پێویستە لایەنە سیاسییەكان هێرشی میدیایی راگرن

پێویستە لایەنە سیاسییەكان هێرشی میدیایی راگرن

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات هەرچی زووە شەڕی میدیایی نێوان پارت و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان رابگرن و پەیامی ئاشتی و یەكگرتن بڵاو بكەنەوە.
محسن دۆسكی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" سەرەڕای شەڕی ئابووری بەغدا لەگەڵ كوردستان و باری خراپی ئابووری و تەشەنەكردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و سوتاندنی بەرووبوومی جووتیارانی كورد و تەعریبكردنی كوردستان، كە هەموومان لە نائارامیەكی دەروونی زۆر خراپداین، لەم بارودۆخە هەستیارەدا هیچ رەوا نیە پارتە سیاسییەكان خەریكی شەڕی میدیایی بن دژ بە یەكتر".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی گووت" پێویستە كادیر و ئەندامانی هەردوو حیزب ئاوێك بەم ئاگرەدا بكەن، چونكە قوناغەكە وا دەخوازێت بە پەلە پارتی و یەكێتی هێرشی میدیایی راگرن و لەم جەژنەدا موژدەی یەكگرتن و ئاشتی و تەبایی بدەنە خەڵكی كوردستان.
دۆسكی، ئاماژەی بەوەشكرد" ئەو كێشە بچووكانەی هەن بە سەركردەكانی هەردوو لا بە ئاسانی چارەسەر دەكرێن، ئەگەرنا ئەم رەوشەی هەیە بەردەوام بێت، هەموو لایەكمان زەرەر دەكەین".