پێداگرین لەسەر گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابییان

پێداگرین لەسەر گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابییان

لە دیمانەیەكی تایبەتدا سیروان مینەخان، ئەندامی سكرتارییەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و بەرپرسی بەشی توێژینەوەو پێگەیاندنی یەكێتی قوتابییان بە زاری كرمانجی گووت "لە پێناو باشتركردنی سیستەمی خوێندن و چارەسەركردنی ئاریشەكانی بەردەم خوێندن و قوتابییان، بۆ ئەمساڵا یاداشتێكمان ئامادە كردووە ئاڕاستەی هەر یەك لە وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵای دەكەین".
* لەپشووی ئەم هاوینە هەوڵتاندا خولی هاوینە بۆ قوتابییان بكەنەوە لە رێگەی لق وناوچەكانتان؟
- بەڵێ لە پشووی هاوینی ئەمساڵدا، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، لە ڕێگەی لق و ناوچەكانمانەوە دەیان خولی بەهێزكردنمان بۆ قوتابیانی پۆلی 9 و پۆلی 12 كردۆتەوە. بە مەبەستی بەهێزكردنیان و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لە وانەكانیان.
* ئامادەكاریتان بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن و قوتابییان كردووە؟
- وەكو ئامادەكاری و پێشوازی ساڵی نوێی خوێندن لە كوردستان و گەیاندنی پەیام و داوای قوتابییان، یاداشتێكمان ئامادە كردووە ئاڕاستەی هەر یەك لە وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵای دەكەین، لە پێناو باشتركردنی سیستەمی خوێندن و چارەسەركردی ئاریشەكانی بەردەم خوێندن و قوتابییان.
* بۆ نەهێشتنی كێشە‌و گرفتی قوتابییان لە بەشە ناوخۆییەكان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، چیتان كردووە لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆ و پەیمانگاكان؟
- ئێمە ساڵانە هاوكار و یارمەتیدەری تەواوی قوتابییانین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نیشتەجێبوون، هەروەها هەماهەنگی تەواومان هەیە لەگەڵ بەرپرسانی بەشە نێوخۆییەكان، ئەمساڵیش گەرموگوڕتر لە ساڵی ڕابردوو لە هەوڵ دادەبین بۆ چارەسەری گرفتەكانی نیشتەجێبوونی قوتابییان‌و كاری لە پێشینەی ئێمە خزمەتكردنی قوتابییانە. ئەوە بابەتێك نییە یەكێتییەكەمان موزایەدەی پێوە بكات، پەیوەندی تەواومان لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆ و پەیمانگەكان و بەرپرسی بەشە نێوخۆییەكان هەیە و لە كاتی خۆیدا هەموو ڕێگەیەك بۆ هاوكارییەكانی تایبەت بە قوتابییان دەگرینەبەر.
* چی دەكەن بۆ ئەمساڵی خوێندنی ئەو قوتابییانەی كچ و كوری شەهیدن؟
- یارمەتی زیاتر و رێنوێنی زیاتر بۆیان ئەركی سەرشانی ئێمەیە بۆ خزمەتی قوتابییانی كوڕ و كچی شەهید، لە هەر كوێیەكدا پێویستیان بە یەكێتییەكەمان بێت ئێمە دەستگر و هاوكاریانین.
* یەكێتی قوتابییان و سكرتارییەت هیچ هەوڵێكیان نییە بۆ گەراندنەوە و خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابییان؟
- ئەمە بۆ ئێمە یەكێكە لە بابەتە زۆر سەرەكییەكانی كار لەسەر كردن، لە ماوەی ڕابردوو هەوڵی جدیماندا بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابییان. لەو پێناوەشدا بەشی توێژینەوە و پێگەیاندنی یەكێتییەكەمان توێژینەوەیەكی ئەنجامداوە و بۆچوونی قوتابییان و ئەرێنێ بوون و نەرێنی بوونەكانی ئەم بابەتەی خستووەتە ڕوو. هەروەها یاداشتێكمان بەرزكردۆتەوە و داوای گەڕاندنەوەیمان كردووە، لەگەڵ وەزارەتی داراییش لە تاوتوێی بەبابەتەكەدا بووینە و هەموو پێداگرییەكمان كردووە لەسەر ئەم پرسە. بۆیە قوتابییان دڵنیا دەكەینەوە، ئێمە پێداگرین لەسەر گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابییان و مافی تەواوی قوتابییانە، لە پاش ئەوەی برینەكانی قەیرانی دارای هەرێم سارێژ دەبن، بێگومان بە هەوڵی جدی یەكێتییەكەمان دەرماڵەی قوتابییان دەگەڕێتەوە.
* ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەست بە گۆڕانكاری دەكەنەوە لە پۆستەكانی یەكێتییەكەتان؟
- ئێمە لە نوێبوونەوەی بەردەوامداین، هەموو ئەمانەش لە پێناو بەرەوپێشچوونی یەكێتییەكەمان و خزمەتی زیاتری قوتابییانە، بۆیە نوێبوونەوە لە ئێستەدا یەكێكە لە بنچینەكانی كاركردنمان و دروشمی كۆنفڕانسی شەشەمینی یەكێتییەكەمانە.
* تا چەند خولی هۆشیاریتان بۆ ئەندام و كادیرانی رێكخراوەكەتان كردۆتەوە؟
- ئێمە لە دوو ساڵی دەستبەركاربوونماندا، دەیان خولی پێگەیاندن و رۆشنیرییمان بۆ هەڤاڵان و كادیران و ئەندامانمان كردۆتەوە، لە ئێستادا خەریكی ئامادەكارین بۆ كردنەوەی خولی پێگەیاندنی كادیران بە سەرپەرشتی مەكتەبی سكرتاریەت و بەهاوكاریی و هەماهەنگی لەگەڵ مەكتەبی دیراسات، خولەكە لەسەر ئاستی هەموو لق و نوسینگەكانمان دەبێ و ئامانج لێی پێگەیاندنی كادیرانە.
* ڕۆڵ و گرنگی رێكخراوەكەتان بەبۆچوونی بەشێك لە ‌قوتابییان وەك پێشتر نەماوە هۆكار چییە؟
- من بەو شێوەیەی نابینم، ڕێكخراوەكەمان لەبەر ئەوەی ڕێكخراوی دایكە، چاوەڕوانی كاری گەورەتر و چالاكی زیاتری لێ دەكرێت، بۆیە پێموایە ئەم تێچوونانەش هەر لەم ڕوانگەیەوەیە و دوای گۆڕانكاری و نوێبوونەوەكانمان یەكێتییەكەمان زیندوویەتی تەواوی پێوە دیارە و بەردەوام چالاكانەتر دەردەكەوێ. تێبینی و ڕەخنەكانیش گەر لە پێناوی خزمەتی زیاتری یەكێتییەكەمان بێت ئێمە بە دڵی فراوانەوە وەریان دەگرین و هەوڵ دەدەین كاریشی لەسەر بكەین.

زۆرترین بینراو