پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتن

پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتن

چاوپێكەوتن –رائیب شێروانی
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" مستەفا كازمی پەیوەندی لەگەڵ كورد باشە و لە بەرژەوەندی ئەودایە كە حكوومەتەكەی سەركەوتوو بێت، بۆیە كێشە و قەیران بۆ هەرێمی كوردستان دروست ناكات. دەشڵێ :" پارتی و یەكێتی بە دەرەجە یەك بەرپرسن لەوەی كە سەدان پۆستی كورد لە بەغدا بە بەتاڵی بمێنەوە و تا ئێستا پڕ نەكراونەتەوە.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند:" مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كەسێكی ئارامە، لەگەڵ كورد پەیوەندی باشە، لە بەرژەوەندی ئەو دایە كە حكوومەتەكەی سەركەوێت، سەركەوتنی ئەو حكوومەتەش بەندە بەوەی كە قەیرانی بۆ دروست نەبێت لەگەڵ هیچ پێكهاتەیەكی عێراق، بۆیە پێموانیە كە كازمی كێشە و قەیران بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، بۆیە كازمی باشە لەگەڵ كورد و دەیەوێت باش بێت، دەمێنێتەوە لەسەر كوردستان كە دەبێت لەگەڵ مستەفا كازمی باش بێت، كوردستانیش دەبێت ئەو ئیلتزاماتە دەستووریانەی كە لەسەر یەتی پێویستە جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی دەرفەت دروست نەبێت بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت گێجەل بە كازمی بكەن، وەكو ئەوانەی كە گێجەڵیان بە عادل عەبدولمەهدی كرد، ئەو رێگەیان دەست نەكەوێت، بۆیە نابێت كوردستان بە دەستی خۆی كێشە بۆ خۆی دروست بكات، جگە لەوەی بە شێوەیەكی گشتی سیاسەت كردن لە عێراق تەنیا بە دەست سەرۆكوەزیرانەوە نیە، كۆمەڵێك فراكسیۆن و حزبی گەورە هەن توانایان هەیە كە لە پەرلەمانەوە كێشە بۆ سەرۆكوەزیران دروست بكەن، هەتا متمانەی لێ وەربگرنەوە، بارودۆخی دەرەكیش كاریگەری لەسەر حوكمڕانی لە عێراق هەیە، پەتای كۆڕۆنا تا چەند ئیفلیجی بۆ حكوومەت زیاد دەكات و كاریگەری لەسەر ئابووری جیهان دەبێت، ئەوەی دیكە نرخی نەوت، كە 90% داهاتی عێراق لەسەر نەوتە، تا چەند نرخی نەوت هەر لە داشكان دەبێت و قەیرانی گەورە دروست دەكات بۆ داهاتی عێراق، ئەمانە هەموو كاریگەریان هەیە لەسەر ئەوەی كە ئایندەی عێراق چی بەسەر دێت و كازمی لە داهاتوودا چی دەكات.
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێ :" هەولێر و بەغدا بنەمایەكیان هەیە بۆ رێككەوتن ئەویش بریتییە لە دەستوور، بۆیە پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور رێككەوتن بكرێت پاشان رێككەوتنەكان بكرێن بە یاسا.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكراشی كرد:" دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی كە پەتای كۆرۆنا تا چەند رێگە دەدات كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، رێككەوتنە سیاسییەكان تا چەند ئامادەن بۆ دەنگدان بۆ تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی مستەفا كازمی، چونكە تا ئێستا رێككەوتنی سیاسی ئامادە نییە بۆ ئەو كارە، پشووی جەژنیش رێگەی نەدا، پەتای كۆرۆنا لە عێراق كەمێك چالاك بۆتەوە ئەمانە هەموو كاریگەرن لەسەر تەواوكردنی كابینەی مستەفا كازمی، بەڵام بە بڕوای من ئەو كاندیدانەی كە پێویستە ئامادە بن رێككەوتنە سیاسییەكان تەواو بكرێن دوور نیە بەم نزیكانە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان بكرێت، بەلایەنی كەم دەنگدان بۆ دوو بابەتی زۆر گرنگ ئەگەر پێكەوە ئامادە بن، یەكەمیان دەنگدان بە كابینەی حكوومەت و تەواوكردنی كابینەی كازمی، دووەم دەنگدان بە یاسای بودجەی تەواوكاری ئەمساڵ.
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەران گووتیشی :" باس لەوە دەكرێت، زیاتر لە 400 پۆستی كورد لە بەغدا بە بەتاڵی ماونەتەوە بۆیە بەلایەنی كەم سەدان پۆست ماونەتەوە و دەبوایە كورد تا ئێستا ئەو پۆستانەی وەرگرتبانەوە، جگە لەوەی بەشێك لە پۆستەكانی كورد پڕ نەكراونەتەوە خەڵكێكی دیكە بە وەكاڵەت بەڕێوەیان دەبات، قەیرانەكە لەو بوارە قولە و پێویستی بە چارەسەرێكی جددییە، جگە لەوەی پارتی و یەكێتی بە دەرەجە یەك بەرپرسن، دوای ئەوە ئەو دەنگە ناحەزەی كە لە عێراق دژی كورد هەیە، ئەوەش كاریگەری هەبووە، بەڵام ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی و سوور نەبوونیان لەسەر ئەوەی كە ئەوە بكەنە مەرجی دەنگدان بە هەر حكوومەتێك، یان هەر رێكەوتنێك، بۆیە لەو ماوەیەدا دەیان توانی زۆر شت بكەن، بەڵام بەداخەوە نەیان كرد".

زۆرترین بینراو