پێگەی ئافرەت لە سێكتەرەكانی ژیاندا

جوان كەبیر

لە دێرزەمانەوە ئەگێرنەوە، شەرم بوو ئافرەت لەشوێنێك دانیشێت كە پیاوی لێبووایە، هەتا دوبوایە شوێنی نان خواردنیشیان بە جیابووایە، ئەمەش نەك بۆ شكاندنەوەی ئافرەت، بەڵكو خوگرتن بووە بە كلتور و رێساكانی ئەو كاتی كۆمەڵگەبووە. بەدرێژایی ئەو زەمانە، تواناكانی ئافرەت كپ ئەكرا، بەوەی پێی ئەوترا تۆ كارت بەدەرەوە نەبێت، ئەوەی لەسەرتە تەنها بەخێوكردنی مناڵ و ئامادەكرنی ماڵێكی گەرم و گور و شاهانەیە، بۆیە رۆڵی ئافرەت لە دروستكردنی خواردن كورت دەكرایەوە.
دواتر وردە وردە ئافرەت هاتە نێو بواری خوێندن و كایەی ڕۆشنبیری، لە پاڵ پیاوان دەستیان خستە هەموو بوارەكان وەك هاوكارییەك بۆ پیاوان. گەر نموونە وەرگرین، لەكاتی شۆڕشەكانا ئافرەتان لە رۆڵی پێشمەرگەیایەتی بینیوە، لەماڵیشدا دایكووە، لەدەرەوە و شار و كۆلانا فرۆشیاربووە و بەرهەمی دەستیان هەبووە. واتە بەرهەم هێنەر بوون و پشتیان بەخۆیان ئەبەست و هاوكاری پیاوەكان بون، تەنانەت هەندێكیان زوو خۆیان ئەدۆزیەوە لەبوارێكدا و زووتر ئەچونە نێو مەیدانی دەرەوە و پشتیان بەتواناكانیان ئەبەست. تا گەشتن بەم ئاستەی ئێستا و شان بەشانی پیاوان كاردەكەن لە هەموو بوارەكاندا. تەنانەت لە پسپۆریەتی سیاسەتیش ئافرەت ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە، بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش نموونەی زیندوون هەن، بۆیە زۆرجار ڕەگەزی مێینە بەر لێشاوی ڕەخنەی كۆمەڵگە دەكەوێ، گوایە ئافرەت بەكار ئەهێنرێ و مافەكانی پێشێل ئەكرێ، بەتایبەت لە ڕەگەزی بەرامبەر گلەی ئەوە بەدی دەكرێ كە تێكەڵبوونی ئافرەت و دەست خستنە نێو كار وایكردووە رەگەزی نێر زوربەی جار لە كاركردن بێبەش بن و زۆربەی هەڵیكار لەدەست بدەن. لە رەخساندنی هەڵیكاردت، زۆرجار تەركیز دەخرێتەسەر جوانی ئافرەت، گوایە لە زۆربەی هەڵی كارەكاندا، ئافرەت سوكایەتی پێئەكرێت و بەپێی جوانی نەك لێهاتوویی كارەكەی پێ ئەدرێت، یاخود لە بواری سیاسیدا رەخنەگران ئەلێن ئافرەت بەهەست و سۆزەوە بڕیار ئەدات و ناگونجێ لەگەڵ كاردا...هتد. ئەمانەو چەندین رەخنە ئەگیرێت لەدەركەوتنی ئافرەت، تەنانەت زۆربەی جار ئافرەتێك بە ناوبانگ ئەبێت بەهۆی كارەكەی یاخو كارێكی سەربەخۆ ئەكات ئەوا چەندان توانجی لێ ئەدرێ و رەخنە باران ئەكرێ لەجیاتی ئەوەی هان بدرێ.
یاخود ئەلێن كە ئافرەتەكە لەژێر كۆنتڕولی خێزانەكەی دەرەچێت و زۆربەی جار توشی هەڵە ئەبێت، بەڵام بەپێچەوانەی ڕەخنەكان چەندین تێڕوانینی ئەرێنی هەیە دەربارەی كاركردنی ئافرەتان، بۆیە بە دڵسۆزانەتر لە پیاوان كار ئەكەن
