پێویستەحكومەت پێداگری لەسەر باشتركردنی پرۆسەی پەروەردە بكات

پێویستەحكومەت پێداگری لەسەر باشتركردنی پرۆسەی پەروەردە بكات

بۆقسەركردن لەسەر پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لەهەرێمی كوردستان و ئەو پرۆگرامانەی كە ئێستا دەخوێندرێن لەناوەندەكانی خوێندن و زۆری كێشی هەندێك لەپەرتووكەكان و وشكی هەندێك لە پرۆگرامەكان ، بە پێویستمان زانی بۆئەو مەبەستە دیمانەیەك ساز بكەین ، لە گەڵ توێژەری دەروونی رەمەزان عەبدلرەحمان محەممەد كە نیشەجێی قەزای بەردەڕەشە لە سنوری پارێزگای دهۆك و هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە بەشی پەروەردەی دەروونناسی.
دیمانە: محەممەد مەحموود
پرۆسەی پەروەردەو فێركردن چۆن دەبینی لە كوردستان؟
لە ئێستادا ئەگەر تەماشا بكەین و روچوونێك بەناخی پەروەردە و فێركردن بكەین ، ئەبینین كە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان بەدەست چەند كێشە وگرفت دەناڵێنێت كە كاریگەری ڕاستەوخۆیان هەبووە لە سەر ئاستی هۆشیاركردنەوە و پێگەیاندن و زانستی و دەروونی قوتابیان، سەرئەنجام ئەگەر بە بۆچوونێكی تر دەری ببڕین لەرووی رووخسار و جەستەدا تاڕادەیەك زۆر باشە، بەڵام ئەگەر بچینە ناوەوە وبە ناخیدا شۆڕببینەوە دەبین پرۆسەی پەروەردە تووشی نەزیف و خوێن بەربوون بووە، بەداخەوە ئەبێت هەمووان لەهەوڵی ئەوەدابین بۆ چارەسەری كردنی و پێویستە حكومەتی نوێ پێداگری لەسەر چاك كردن و باشتركردنی پرۆسەی پەروەردە بكات و ببێتە ستراتیژی پلانەكانی.
ئایە ئەوەی ئێستا دەخوێندرێت وەك پڕۆگرام لەقۆناغی بنەڕەتی بەگونجاوی دەزانی؟
ئەگەر تەماشای بابەتەكان بكەین بەگشتی و بەتایبەتیش بابەتە زانستیەكان لە ئاستی ژیری و تەمەنی قوتابیدا نییە، گەورەتر و فراوانترە و زۆر بابەتی گران و زەحمەتی تێدایە بۆ ئەو قۆناغە ناگونجێت .
پێتوایە لە دانانی پڕۆگرام ڕەچاوی تەمەنی قوتابی كراوە؟
ئەگەر چاو پێ خشاندنێك بكەین بەباتەكان بەتایبەتیش لە قۆناغی بنەڕەتیدا، دەتوانین بڵێن نەخێر ڕەچاو نەكراوە بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەكی زۆر باشی بۆبكرێت.
پڕۆگرامەكانی خوێندن دەتوانن لەو ئاستە بن بەباشی بگەنە قوتابی؟
پڕۆگرامەكان لە قۆناغەكانی خوێندن بەگشتی بابەتی زۆر باش و سەردەمیانەی تێدایە و كابینە جیاوازەكانی حكومەت كاری زۆریان لە سەر پڕۆگرامەكان كردووە و گۆڕانكاری بەرچاویان تێداكردووە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا كاریان لەسەر نەكردووە هزرو ڕەفتاری مامۆستایانە كە ئەمە گۆڕانكاری و كاردانەوەی ڕیشەیی و مەزن دروست دەكات و لە ڕێگای ئەوانیشەوە دەتواندرێت بابەتەكان بگەیەنێت بە قوتابیان بەباشی و ئاسانتر، بەو ئومێدەی حكومەتی نوێ كاری زۆر باش بۆئەم بابەتەبكات .
كێشی زۆری پەرتووكەكان لەقۆناغی بنەڕەتی گرفتێكە بۆقوتابییان ناكرێت ناوەڕۆكی پەرتووكەكان كەمتر بكرێتەوە؟
