پێشەنگ هەڵەبجەیی: وەك پێویست گرنگی بە ژینگە نەدراوە

پێشەنگ هەڵەبجەیی: وەك پێویست گرنگی بە ژینگە نەدراوە

 محەمەد عومەر بەرزنجی= زاری كرمانجی: ژینگە لایەنێكی گرنگی كۆمەڵگەیە و پەیوەندی بە تەندروستی تاك هەیە، بۆیە لە بەشێك لە كۆمەڵگەكانی جیهاندا گرنگی تایبەت بە ژینگە دەدرێت و هەوڵی پاراستنی دەدرێت، بە‌ مەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە‌ چە‌مكە‌كانی ژینگە‌ و زانیاری زیاتر لە‌ سە‌ر هە‌مان بابە‌ت، پێشەنگ هەڵەبجەیی، خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە ئەندازیاری ژینگە و ئە‌ندامی گروپی ژینگە ‌دۆستی ئە‌نجام، لە دیدارێكی زاری كرمانجی وەڵامی چەند پرسێكی تایبەت بە ژینگە دەداتەوە.

 *ئایە گرنگی ژینگە بۆ كۆمەڵگە چیە؟


 بابەتی ژینگە پرسێكی گەورەیە دەتوانین بڵێین ژینگە واتە ژیان گەر سەیری دەوروبەرمان بكەین وەك ئاو و دار و ئۆكسجین و هتد.... ئەمانە هەموو ژینگەن و هۆكاری سە‌رە‌كی ژیانن، بۆیە ژینگە ژیانە وە ژینگە هەموو شتێكی ئێمەیە، بەڵام گەر ژینگە وەك پارچەیەك لە فەنتازیا سەیر بكرێت ئەوا گرنگی ژینگە دورەكەوینەوە، بە‌داخە‌وە‌ لە جیهاندا وەك لایەنی دووەم سەیر دەكرێت، بۆیە توشی كێشەی گە‌ورە‌ی ژینگەیی دەبینەوە، دەبێت هەوڵ بدرێت ژینگە وەك ژیان سەیر بكرێت و گرنگی تایبەتی پێ بدرێت.

* ئایا وڵاتە پێشكەوتووەكان كارەكانیان لە ئاست ژینگەن؟‌ چیان بۆ ژینگە كردووە؟

دەتوانین بڵێین پێشەواو رابەری ژینگە لە جیهاندا وڵاتانی ئەوروپین، ئەو وڵاتانەی كێشە بۆ ژینگە دروستدەكەن، وڵاتە زلهێزەكانن، واتە ئە‌و وڵاتانە‌ی لە رووی ئابوری و سیاسی و سەربازیە‌وە‌ بەهێزن ، وەك چین و روسیا و ئەمریكا، گەر سەیر بكەین ئەم وڵاتانە گرنگی زۆر بە سامانی سروشتی دەدەن ئەمەش سەرچاوەی سەرەكی كار بۆندۆیكسایدە و ئەو مادانەن كە بەرگە هەوا پیسەكەن، هەر بۆیە ئەم وڵاتانە دژی بابەتی ژینگە دەوەستنەوە، بۆ نمونە ولاتێكی وەك ئەمریكا لە رێكەوتنامەی پاریسی 2015 دەكشێتەوە، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گوایە زیان بە ئابوری وڵاتەكەی دەگەیەنێت، واتە بابەتەكە رەهەندێكی سیاسی و ئابوری و سەربازی هەیە، هە‌روەه‌ا لە كۆنفڕانسی ژینگە‌یی (conference of parties ) كە لە پۆڵۆنیا ئەنجام درا بەڵگە نامەیەكیان بڵاوكردەوە كە ئاماژە بەچەند وڵاتێك كرابوو ژینگە پیسدەكەن و هۆكارن بۆ تێكچوونی ژینگە، چوار وڵات لەو كۆنفڕانسە هاتنە دەرەوە كە سعودیە و كوێت و ئەمریكا و چین بوون. ئەمانە ئەو وڵاتانە بوون كە نەوتیان هەبوو، بۆیە بابەتەكە زیاتر پەیوەندی بە ئابوری هەیە ئەو وڵاتانە زیاتر ئابووریان لا گرنگترە لە ژینگە، هەروەها ساڵانە رێپێوان و خۆپیشاندانی گشتی دەكرێت بۆ پشتگیری لە بواری ژینگە، بەڵام هەر نەتوانراوە بە رادەی پێویست گرنگی پێ بدەن، دەتوانین وڵاتەكان بۆ سێ بەش دابەش بكەین وەك؛

