پێش هات و گۆڕانكارییەكانی جیهان دڵخۆشكەرن یان تۆقێنەرن ؟

نەوزادی موهەندیس

جیهان لە هیچ كات و سەردەمێكدا وەك ئێستا نەكەوتۆتە بەر مەترسی لەناوچوون و كارەسات و هیچ كاتیش هێندەی ئێستا بێ دەسەڵات دەرنەكەوتووە و كەم كاتیش بە هێندەی ئێستا لێكترازاو نەبووە. بۆیە جیهانی ئەمرۆِمان جیهانێكە بێ ڕابەرێكی ڕاستەقینە و بەهێزە و جەنگ و ململانێكانیش لەوپەڕی گەرمەیاندان و سەرەتایان هەیە و كۆتاییان دیار نییە، لەسەر هەموو ئاستەكان جیهان بۆتە كوورەیەكی پڕ ژیلەمۆی گڕگرتوو كە ئامادەیە لە هەر ئان و ساتێكدا گڕبگرێت و بتەقێتەوە. بەشێوەیەك ململانێ ناڕەواكانی سەركردە و وڵاتەكان پەرەی سەندووە هەریەكە لە هەوڵی بەدەستهێنانی زیاترین دەسكەوتی مادییە بۆ خۆی لە ڕێگەی فراوانخوازی و سەپاندنی هەژموون و خۆتێهەڵقورتاندنی گەورە و بچووكی بابەت و كێشە و ئاریشەكانەوە بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ كاریگەری هەبێت لەسەریان یان سنووریان بە سنووریانەوە بێت، بەتایبەتی وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و ئەوانەشی كە خۆیان بەزلهێزی ناوچەیی ناودەبەن یان حەز دەكەن ببنە گەورە و دەمڕاستی ناوچەكانیان. بەشێوەیەك بەم كار و كردەوەیەیان جیهانیان كردۆتە جیهانێكی بێسەروبەری پڕ فەوزا و بێخاوەن و بێ بڕیاردەرێكی ڕاستگۆ و ڕاستەقینەی بەتوانا.
ئەوەتا لە ناو ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەسەر بچووكترین بابەت كە كردنەوەی دەروازەیەكی مرۆڤانەیە بۆ هاوكاریكردنی لێقەومانی سوریا ڕێك ناكەون. یان لەسەر سزادان و لێپچینەوەی داگیركاری و دەستدرێژی و جینۆسایدكردنی كوردان لەلایەن توركیاوە نە كۆدەبنەوە نە باسیشی دەكەن. لەسەر مەسەلە مرۆڤایەتییەكان و ئاشتی جیهان و ڕاوەستاندنی جەنگەكان و كۆتایی هێنان و خاوكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان بەهیچ شێوەیەك لێكتێگەیشتنیان نیە، بەڵام بۆ دەسكەوتنی مادی خۆیان و بۆ مانەوەی هێز و توانا سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكانیان لەو پەڕی ڕۆژهەڵاتەوە پشتیوانی لە هێز و دەسەڵاتێكی تاكڕەو و خۆسەپێنی نامرۆڤانە دەكەن و دەیپارێزن، یان لە ئەروپا و ئەمریكای بەناو لانكەی دیموكراسییەتەوە هەوڵی مانەوە و بەردەوامی هێز و لایەنی دواكەوتوو كۆنە پارێزی وادەدەن كە بوونەتە بەڵا و پەڵەیەكی ڕەش بە تەوێڵی مرۆڤایەتییەوەو جگە لە سوود گەیاندنیان بۆ زلهێزەكان بەرهەمێكی ئەوتۆیان پێشكەش بە كۆمەڵگاكانیان و مرۆڤایەتیش نەكردووە.
ئاخر جیهانێك پڕاوپڕبێت لە ناكۆكی و ململانێی ناڕەوا وناعەدالەتی چ ئومێدێك بە ئایندەكەی دەمێنێت، جیهانێك كە تەنها مرۆڤ تیایدا نائارامە و ناخۆشگوزەرانە بەپێچەوانەی ئاژەڵ و ڕوەكەكانەوە گەرچی ئەوانیش كەمیان پێنەكراوە. ئیدی دەبێت چ دڵخۆشییەك هەبێت بەو جیهانە. جیهانێك پڕ بێت لە دووڕووی و بێویژدانی وكارەسات و جەنگ و كوشتن و بڕین ئیدی چۆن جێگەی ئۆقرەیی و مرۆڤدۆستی و پێشكەوتن و ئارامی تیادا دەمێنێتەوە. جیهانێكی لەو شێوەیە بێخاوەن و وەك جەنگەڵستان بێتە بەرچاو ئیدی بۆ ئومێدی درێژەدانی ژیانی بۆ بخوازرێت. جیهانێك پڕ پەتا و نەخۆشی و برسێتی و بێكاری و زوڵم و چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤ، دەبێت چ خێرێكی تێدا مابێت بۆ گوزەران. هەموو ئەمانە ڕاستی حاشا هەڵنەگرن و لە ڕەشبینییەوە سەرچاوەیان نەگرتووە، بەڵكو تادێت و بۆ ئایندەش ئاڕاستەی ڕووداو وپێشهاتەكان دڵخۆشكەر نین بەڵكو تەواو تۆقێنەر و ترسێنەرن بۆسەر ئایندەی تەواوی مرۆڤایەتی.