پێشێڵكارییەكان لە كەرتی تایبەتدا

پێشێڵكارییەكان لە كەرتی تایبەتدا

ئا/ رۆژان قیاس
"دوای ئەوەی لە زانكۆ دەرچووم هەوڵمدا كارێك بۆخۆم بدۆزمەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانم پێ دابین بكەم، دوای هەوڵدانێكی زۆر لە یەكێك لە قوتابخانە ئەهلییەكانی قەزای سۆران كارێكم دەست كەوت، لە یەكەم رۆژی چاو پێكەوتنم لەگەل سەرپەرشتیاری قوتابخانەكە، بڕی موچەیەكی دیاریكرد بۆم و كارەكەی بۆ دیاریكردم، دواتر كە دەست بەكار بووم، و لە رۆژی دواتردا گرێبەستمان ئیمزا كرد، سەرپەرشتیارەكە هەر لەخۆیەوە %٢٥ بری موچەكەمی كەم كردبۆوە، من دەمویست دڵسۆزانە ئەزمونی یەكەم كار كردنم ئەنجام بدەم بۆیە ئەوەندە گرینگیم پێ نەدا، و لای خۆمەوە دەم گووت دەبێ من ئەوەندە بە باشی كارەكەم بكەم كە بەخۆی ئەو برەی كەمی كردبۆوە، زیادی بكات. مانگی یەكەمی كاركردنم زۆر بە باشی بەڕێ كرد و بە هەموو تواناكانم هەوڵم دەدا بە باشترین شێوە كارەكەم بەڕێوە ببەم، من لە كاتێكدا چاوەڕێی دەست خۆشیەكانی سەرپەرشتیار بووم، بەڵام بە داخەوە ئەو كە بینی زۆر دلسۆزم بۆ كارەكەم ئەم هەلەی قۆستەوەو لە جیاتی ئەوە، دوو كاری تری بۆ زیاد كردم لەسەر هەمان برە مووچە، ماوەیەك ئەوەشم تەحەمول كردو هەر بەردەوام بووم لەسەر خۆ ماندووكردنم، دوای مانگێك زۆر ماندوو بووم، رۆژێك لەگەل سەرپەرشتیار دانیشتم و پێم ووت كە من لە یەك كاتدا سێ كار بەڕێوە دەبەم لەم شوێنە، و ئەمە دوورە لە یاسا، یا مووچەكەم بە تەواوی بدەن یا كارەكەم كەم بكەنەوە، سەرپەرشتیارەكە بە شێوەیەكی زۆر ناشرین بێڕێزی وەڵامی دامەوەو، دواتر لەناو هەموو كارمەندەكانی تر سوكایەتی پێكردم، لە كۆتایی مانگیشدا نزیكەی نیوەی مووچەكەمی بری" ئەمە چیرۆكی یەكێك لەو كارمەندانەیە كە لە كەرتی تایبەت كاری كردووە، بە داخەوە كە رووداوی گەلێك خراپتر روودەدەن، و هیچ یاسایەك و چاودێریەك نییە بۆ ئەوەی مافی ئەو خەڵكانە پارێزراو بێت.
ئاشنا شەرەف، ئەندازیاری شارستانی دانیشتووی شاری سۆرانە ماوەی پێنج ساڵە لە كەرتی تایبەتدا كار دەكات، لەبارەی كاركردن لە كوردستان گووتی" لە تەواوی دنیا دوو جۆری كەرت هەیە كە تایبەتن بە كاركردنی تاك ئەویش (كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت) لە ووڵاتانی دەرەوە خەڵك، بە تایبەت چینی گەنجان زیاتر ڕوو لە كەرتی تایبەت دەكەن، چونكە لە كەرتی تایبەت لە زۆر ڕوەوە پێشكەوتن بەخۆوە دەبینن دەتوانن زیاتر گەشە بە تواناو كارامەییەكانیان بدەن، و لایەنە داراییەكەش ڕەنگە دەست كەوتی زیاتر بیت، ئەگەر بێینە سەر كوردستان ئەوە خەڵكەكە زیاتر هەوڵ بۆ كەرتی گشتی دەدات دیارە ئەوەش هۆكاری خۆی هەیە، خەڵكەكە هەست دەكات لە دامەزراوە حكومیەكان كەمتر هیلاك دەبن، جاران كە باری دارایی باشبوو كارمەندەكان لە كاتی خۆیان مووچەیان وەردەگرت و ئیش وكاریشیان ئاسانترە چونكە بۆ هەر كارێك چەند كارمەندێكیان تەرخان كردووە، و كاتی كاركردن كەمترە، بەڵام لەوكۆتاییانە لە كوردستان كەرتی تایبەت زیاتر گەشەی كردووە چونكە وەك دەزانین دامەزراندن لە كەرتی گشتی دەمێكە وەستاوە خەڵك ناچارە پەنا بۆ كەرتی تایبەت ببات جا هەر دامەزراوەیەك بێت وەك (نەخۆشخانە، كۆمپانیاكان، قوتابخانە...هتد)، بەڵام پێم وایە لێرە بەشێكی كەم بۆ ئەزموون و خۆبەرەو پێش بردن لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن، ئەوانیتر ئامانجەكەیان تەنها بژێوی ژیانیانە".