 ١. وڵاتانێك ئەیانەوێ كار بۆ ژینگە بكەن،  بەشێكی كەم لە‌ وڵاتان گرنگی بە ژینگە دەدەن. ٢

. كۆمەڵێك وڵاتی تر دەزانن ژینگە لە مەترسیدایە بەڵام ئامادەنین هیچ بكەن. ٣

. كۆمە‌ڵێك وڵاتانی تر لە توانایان دایە كار بۆ ژینگە بكەن، بەڵام ئەوانیش هیچ ناكەن. ئەم بابەتە كێشەیەكی گەورەیەكی گەورەی جیهانیە و پێویستەكا چارەسەری پێویست بكرێت لەبیر كردنەوەی دەوڵەتمە دارەكان لەسەر پرسی ژینگە‌. 


* ئایا گەورەترین دووژمنی ژینگە چیە؟


 پێش هەموو شتێك سەرسەخترین دوژمنی ژینگە چاوچنۆكی مرۆڤە، دوای ئەوەش جەنگ و هۆكاری سروشتی وەك لافاو و ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان هەروەها ماددەی پلاستیك و نەوت و گاز كاریگەری زۆریان لەسەر ژینگە هەیە. 


* ئەو هۆكارانەی ئاماژەت پێدا كاریگەریان لەسەر ژینگەی كوردستان هەیە؟


بەگشتی لە ساڵانی هەشتاكانەوە لە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە لەناو جەنگدابوون، لە دوای ئازادكردنی عێراقیش كۆمەڵێك رێكار ڕوویدا وایكرد كوردستان بكرێتەوە بەڕووی جیهاندا، ئەویش بووە هۆی زیادكردنی هاوردەی پلاستیك و بووە هۆی پیسبوونی ژینگەی كوردستان، چونكە سەرەتا پلاستیك وەك ئاسانكاریەكی ژیان سەیردەكرا، بەڵام لەلایەكی دی وایكرد ژینگەی كوردستان پیس بێت، تەنانەت لەبواری كشتوكاڵیش پلاستیك بەكارهات، كاتێك بەر و بوومە كشتوكاڵیەكان لەژێر خانوی پلاستیكی گرنگی پێدرا دواتر كاتێك لایلۆنەكە ئەتوایەوە ئەچووە ژێر خاك و وایكرد خاك بێ پیت بێت و زیانی ژینگە‌یی بە‌ خاكە‌كە‌ بگە‌یە‌نێت، جگە لەوانەش كوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و دە‌رەێنانی ئە‌م سامانە‌ش كاریگەری خراپی لەسەر ژینگە هەیە. 


* كوردستان لە چ ئاستێكی ژینگەیە؟


 هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 2003 ەوە گەشەسەندنی لە زۆر بواردا بەخۆیەوە بینی یەكێك لەو بوارانە بواری ژینگە بوو كە كۆمەڵێك هەنگاو نراو كۆمەڵێك یاسا دانرا كە بڕیار بوو جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخانەی هاتنە پێش بوونە بەربەست تا كاری جدی لە بواری ژینگە بكرێت، بۆ نمونە چارەسەری خۆل و خاشاكی سلێمانی ماستەر پلانی 30 ساڵەی بۆ دانرا بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێت، بەڵام بەهۆی هاتنی داعش و لاوازی ئابوری نەتوانرا جێبەجێ بكرێت، بەڵام خۆشبەختانە بەهۆی كاری رێكخراوەكان توانرا ژینگە جارێكی تر لە‌ رۆژە‌ڤی میدیاكاندا بمێنێتە‌وە‌ و گرنگی پێ بدرێ ، بۆ نمونە وەك گروپی ژینگە دۆستی كە لەم بوارەدا زۆر كاری باش و جدی كرد و ساڵی رابردوو كۆمەڵێك چالاكی زۆر كرا، هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بوو تا بابەتی ژینگەیی بگەیەنێت بە‌ هە‌موو لایە‌ك و تاكێكی بە‌رپرسیار بە‌رامبە‌ر ژینگە‌ پە‌روە‌ردە‌ بكات، بەڵام وەكو لایەنی بەرپرسیار و حكوومەت بەهۆی گرفتەكانی كوردستان و هاتنە پێشی قەیرانەكان وایكرد بابەتی ژینگە لە ڕووی حكوومی گرنگی ئە‌وتۆی پێ نەدرێت. ئەو گرنگیەی دراوە زۆربەی بەهەوڵ و ماندوبوونی و رێكخراوەكان بووە بە‌ گشتی هەوڵی جدیان داوە لە بەرزكردنەوەی ئاستی ژینگە.


