پێویستە مامۆستا رۆڵی هەبێت لە هاندانی قوتابییان بۆ خوێندنەوە

پێویستە مامۆستا رۆڵی هەبێت لە هاندانی قوتابییان بۆ خوێندنەوە

رەمەزان هەرنی – مێرگەسۆر : پەرتووكخانەی گشتی مێرگەسۆر لە ساڵی 2010 كراوەتەوە زیاتر لە 6 هەزار پەرتووك لەو پەرتووكخانەیەدا هەن، بەرێوەبەری پەرتووكخانەی گشتی مێرگەسۆریش دەڵێ:" ئاستی سەردانیكەرانی خوێندنەوە بۆ پەرتووكخانە لە ئاستێكی مامناوەند دایە.دەشڵێ:" تەكنەلۆجیا كاریگەری زۆری كردۆتە سەر پەرتووكخانەكەمان و خوێنەر كەمتر گرنگی بە خوێندنەوە دەدات، هەروەها كەموكوڕیمان زۆرە ئەوەش هۆكارە بۆ كەمی چالاكییەكانمان.
مستەفا جادر مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری پەرتووكخانەی گشتی مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی گوت:" پەرتووكخانەی گشتی مێرگەسۆر لە ساڵی ٢٠١٠ كراوەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠٠ پەرتووك لە گشت بوارە جیاوازەكاندا لەو پەرتووكخانەیەدا هەن، زۆربەی پەرتووكەكان بە زمانی كوردی نە و رێژەی خوێنەر لە ئاستێكی مام ناوەند دایە.
مستەفا، گووتیشی:" تەكنۆلۆجیا كاریگەری زۆری كردۆتە سەر پەرتووكخانەكەمان و دەتوانم بڵێم كاریگەری لەسەر زۆربەی پەرتووكخانەكان دروستكردووە و خوێنەر كەمتر گرنگی بە خوێندنەوە دەدات، بەڵام خۆشبەختانە زۆربەی خوێنەرەكانمان چینی گەنجان و قوتابی زانكۆ و پەیمانگاكانن، زیاتر لە بواری مێژوو و ئەدەبیات گرنگی بە خوێندنەوە دەدەن بەو پێیەی زۆربەی پەرتووكەكانی پەرتووكخانەی گشتی مێرگەسۆر زمانی كوردین.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو:" پەرتووك سەرچاوەی پەروەردە و فێركردن و رۆشنبیر كردنی گەنجان و قوتابیانە، بۆیە قوتابیان سوودێكی باش لە پەرتووك دەبینن قوتابیانی سنوری قەزای مێرگەسۆریش بە هەمان شێوە، مامۆستا رۆڵی تایبەت دەبینێت لە هاندانی قوتابیان بۆ خوێندنەوەی پەرتووك، بە خۆشحالیەوە لە پەرتووكخانەی گشتی مێرگەسۆر پەرتووكی نووسەری دەڤەری بارزانمان هەیە و زیاتر لە بواری مێژوو، مێژووی بارزانییەكان نووسراون ئەوان زیاتر خۆێنەریان هەیە.
مستەفا ئەوەشی ئاشكراكرد :" بۆ ئەوەی خوێنەری زیاترمان هەبێت لە پەرتووكخانەكان پێویستە زیاتر لە قۆناغەكانی خوێندن زانكۆ و پەیمانگاكان مامۆستایان هانی قوتابیان بدەن كە پەرتووك بنیاتنەری تەكنەلۆجیا و كۆمەڵگایەكی سەركەوتووترە، هەروەها پەرتووكمان دابەشكردووە بەسەر قوتابخانەكان، بەسەر ئەو گەنجانەی حەزی خوێندنەوەیان هەیە و هەوڵمان داوە بە پێدانی كۆمەلێك پەرتووك بە مەبەستی كردنەوەی پەرتووكخانەی بچووك لە ماڵەوە یاخود لە شوێنی كاركردنیان.
مستەفا جادر، بەڕێوەبەری پەرتووكخانەی گشتی مێرگەسۆر ئەوەشی روونكردەوە:" كەموكوڕی زۆرمان هەیە لە رووی ماددی و مەعنەوی، هەوڵیشمان داوە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی پەرتووكخانەی گشتی هەولێر تا بتوانین زیاتر گرنگی بە پەرتووكخانەكەمان بدەین، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا كەمتر گرنگی بە پەرتووكخانەكان دەدرێت ئەمەش هۆكارە بۆ كەمی چالاكییەكانمان".

زۆرترین بینراو