پێشێڵكاریەكی زۆر هەیە لە كەرتی تایبەتدا، لە هەندێك شوێن رەفتاری نەگونجاو و بێڕێزی دەكرێت لە بەرامبەر كارمەندەكان، ئەندازیار ئاشنا زیاتر گووتی" لە زۆربەی شوێن مافی كارمەندەكان پێشێل دەكرێت بە جۆرێك، كاری زیادە و زۆر قوڕس بە كارمەندان دەكرێت بە بڕە پارەیەكی كەم، و هەندێ جار لە كەرتی تایبەت ئەوە دەبینرێ كە نا یەكسانیەكی زۆر هەیە لە نێوان كارمەندەكان بە جۆرێك كە هەستی پێ بكرێت بۆ نموونە ئەگەر یەكێك ناسیاوی خاوەن كار بیت ئەوە حساب و مامەڵە لەگەڵی زۆر جیاوازترە، تەنانەت ئەگەر لێهاتوو بە تواناش نەبێت، بەداخەوە زۆرێك لە خاوەن كارەكان داوای ڕەگەزی مێ دەكەن بۆ هەندێ پۆست كە ئەگەر ڕەگەزی نێریش بیت دەتوانێت بیكات، بەڵام ئەوان مەرج دادەنێن كە كچ بێت و ڕوخساری جوان بیت جل و بەرگی نیمچە ڕووت و سەرنج ڕاكێش بێت، ئەوەش خۆی لە خۆیدا پێشێل كردنی مافی تاكە كەسیە، لە كەرتی تایبەت مەرج و بەرپرسیارەتی زۆری هەیە بۆیە من وای دەبینم كە زۆرینەی كارمەندەكان ئەگەر ناچار نەبن لەو كەرتە ئیش ناكەن، و تەحەمولی زۆر شت دەكەن تا كارەكەیان لە دەست نەچێ، بەداخەوە هەندێ لە خاوەنكارەكانیش ئەو هەلە دەقۆزنەوە زۆر ڕەق و توند دەبن لەگەڵیان وە كاتێكی زۆرتر لە ماوەی خۆیان ئیشییان پێ دەكەن، بەهەمان بڕە پارەی دیاریكراو بەمەش كارمەندەكان زۆربەی جار لە كارەكانیان سارد دەبنەووە، بەجۆرێك كەم تەرخەمی لە ئیشەكانیان دا دەكەن و دڵسۆز نابن بۆ شوێنی كارەكەیان حەتمەن لەو كاتە خاوەنكار زەرەر دەكات، چونكە ئیشەكەی بەرەو دواوە دەڕوات و ناوبانگی شوێنی كارەكەی دەشێوێت، بەرە بەرە كارمەندی دلسۆزی لە كیس دەچێت، خۆشبەختانە خاوەنكاری باشیش هەن كە ئێمە ڕۆژانە دەیانبینین یا گوێ بیستی كارەكانیان دەبین كە زۆر لەگەڵ ستافی كارەكەیان باشن، وەك یەك خێزان مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن خۆشەویستی و تەبایی لە نێوانیان زیاد دەبێت، بەمەش كارمەندەكان زیاتر دڵسۆز دەبن و خۆیان ماندوو دەكەن بۆ بەرە و پێش بردنی شوێنی كارەكەیان، سەڕەڕای هەموو ئەوانە پێویستە حكومەت كاری جدی بكە بۆ چاودێری كردنی كەرتی تایبەت و بۆ پاراستنی مافی تەواوی كارمەندەكان، لە باڵاترین پلە تا نزمترینیان، كاتژمێرەكانی كار كردن دیاری بكات و یاسایەك دابنێ بۆ چۆنیەتی مامەڵە كردنی خاوەنكار لەگەڵ كارمەندەكانی تا مافی كەس نەخورێت".