كێشی زیاد و گرانی هەندێك لە پەرتووكەكان زیانی تەندروستی و جەستەیی دەگەیەنێت بە قوتابییان ، پێوەڕەكانی ساخلەمی كە لەڕووی جەستەیی لەتوانای هێزی قوتابیان زیاترە بۆیە زۆر ئاساییە بكرێت و پێویستەش پێداچوونەوەیەكی پێ بكرێت و بابەتەكان كورت بكرێتەوە و لەوفراوانیەدا تاڕادەیەكی زۆر، دەتواندرێت لەقۆناغەكانی تری خوێندندا بخوێندرێت.
وشكی پڕۆگرامی خوێندن بێزاری لای قوتابی دروست ناكات؟
بەڵێ‌ بەرێژەییەكی دیاركراو، بەڵام مامۆستایان ڕۆڵی كارا و كاریگەریان هەیە لەسەرئەوەی كە بابەتەكان بە رێگای وانەگووتنەوەی سەردەمیانە و لێهاتووی و كارامەیی و ئامرازەكانی فێركردن ، دەتوانن ئەو هەستە بەڕەوێنەوە و زۆریش كەمی بكەنەوە كە كاریگەری ئاوای نەبێت لەسەر دەروونی قوتابیاندا.
قوتابخانە دەتوانێ ڕۆڵی پەروەردەو فێركردن بەیكەوە ببینێت؟
ئەگەر بگەرێینەوە بۆ سەدەی ڕابردوو و سیستەمی خوێندن و فێركردن لە قوتابخانەی پێشووی وڵاتی خۆماندا تا ئاستێكی بەرزدا كراوە و كردوویانە ، بەڵام لە ئێستادا تا ڕێژەیەكی بەرزدا ئەوەی هەستی پێ دەكرێت و زۆرێكیش تێبینی و سەرنجیان هەیە لەسەری كە ناكرێت و ئەو ڕۆڵەی جاڕانی نەماوە ئەویش فاكتەر و هۆكار گەڵێك هەن بۆ ئەو بابەتە كە گۆڕانكاری لە بەرپرسیارەتی و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و خێزانی و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و پێداویستیەكانی سەردەمیانە و گەلێك هۆكاری تریش لەم رووەدابوونیان هەیە.
هێنانی نمرەی بەرز نیشانەی زیرەكی قوتابییە؟
نەخێر، نمرە ناكرێتە پێوەری زیرەكی قوتابی،بەڵام ئەگەر سەیر بكەین دەبینین ئێستا لە بەشێك لە ناوەندەكانی خوێندن بەداخەوە زۆرێك وەك پێوەر بەكاریان هێناوە و مامەڵەشیان لە گەڵ كردووە .
چۆن بتوانین پەروەردەێكی تەندروستمان هەبێت لەڕێگای ناوەندەكانی خوێندن؟
هەبوونی پڕۆگرامێكی تەندروست و سەردەمیانە كەبگونجێت لە گەڵ ژینگەی هەرێم و لەگەڵ ئەمەشدا هەبوونی مامۆستای ڕاهێندراو بە تازەترین ڕێگاكانی وانەگووتنەوەی سەردەمیانە و چۆنیەتی سەرەدەری و مامەڵەكردن لە قوتابییاندا و بینایەی مۆدرێن و تەواوی ئامرازەكانی فێركردن و زانین، لەگەڵ دابین كردنی ژینگەییەكی پەروەردەیی و ڕەچاوكردنی لایەنی دەروونی و فاكتەرەكانی كەئارامی و هێمنی دەبەخشێت بە دەروونیانی قوتابیاندا، ڕاستەوخۆ دەبنە پاڵپشت و یارمەتی دەر بۆ ئەوەی پەروەردەییەكی تەندروست و نەوەیەكی دەروون دروست و كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو و لێی بەرهەم بهێندرێت كە پڕۆگرامەكە تەواوی پێداویستی و حەز و خولیاكاندا لەخۆبگرێت و ژینگەشی بۆ برەخسێندرێت كە بەپڕاكتیك پراكتیزە بكرێت لە ناوەندەكانی خوێندا.بەئومێدی دانانی پڕۆگرامێكی تەندروست و دەروون دروست بۆ هەمووان.

زۆرترین بینراو