* كێشە سەرەكیەكانی ژینگە لە كوردستان چین ؟


لە كوردستاندا بە‌داخە‌وە‌ هە‌موو بە‌ها‌كانی ژینگە‌ لە‌ ژێر هەڕە‌شە‌ی جدیدان، وەكو كێشەی پیس بوونی ئاو و وشكانی و هەوا، واتە ١. بەهۆی نەبوونی سیستەمی فلتەری كارگەكان و زۆری ئۆتۆمبێل و دووكەڵ و خراپی كوالێتی بەنزین ئەو هۆكارانەن هەوای كوردستانیان بەتەواوی پیس كردووە. ٢. گەر سەیری وشكانی كەین لەبەر ئەوەی هاونیشتیمانیان ئاستی تێگەیشتنی ژینگەیی زۆر نزمە وایكردووە لایەنی وشكانیشمان پیس بێ ٣. هەروەها لە ئاویشدا بەهۆی كێشەی ئاو لە وڵاتانی ئێران و توركیا و كەم كردنی رێژەی ئاو لەلایەنی ئەو وڵاتانە وایكردووە كێشەی ئاو لە هەرێمی كوردستان دروست بێ كە كاریگەری لەسەر كشتوكاڵیش دەبێت. 4. هەموار نەكردنەوەی یاسای ژینگە و جێبە‌جێنە‌كردنی كێشەیەكی گەورەیە كە هیچ كەس سزا نادرێت بەهۆی پیس بوونی ژینگە، هەروەها زۆربەی كۆمپانیا نەوتیكان هیچ تایبەتمەندیەكی ژینگەیان نیە كە دەكرێت لایەنی دادوەری هەڵبستێت بە كردنەوەی كەیس دژی ئەم شوێنانە و نەهێڵێ كە ژینگە پیس بكەن.5. كەمی سەوزایی كێشەیەكی تری ژینگەیە، دەبێ هەوڵ بدرێ ڕێژەی سەوزایی لە كورستان بگەینرێتە ئاستی ستانداردی جیهانی.


* رای تۆ چیە سەبارەت بە زبڵ و خاشاكی كانی قڕژاڵەی هەولێر و تانجەڕۆی سلێمانی ؟


دۆخی ئەو دوو شوێنە زۆر مەترسیدارە كۆمەڵێك كێشەی گەورەی ژینگەیان هەیە كە راستە‌وخۆ كاریگەریان لەسەر ئاوی ژێر زەوی و لەسەر ناوچەكە هەیە، زۆر جار لە چاوپێكەوتنەكانم ئاماژەم پێداوە دروستكردنی زبڵخانەیەكی تەندروست بۆ هەولێر و سلێمانی زۆر گرنگترە لە چە‌ند پڕۆژەیە‌كی تر كە‌ لە‌م دواییانە‌دا حكوومە‌ت گرنگیان پێدە‌دات، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی هەرێم ئاورێكی جدیان لەم بابەتە نەداوەتەوە كە ئەمە لێكەوتەی گەورەی هە‌یە، بۆیە ئەم بابەتە دەبێت بچێتە پێشینەی كارەكانی حكوومەت و كاری جدی لەسەر بكەن.


* بە شێوەیەكی گشتی چارەسەری كێشە ژینگەییە‌كان چیە؟


چارەسەری كێشەی ژینگەیی زۆر ئاسانە سەرەتا دەبێ تاك هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە بكات، گەر تاك هەستی بە بەرپرسیارێتی كرد ئەوكاتە زۆر كێشەی ژینگەوان چارەسەر دەبێت، بۆ نمونە بەكارهێنانی پلاستیك كەم بكاتەوە یاخود فرێدانی خاشاك نەهێڵێت، ئەمانە لە ئاستی تاك، لە ئاستی كۆمەڵگە پێویستەكی كۆمەڵێ كەمپینمان هەبێ كە بتوانین وڵاتەكەیان سەوز بكەینەوە، هەروەها لەئاستی حكوومەتیش هە‌مواركردنە‌وە‌ و جێبە‌جێكردنی یاسا ژینگەیە‌ بە‌ركارە‌كان، هەروەها بتوانرێ كێشەی ژینگەیی چارەسەركرێ لە ئاستی دادوەری سزای ئەو لایەنانە بدرێ كەسەر پێچی رێكارە ژینگەیەكان دەكەن ئەوكات كوردستانێكی پڕ لە ژینگەی تەندروست دروستەبێ.

                                                                                                               

زۆرترین بینراو