مامۆستا نەجات ئەحمەد، ماوەی دوو ساڵە لە كەرتی تایبەتدا كار دەكات و بەم جۆرە باس لە ئەزموونی كار كردنی دەكات لە كەرتی تایبەت" كاركردن چ لەكەرتی گشتی بێت و چ لەكەرتی تایبەت، رێی تێدەچێ مافی كارمەند پێشێل بكرێ و هەتا رەنگە لە زۆر كات و شوێندا بگاتە دۆخی بێڕێزی و سوكایەتی پێكردنیش، كەرتی تایبەت لە كوردستان هیچ برەوێكی ئەوتۆی پێنەدراوە و هیچ چاودێری و سانسۆرێكی ئەوتۆ لەسەر خاوەن كارەكان بەدی ناكرێت، بەتایبەت لەرووی دابینكردنی مافەكانی كارمەند، بەجۆرێك لەكەرتی تایبەت كارمەند هیچ جۆرە مافێكی نییە كە خزمەت بە ئایندەی بكات، ئەمە لەكاتێكدایە كە لە وڵاتانی دنیا كارمەند لەكەرتی تایبەت هەمان ئەو ماف و شایستە داراییانەی هەیە كە لە كەرتی گشتیدا هەیەتی وەكو: (مافی خانەنشینی، بیمەی تەندروستی، بیمەی كۆمەڵایەتی،...) كەچی لای خۆمان خاوەنكار هەركاتێ حەز بكات كارمەند دەهێنێت و چ كاتێكیش ئارەزووی لێی نەما كارمەند دەردەكات، زۆرێك لە خاوەنكارەكان لە كوردستان بوونی ژمارەیەكی زۆر گەنجی بێكار و سستی بازاڕی كاركردنیان قۆستۆتەوە بۆ قازانجی زیاتر بۆخۆیان و پێشێلكردنی مافەكانی كرێكار. ئەم پێشێلكردنەش زۆر جار خۆی لە كەمی مووچە و دواكەوتنی و زۆری ژمارەی كاتژمێرەكانی كاردن و هەروەها زۆری ئەرك و بەپرسیارییەتی لەسەرشانی كارمەند و هیلاكی و ماندوویتییەكی لە رادەبەدەردا دەبینێتەوە. هەندێ جاریش گەیشتۆتە حاڵەتی سوكایەتی و بێڕێزیكردن بە كارمەند، بەتایبەت رەگەزی مێ لەم لایەنەوە زەرەرمەندی هەرە گەورەیە، كە زۆرجار خاوەن كار خراپی دۆخی دارایی كارمەندە ئافرەتەكان و ناچاریان بۆ كاركردن و نەبوونی هەلی كار، دەكەن بەهەلێك بۆ گەیشتن بە مەرام و مەبەستەكانیان. زۆرجاریش بەئاشكرایی دەبینین دەگات حاڵەتی دەستدرێژی و بەزاندنی سنوری ئازادیەكانی تاك، هەروەها نەبوونی هیچ خاڵێكی ئەوتۆ لە گرێبەستی كاركردنی كۆمپانیاكان كە لەخزمەتی بەرژەوەندی كارمەندان دابێت، تەنانەت هەندێ لە كۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەكان هەر بڕوایان بە گرێبەست و نووسراوێك نیە كە لەنێوان كارمەند و خاوەنكاردا هەبێت، و بەشتێكی زیادەی دادەنێن هەموو ئەم نا دادپەوەری و بنپێكردنەی ماف و پێداویستییەكانی كارمەندان لەلایەن خاوەن كارەكان، دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی دەسەڵات لەئاست پاراستنی ئەرك و مافی كارمەند و دانانی سنورێك بۆ خاوەنكارەكان و رێك نەخستنی كەرتی تایبەت بەیاسایەكی دیاریكراو، كە هەم لەخزمەت خاوەنكاربێت و هەمیش ئەرك و مافەكانی كارمەنەكان پارێزراوبن. دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، كەوا بەشێك لەكۆمپانیاكان و شوێنەبازرگانییەكان و خاوەنكارەكان خاوەن رەوشتێكی بەرز و هەست و ویژدانن. مرۆڤایەتی لای ئەوان لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە. ماف و شكۆی كارمەندەكانیان لەپێش قارانجەكانی خۆیانەوە داناوە".

زۆرترین بینراو