمان ڕێز لە تواناو نمرەبەرزەكانمان دەگیرێت دەبێتە سەرچاوەێكی زیاتر بۆئەوەی زیاتر هەوڵبدەین بۆداهاتوومان چونكەبەپێدانی دیاری و ڕێزو سوپاس ماندوبونمان بەفیرۆنەچووە .
بەلای خۆشمەوە كە رێزو سوپاسی قوتابخانەكەم وەرگرت زۆر دڵخۆش بووم سوپاسی دەستەی كارگێری قوتابخانەكەم دەكەم بۆئەو رێزگرتنە بۆئێمەی قوتابی.
پەری فارس لەپۆلی یازدەمی زانستی قوتابێكی تر بوو لەو قوتابییانەی كە ڕێزو سوپاسی پێدرابوو كە لێمان پرسی هەستت چۆنە وەك قوتابێك كە رێزو سوپاست پێدراوە لەبەرامبەر زیرەكیەكەت گووتی"پێدانی ڕێزوسوپاس بۆقوتابییان نیشانەیەكە بۆ رێزگرتن و بەرزنرخاندنی هەوڵ و تێكۆشانی ئەو قوتابییە كە توانیویەتی نمرەی بەرزبەدەست بێنێت لە تاقیكردنەوەكان،ڕێزو سوپاس بە بناغەێكی گرنگی ژیانی قوتابی دەزانم وەك یادەورێكی لەبیرنەكراو بۆقوتابی دەمێنێتەوە و شانازی پێوەدەكات قوتابی زیاتر هەست بەسەركەوتنی خۆی دەكات و دەزانێت كە رێگاێكی درووستی گرتۆتەبەر كە خوێندنە .
قوتابی هێلین ئاراس گووتی"دیاری و ڕێزو سوپاس هاندانێكە بۆقوتابی بەو هۆیەوە زیاتر دەخوێنێت و هەوڵدەدات و كۆشش دەكات لەوانەكانی بۆئەوەی ئاستی نەێتە خوارەوە،هەروەهادایك و باوكیش بەو هۆیەوە شانازی بەمنداڵەكەی دەكات كە زیرەكەو ڕێزو سوپاس و دیاری پێدراوە لە قوتابخانە .
كاتێك مامۆستا رێزو سوپاس یان دیاری دەدات بەقوتابییەكەی هۆكارێكە بۆدروست بوونی پەیوەندێكی بەهێزی هاوڕێیانە لەنێوان قوتابی و مامۆستا چونكە وەرگرتنی دیاری لەلایەن مامۆستا تامو چێژی تایبەتی خۆی هەیە ، وامان لێدەكات رێگای سەركەوتن بەرنەدەین،راستە قوتابی لەقۆناغەكانی خوێندن زۆر ماندودەبێت تاوەكو ئەو بەو زیرەكیە دەگات،بەڵام پشتگیری قوتابخانەو لەبەرچاوگرتنی زیرەكی قوتابی دەبێتە هاندەرێكی زۆرباش تاوەكو قوتابی لەو رێچكەیە بەردەوام بێت،بۆیە من سوپاسی مامۆستاكانم دەكەم كە هاوكارم بوونە بۆئەوەی بەم جۆرە نمرەی بەرزبەدەست بێنم لە قوتابخانەكەم.

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو