پێشكەوتن بە سوپرایز

زانا عبدالباقی

پێشكەوتن چیە؟
پێشكەوتن چەمكێكە بۆ گۆڕانكاری لە ژیان و كومەڵگە و تەكنەلوجیا بە كاردێت، پێشكەوتن وەك كاتە ناوەستێت ڕۆژ بە ڕۆژ و سات بە سات لە جیهانی نوێدا زیاتر بە دیار دەكەوێت، جگە لەو چەمكەی كە ئاماژەم پێداوە، لە لایەكی ترەوە پێشكەوتن بریتیە لە دیموكراسیەت، ماف پارێزی، ژینگە پارێزی، ئازادی تاكە كەس، ڕێز گرتن، یاسا، هەبوونی گشت پێداویستیەكانی ژیان.
بە داخەوە ئێستا لە كوردستان گەنجان تووشی چەندەها كێشەی دەروونی بونەتەوە بە هۆی ئەو پێشكەوتنە خێرا و پڕ سوپڕایزەی كە رووی لە كومەڵگەكەمان كرد، بەبێ ئەوەی پێشتر توزێك ئاشنابین بە پێشكەوتن، دایناموی پێشكەوتنی وڵاتان گەنجن، واتە گەر گەنج هەوڵ نەدات پێشكەوتن بە دی ناهێت، بەڵام بۆ ئێمەی گەنجی كورد پێشكەوتن زۆر سوپرایز بوو، پێشكەوتن وەك رەشابەیەك زۆر بە خێرایی بۆمان هات و ئێمەش ئامادە نەبووین بۆ ئەو پێشكەوتنە گەورەیە، لە دوای ساڵی ٢٠١٠ پێشكەوتن و تەكنەلوجیا زۆر بە خێرایی لە كوردستان تەشەنەی سەند، هەندێك شت بە جۆرێك گوڕان كە مێشكی گەنجی كورد پێشتر ئامادە نەكرابوو بۆ بەرگەگرتن، ئامێری زیرەك، ئینتەرنێت، كەناڵی ئینتەرتەیمنت(تەرفیهی)، ئەمانە بە جۆرێك تەشەنەیان سەند كە هەموومان شوك بووین، ئەمانە بەشێك لە هۆكاری پێشكەوتن بوون، پاشان هەندێك شتی تر گوڕان كە زیاتر گەنجی كوردی شوك كرد، ئەوانیش ئاشنابوونی گەنجی كورد لەگەڵ (مودێل و هونەر)ی نوێ، كە پێشتر گەنجی كورد نە كچێكی بینی بوو جلی توزێك كراوە بپوشێت و نە گوێی لە گورانی پوپ و ڕۆك ببوو بە زمانی كوردی، ئەمەش وای كرد كە گەنجی كورد بە ئاسانی ئەم شتانە قبول نەكات و بە مەترسی بزانێت بۆ سەر نەریتی كومەڵەڵگەكەی، بۆ بەرەنگاریكردن لەو شتە گەنجەكان بە خێرای لە تۆڕە كومەڵایەتیەكان كاردانەوەیان هەبوو، ئیتر ئەو جورە كاردانەوانە وەك تەقلیدیان لێهات و تا ئێستاش ئەو كاردانەوانە هەر بەردەوامن لە لایەن گەنجەكانەوە سەرەڕای ئەوەی كە بیركردنەوەشیان گوڕاوە.
لە ماوەی ئەم دە ساڵە شتەكان هێندە بە خێرایی گوڕانكاریان بە سەردا هات بە جورێك گەنجی كورد نەیان زانی لەگەڵ كام شت خۆیان رابێنن، ئێستا گەنجی كورد زۆر هەستیار بووە هەموویان حەز بە پێشكەوتن دەكەن بەڵام شەرم لەوە دەكەن دان بە پێشكەوتن بنێن، چونكە پێشكەوتن توزێك دوورە لەو عادات و تەقالیدانەی كە لەگەڵی گەورە بوون، بۆ ڕێگری كردن لەو ترسە گەنج كاردانەوەی دەبێت، نازانێت بە چ جورێك كاردانەوەكەی دەر ببڕێت، پەنا دەباتە بەر جنێو و تەشهیر، مەترسییەكە لێرەدا ئەوەیە گەنج خۆی پێشكەوتنی دەوێ و لە هەمانكات خۆی پێشكەوتن قبول ناكات، لەبەر ئەوە مێشكی گەنجەكە شەڕ لەگەڵ پێشكەوتن دەكات بۆ پاراستنی ڕێچكەی پێش خویان، چونكە گەنج وا لە پێشكەوتن تێگەیشتووە كە كولتوورەكەیان دەشێوێنێت، بەڵام پێشكەوتن لە هەموو كۆمەڵگەكان روودەدات، پێشكەوتن كولتوور تێكنادات، بەڵكو كولتوور دەوڵەمەند دەكات.
ئەو جیلە گەنجەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەن، جیلێكی تا بڵێی داماو و مێشك هیلاكن، چونكە لە نێوان دونیای پێشكەوتو و كومەڵگەیەكی دواكەوتودان، لە نێوان دونیای كراوە و كۆمەڵگەی داخراو دان، لە نێوان ئازادی، زیندانی داب و نەریت دان، دونیایێكی مودێرن و پێشكەوتو دەبینن دەیانەوێت ببن بە بەشێك لەو دونیایە، بەڵام كولتوور و كومەڵگا لە دواوە گەنجەكانی گرتوە و نایەڵێت ئەو هەنگاوە بنێن و ئەمەش وای كرد گەنجەكان ببن بە دوو بەش، بەشێكی بوون بە دژی پێشكەوتن و بەشێكی تریش رێگای هەڵە بەكار بێنن بۆ گەیشتن بەم دونیا مودێرنە.
لە تەواوی كومەڵگەكانی دونیا، ئێستا واقیعەكە گوڕاوە بۆ ژیانێكی پێشكەوتو و ئازادانە، كومەڵگای كوردیش ئێستا باشترە لە چاو چەند ساڵێكی پێشو بەردەوامە لە بەرەو پێش چون بەڵام بەداخەوە لەو پێشكەوتنەدا بە بێ ئەوەی هەستی پێ بكەین تەواوی جیلی ئێستای گەنجان بونەتە قوربانی بە هەموو ئەو گەنجانەی كە ئێستا لەكوردستان هەن چ دەوڵەمەند یا هەژار بن..!
جا بویە پێویستە ئەو جیلەی ئێستای گەنجی كورد قوربانی یەكی تریش بدەن بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو هوشیارتر بن لە بارەی پێشكەوتن، ئەو قوربانیەش وادەبێ كە قبولی زۆڕ شت بكەین كە ناتوانین، بەڵام هەر دەبێ دان بە خۆماندا بگرین و واز لەو جنێو و سوكایەتیە بێنین كە ئێستا یەخەی گرتوین، تا جیلی داهاتوو تووشی هەمان هەڵە نەبن كە ئێمە ئێستا دەیكەین و ئەوان بۆ خویان بە پێشكەوتن و ئازادانە بژین تا جیلێكی هوشیار و تەندروستبێت و زۆرترین داهێنەر و زانا لەم كومەڵگایە هەڵكەون، چونكە پێشكەوتن نەبێ ئازادی نابێ، ئەگەر ئازادیش نەبێ داهێنەر دروست نابێ.

 

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو