پێدەچێ عێراق لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال دووربخرێتەوە

پێدەچێ عێراق لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال دووربخرێتەوە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: ئەحمەد كۆچەر، ئەندامی دەستەی كاتیی یەكێتی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێكدا دووپاتیكردەوە كە فیفا هۆشداری داوەتە عێراق و گووتی" ئەگەر دەنگ بە یاسای یەكێتی تۆپی پێی عێراق نەدرێت ئەگەری دەركردنی هەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراق لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2022ی قەتەر دێتە ئاراوە".


ئەحمەد كۆچەر گووتیشی" نوێنەری فیفا كەریم حەیدەر لە میانەی كۆبوونەوەكانی دوو رۆژی رابردوودا، هۆشداری ئەوەی داوە كە دەنگ نەدان لەسەر یاسای ئێستای یەكێتی تۆپی پێی ناوخۆ، عێراق رووبەڕووی سزا نێودەوڵەتییەكان دەكاتەوە، لەوانەیە بگاتە سڕكردن راگرتن و دەركردن لە پاڵاوتنەكانی جامی جیهانی 2022ی قەتەر".


كۆچەر گووتی" هەندێك كەس و لایەن هەن دەیانەوێ لەبەر بەرژەوەندی خۆیان زیان بە تۆپی پێی عێراق بگەینن و ئەوان گوێ بەوە نادەن كە ئەو هەموو كۆشش و ماندووبوونەی هەڵبژاردەی نیشتیمانی بە فیڕۆبچێت، كە تا ئێستا ئاستێكی بەرزی لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالدا پێشكەش كردووەو هەموومان هیوامان بەوەیە عێراق بەشداری لە مۆندیالی 2022ی قەتەردا بكات".


میدیای عێراقیش لەو بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە" كەریم حەیدەری لوبنانی، نوێنەری فیفا و یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا، لە كۆبونەوەكانی دوو رۆژی رابردووی لەگەڵ نوێنەرانی 20 یانەكەی خولی نایابی عێراق، زۆر راشكاوانە قسەی كردووە و بۆ هەموو لایەك ئاشكرای كردووە كە عێراق دەچێتە بۆشایی یاساییەوە، مەگەر ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی بارودۆخەكە بە جددی وەربگرن و دەنگ لەسەر وەشانی یاسای بنەڕەتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بۆ ساڵی 2021 بدەن".


ئەحمەد كۆچەر، لە درێژەی لێدوانەكەیدا ئەوەشی خستەڕوو كە نوێنەری فیفا روونیكردووەتەوە بڕگەی رێگەگرتن لە فرەپۆستی بە جێگیری دەمێنێتەوەو هیچ گفتوگۆو دەنگدانی لەسەر ناكرێت، چونكە لە یاساكانی رەوشتی فیفادا جێگیركراوە، كە بە ناكۆكی بەرژەوەندییەكان ناوبراوە، زێدەباری یاسای نوێی یەكێتی وەرزشی كە لە كانوونی دووەمی رابردوودا لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، ماددەیەكی روون و ئاشكرای تێدایەو دەڵێت" هیچ كەسێك رێگە پێنادرێت لە زیاتر لە پێگەیەكی وەرزشیدا كاربكات، بۆیە فیفاش ناكۆك نابێت لەگەڵ یاسا نیشتمانییەكاندا، مەگەر جیاوازی و سەرپێچی لە رێسا نێودەوڵەتییەكان بكات".


بەپێی هەواڵی میدیای عێراقی، ژمارەیەك بڕگەی یاسایی هەن دەكرێت هەموار بكرێنەوەو گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، لەوانەش زیادكردنی ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی نوێی جێبەجێكاری یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە 9 ئەندامەوە بۆ 13 ئەندام، هەروەها هەمواركردنی مەرجەكانی دەستپاكیی جێگیركراو لە لیستی پاڵاوتندا بەپێی یاسا ناوخۆییەكان.


كۆچەر گووتیشی" لە كۆبوونەوەكەدا دەبێت دەنگدان لەسەر یاسای یەكێتی تۆپی پێ و سیستمی هەڵبژاردن بكرێت، ئەگەرنا فیفا هەڵوێست وەردەگرێت و لەوانەیە سزاكان زۆر تووندبن".

بۆچی فیفا بە سزا نێودەوڵەتییەكان هەڕەشە لە عێراق دەكات؟ 


- لە سەرتادا سزای نێودەوڵەتی بە واتای بێبەشكردنی هەڵبژاردەو یانەو كەسایەتییەكانی عێراق دێت لە هەموو چالاكییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەكاندا.
- ئەو هەڕەشەیەی ئێستا لە رێگەی نوێنەری یەكێتی نێودەوڵەتییەوە لە عێراق كراوە، تەنیا وەبیرهێنانەوەی یاساو سزاكانی فیفایە.


یاسا چیەو بۆچی كێشە هەیە؟


- رێساكانی رەوشتی نێودەوڵەتی كە لە ساڵی 2018 لە یاسای یەكێتی نێودەوڵەتیدا هەمواركراوە، باس لە ناكۆكی بەرژەوەندی دەكات، واتا وەرگرتنی زیاتر لە پێگەیەك لە هەمان یارییدا.
واتە كەسێك سەرۆك یان ئەندامی یانەیەكی دیاریكراو بێت، هاوكات ئەندامی یەكێتی بێت، ئەمە رەتكراوە بۆ مسۆگەركردنی بێلایەنی ئەندام و بڕیارەكانی و بەشداری لە سیستمی وەرزشیدا.


كێشەی عێراق چیە؟


- هەندێك لە ئەندامانی یەكێتی پێشوو و دەسەڵاتی گشتی جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پێشێلكارییە دەكەنەوە سەرەڕای نایاسایی بوونی بەپێی یاساكانی یەكێتی نێودەوڵەتی.


ئایا سزای ئەم پێشێلكارییە چیە؟


- سزایەكی دارایی كە لە 10 هەزار فرەنكی سویسری كەمتر نابێت و بێبەشكردن لە هەموو چالاكییە وەرزشییەكان بەلای كەمەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەشدا سزاكە تا 5 ساڵ دەبێت.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو