پەرتووكخانەی گشتی لە بلێ 17 هەزار پەرتووكی هەیە

پەرتووكخانەی گشتی لە بلێ 17 هەزار پەرتووكی هەیە

ئا: رەمەزان هەرنی: لە شارۆچكەی بلێ لە دەڤەری بارزان پەرتووكخانەی گشتی د. ڤیلاردۆ هەیە كە چەندین ساڵە دامەزراوە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی و قوتابی بۆ خوێندنەوەی پەرتووكەكان سەردانی پەرتووكخانەكە دەكەن. بەرێوەبەری پەرتووكخانەكەش ئاشكرا دەكات:" فراوانبوونی تەكنەلۆژیا كاریگەری كردۆتە سەر بواری خوێندنەوەی پەرتووك.
سەربەست شێخ شەفیع بارزانی، بەڕێوەبەری گشتی پەرتووكخانەی د. ڤیلاردۆ لە شارۆچكەی بلێ لە دەڤەری بارزان بە زاری كرمانجی راگەیاند : " د. ڤیلاردۆ كەسایەتیەكی یونانی یە رێكخراوێكی خێرخۆازی ئەلمانی هەیە لە بواری پەروەردە كار دەكات لە كاتی خۆی لە ساڵی 2001 بینای پەرتووكخانەی د. ڤیلاردۆ لە شارۆچكەی بلێ لە دەڤەری بارزان دروست كرد، پەرتووكخانەی گشتی د. ڤیلاردۆ لەسەر بڕیاری نێچیرڤان بارزانی دروستكراوە لە ساڵی 2001 بە یارمەتی رێكخراوی خێرخوازی ئەلمانی بەسەرپەرشتی د. ڤیلاردۆ رێكخراوی لاڤ بریدج واتە پردی خۆشەویستی دامەزرا، ئەم رێكخراوە كاری زۆریان كردووە لە كوردستان بە تایبەت لە دەڤەری بارزان وەك باخچەی ساوایان و چەندین بینایی تر دروستكراون.
ناوبراو ئەوەشی خستەروو:" ژمارەیەكی یەكجار زۆر سەرچاوە لەناو پەرتووكخانەی گشتی د.ڤیلاردۆ هەنە لە شارۆچكەی بلێ و زیاتر لە 17 هەزار پەرتووكی جۆراوجۆر هەنە، سیستەمی پەرتووكخانەی گشتی د.ڤیلاردۆ جیهانییە و لە هەموو جیهان ئەو سیستەمە پەیڕەو دەكرێت بۆ خوێنەران، زۆربەی پەرتووكەكان بە زمانی كوردی و فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی و لاتینی هەنە پەرتووكەكان جۆراوجۆرن، بەڵام زۆرترینیان پەرتووكی كوردی و فارسی نە، ئێستا زیاتر لە 2000 ئەندامی هەیە رۆژانە و هەفتانە و مانگانە سەردانی بینایی پەرتووكخانە دەكەن بۆ وەرگرتنی پەرتووك بەمەبەستی خوێندنەوە، ئەو كارتەی لە پەرتووكخانە بۆ ئەندامەكانمان دروست دەكەین كارتێكی متمانە پێكراوە لە دەرەوەی كوردستانیش گرنگی خۆی هەیە تایبەت رەوەندی كورد ئەندامی ئێمەن و باس لە گرنگی پەرتووكخانەی د. ڤیلاردۆ دەكەن لەدەرەوەش گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە.
بەرێوەبەری پەرتووكخانە ئەوشی ئاشكراكرد:" ئێستا سیستەمی خوێندنەوە زۆر گۆڕاوە رێژەی خۆێنەر بەگشتی كەمبۆتەوە لەچاو ساڵانی پێش فراوانبوونی تەكنەلۆژیا، قوتابی لەكاتی دەوامی خوێندن و رۆژانەش ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان هەیە سەردانمان دەكەن، بەڵام بەگشتی ئاستی خوێندنەوە زۆر كەمبۆتەوە هەماهەنگیمان كردووە لەگەل مامۆستایان تا رێگەیی زیاتر بە قوتابییەكان بدەن سەردانی پەرتووكخانە بكەن بۆ خوێندنەوەی پەرتووكی گشتی رێژەی زۆری سەردانیكەرانی پەرتووكخانەكەمان قوتابین، پلانی زۆرمان داناوە بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی خوێنەر راكێشین و ژمارەیان زیاتر بكەین، وەك كردنەوەی پێشانگای پەرتووك و ناساندنی پەرتووك لەگەڵ كردنەوەی خولی فێربو‌ونی زمان.
سەربەست شێخ شەفیع بارزانی ئەوەشی روونكردەوە:" پەرتووك یەكێكە لە نزیكترین دۆستەكانی مرۆڤ لە توانای دایە مرۆڤ خۆی پێ دروستبكات و ئاستی رۆشنبیری خۆی بەرز بكات و كومەڵگا وشیار بكاتەوە بەتایبەتی گەنجان، توانیومانە زۆر سوود بە كومەڵگا بگەینین لە هەموو بوارێكەوە وەك كەرتی كشتوكاڵ و هەنگەوانی كە بەرێگای پەرتووك توانیویانە بەرهەمەكەیان پەڕەی پێبدەن، لە هەمانكاتدا لە بواری زمانی ئینگلیزی سوودی زۆرمان بەدەڤەرەكەمان گەیاندووە و تا ئێستا سێ خولی زمانی ئینگلیزی مان كردوونەتەوە لەگەڵ پێشانگای پەرتووك.
بەرێوەبەری پەرتووكخانەی د.ڤیلاردۆ ئەوەشی گۆت:" لە رێگای سەرووی خۆمان داوامان كردووە كە بەردەوام پەرتووك بۆمان بنێرن و دابین بكەن سوپاس بۆ پەرتووكخانەی گشتی هەولێر و خاتوو ناز فەلەكەدین كاكەیی كە بە بەردەوام لە بواری ناردنی پەرتووك بۆمان یارمەتی دەرمانن داواكارین لە دەزگاكانی چاپ و راگەیاندنی سپیرێز، مۆكریانی، هن باڵە و بۆرینە و دەزگاكانی هاوشێوەی ئەوان كە یارمەتیمان بدەن لە بواری زیاتری پەرتووك، لە هەمانكاتدا رێژەیەكی زۆر پەرتووك مان هەیە، بەڵام پێویستمان بە سەفەرە تایبەت بۆ وڵاتی ئێران بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتر كۆبكەینەوە بۆ پەرتووكخانەی گشتی د. ڤیلاردۆ لە بلێ، چونكە پێویستمان بە بەرهەمی تازە هەیە بە زمانی فارسی.
سەربەست شێخ شەفیع بارزانی ئەوەشی خستەروو:" ئێستا هەموو شتێك بۆتە تەكنەلۆژیا و كاریگەری لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان دروستكردووە و كاریگەریەكی یەكجار زۆر لەسەر بواری پەرتووك دروستكردووە و رێژەی خوێنەر كەم بۆتەوە، بەهۆی فراوانبوونی تەكنەلۆژیا لە كوردستان و جیهان دا، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەوەی مەبەستی خوێندنەوە بێت دەتوانێت بەرێگای تەكنەلۆژیا سوودی زۆر ببینیت لە فراوانبونی تەكنەلۆژیای سەردەم، بەڵام خوێندنی پەرتووك بە شێوازی كاغەزی تایبەتمەندی خۆی هەیە لەوەی لە شاشەیەكی كارەبایی بخوێنیتەوە، داوا دەكەم خوێنەری زیاتر سەردانی پەرتووكخانە بكەن و پەرتووك بخوێنەوە خوێندنەوەی پەرتووك سودی زۆری بۆ كۆمەڵگا هەیە.
بەرێوەبەری پەرتووكخانە ئەوەشی گوت:" پلانیشمان هەیە هەفتانە باخچەی ساوایان دوو جار سەرەدانمان بكەن بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنایەتیان هەبێت لەگەڵ پەرتووك فێری خوێندنەوە و زانست ببن ، لەگەڵ ناساندن و شرۆڤەكرنی بەرهەمەكانی گشتی بۆ قوتابیان و باخچەی ساوایان.
ناو براو لە كۆتاییدا ئاماژەی بە ئەوەدا:" ئێستا هەندێك بەشی بینایی پەرتووكخانە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە لەگەڵ دابینكردن و زیادكرنی رەفەی هەڵگرتنی پەرتووك، لە هەمانكاتدا ناوچەی بارزان شاخاویە و پێویستمان بە سووتەمەنی زۆر هەیە بۆ وەرزی زستان".

زۆرترین بینراو