هەربۆیە نابێت و كارێكی لۆژیكیش نیە كە ژیان و گوزەران لەسەر ئەم هەسارەیە بەم ئاڕاستە توندوتیژی و نامرۆڤانەیە تا سەر بەردەوام بێت. بەڵكو گەرەكە مرۆڤەكان و كۆمەڵگاكان و دەسەڵاتداران لە بیر و پلانی نوێدا بن بۆ ڕزگاركردنی تەواوی مرۆڤایەتی لە كەوتن و داڕمان و ڕۆچوونیان بەناو كێشە و گرفتە لە بن نەهاتوەكان.گەرەكە دەسەڵاتێكی بەهێزی یەك جەمسەری یان دوو جەمسەری بەهێز بێتە كایەوە كە توانای بڕیاردانی كۆتاییان هەبێت لەتەواوی مەسەلە مرۆڤایەتیەكاندا،نابێت و كارێكی عاقڵانەش نیە كە جیهان ببێتە جیهانێكی فرەجەمسەر ،چونكە هیچ كات ناتوانرێت هاوسەنگی هێز و نفوزەكانیان ڕابگرن هەربۆیە جیهان دەكەوێتە وێسگەیەكی پڕ مەترسی لە جەنگ و ململانێكانەوە كە زۆر دژواتر دەبێت لەوەی كە ئێستا هەیە.جیهانی فرە جەمسەر واتە جیهانی پڕ كێشە و گرفتی زیاتر.جیهانی نائومێدی و دابەشبوو بەسەر هێز و جەمسەری جیاوازدا،جیهانێك دوور لەیەكتر و نەیار بەیەكتر و ناحەز لەگەڵ یەكدا، جا جیهانێك بەم شێوەیە و بەو ئاڕاستەیەش هەنگاو بنێت ئەوا ئایندەیەكی ڕۆشن پێشوازی لێناكات.دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەمریكا چیدی ناتوانێت تاكڕەوانە سەركردایەتی هەموو جیهان بكات و بە پراكتیكیش لەهەندێك ناوەند وسەكۆی جیهانی كشاوەتەوە ئەمەش سەرەتای پاشەكشێ و دۆڕاندن و بچوكبونەوە و قەتیسبونێتی لە چوارچێوەی سنورەكانی خۆیدا یان ئەوپەڕی لە كیشوەری ئەمریكای باكووردا. دەوترێت ڕوسیا بەم ئاست و تەوژمەی ئێستای هێز و پێزی ساڵانی حەفتاكانی وەدەستدێنێتەوە ولە پاڵیشیدا چین ((ورچە خەوتوەكەی دونیا)) و مۆتەكە ڕاستەقینەكەی ئەمریكا هێواش هێواش لەگەشەكردندایە و لەهەوڵی گرتنە دەستی ڕابەرایەتی دونیا و مەقامی یەكەمی سیاسی و ئابوری و ئەمنی دونیاشدایە،هەرچەندە لەلایەن سیاسییەكانی چینەوە ئەمە ڕەتدەكرێتەوە. ڕەنگە ئەوروپای یەكگرتووش هەروا نەمێنێتەوە و دابەش ببێتە سەر جەمسەرەكانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و بەریتانیا كە ئەمانیش بۆخۆیان ناكۆك و دڕدۆنگ دەبەن لەگەڵ یەكتردا و لەگەڵ دەوروەبەریشدا، لە ئەمریكای لاتینیشدا بەڕازیل كاندیدە بۆ بون بە جەمسەری هێز.
بەم شێوەیە دونیای ئایندە دونیایەكی پڕ جەمسەری ناكۆك و دژ بەیەك دەبن لەبەر پێویستی و خواستە زۆر و زەوەندەكانی كۆمەڵگاكانەوە. بەمەش پێشبینی ڕوودانی جەنگی زیاتر و كارەسات و قەیرانی زیاتر دەكرێت لەتەواوی گۆی زەویدا.بۆیە جیهانێكی پڕ لە نائارامی و دوودڵی دێتە كایەوە و ئەوەی كە شاردراوەتەوە و نهێنیە بۆ هەموان زۆر ترسناكترە لەوەی بینیومانە و لە پێش چاومانە .هەربۆیە گەرەكە هەموان لەهەوڵی نەهێشتنی كێشە و گرفت و ململانێ ناڕەوا جیهانی و ناوچەییەكاندا بن بۆ دەربازكردنی جیهان و مرۆڤایەتی لە ئایندەیەكی تون و تاریك و بێ ئومێدی.

زۆرترین بینراو