و وورد تر و بەسەرنج تر ئەركەكانیان ڕائەپەڕێنن، لەكاتێكدا ئافرەت دەتوانێ چەندین ئەرك بەڕێ بكات. سەبارەت بەبەكارهێنانی ئافرەت بۆ كەسایەتی ئافرەتەكە ئەگەڕێتەوە لەهەر كوێیەك بێت و هەر كارێك بكات ئەوا ئەتوانێ كەسایەتی خۆی بپارێزێت و نەهێلێ بەكار بهێنرێ ,كاركردنی ئافرەت زیاتر كارئاسان كردنە بۆ پیاوان چونكە زۆربەی جار ئافرەتان كارێك ئەكەن كە پیاوان هەر پێی ڕازی نابن، بۆچونە ئەرێنیەكان نە نەرێنییەكان سەبارەت بەكاركردنی ئافرەت لەبن نایەن چونكە بەپێی كۆمەلكا و سەردەم لەگۆراندان و لەژمارەنایەن. بەڵام ئەوەی پێویستە جەختی لێوە بكرێ ئەوەیە كە پێویستە ئافرەت لەهەمو بوارەكانا پشت گیری لێبكرێ و هانبدرێ ئافرەتان بڕبڕەی پشتی كۆمەلگەن، وەك ئەلێن لەپشت هەر پیاوێكی سەركەوتوو ئافرەتێك هەیە.
ئافرەت لە خواردن دروست كردنا بەهرەمەندە، ماڵ بە گوڵ ئەڕازێنێتەوە، لەكاتی توڕە بووندا بە گوڵێك ئاشتە بێتەوە، لە شوێنی كاركردندا گول ئاسایە، كە ئەمانە ئاماژەی ئەوەن ئافرەت ئاشتی خوازەو ئەشێ سەركردەبووایە لەكاتی جەنگ نەبووایە یاخود چەكەكەی هەر گول بووایە. بۆیە ئافرەتان كپ مەكەن بیركردنەوەكانیان ئەشێ رزگاركەری كۆمەلگە و جیهان بن بەداهێنان و تواناكانیان. ئافرەتانیش نابێت دەستەوەستان بن و گرنگی خۆیان ئەبێ وەدەرخەن و بیسەلمێنن كە تەواوكەری ڕەگەزی بەرامبەرن.
لەلایەكی ترەوە ئافرەت وا را ئەهێنرێ كە هەر پشت بە رەگەزی بەرامبەر ببەستێ لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، هەرچەندە بەتوانا بێت بێ مۆڵەت یاخود هاوكاری ئەوان واهەست بكات هیچی لەدەست نایە، یاخود متمانەی بە خۆی نییە، ئەمانە هەمووی كاری گەری نەرێنی لەسەر ئافرەتەكە دروستەكەن. پێویستە ئافرەت متمانەی بەخۆی هەبێت لەسەر كارێك كە ئاسایی و یاسایی بێت پێویستە لەهیچ نەترسێت. بەلێ ڕەخنە، توندو تیژی، هەڕەشە، توانج...هتد هەمووی هەر ئەبێت، بەڵام ئەمانە هەمووی لەلایەك و متمانەبوونی ئافرەتەكە بەخۆی لەلایەكی تر. كە ڕێگری لێ بكرێ لەو كارەی ویستی لەسەر هەیە، ئەوا ناتوانێ حەقیش بدات بەو كارەی ڕێی پێدراوە بیكات، یاخود زۆر جار ئەبیستین پیاوان خۆیان بەدوور ئەگرن لەو ئافرەتانەی خاوەن كارن بۆ مەبەستی هاوسەرگیری بەبیانووی ئەوەی لە ژێر كۆنتڕۆلی پیاوەكە نامێنێتەوە و ناتوانێ ئەركەكانی لەماڵ جێبەجێ بكات یاخود دوورەكەوێتەوە لە پەروەردەی منالەكانی، بەڵام هەموو ئەمانە ئەكرێ بە رێككەوتنی هەردوولا چارە بكرێت، نەك كاركردنی ئافرەت بكرێ بەبیانوو، چونكە كاركردنی ئافرەت جۆرە نوێگەرییەكی خوڵقاندووە لە سوودی كۆمەلگەیە، ئەمەش دەرخەری توانای ئافرەتە لە دروستكردنی گۆڕانكاری لە گشت بوارەكاندا.
خۆشبەختانە لە ئێستادا، زۆرێك لە دامودەزگا و دامەزراوەكان كارمەندی ئافرەت هەیە و زۆربەی خێزانەكان هانی كچانیان ئەدەن بخوێنن تا سەركەون و ببنە خاوەن كاری خۆیان. لەكۆتاییدا ئەوەی ئەمەوێ ئاماژەی پێبدەم و جەختی لەسەر بكەمەوە، هاندانی ئافرەت و كچانە تا لە گۆشەی ماڵدا بەهرە و تواناكانیان حەشار نەدەن و بە بوێری و ئەو پەڕی متمانە بەخۆ بوونەوە بێنە نێو گۆرەپانی ژیان و دونیاوە.

 

زۆرترین بینراو