پەرلەمانی كوردستان ئیدانەی تەقینەوەكانی كەركووكی كرد

پەرلەمانی كوردستان ئیدانەی تەقینەوەكانی كەركووكی كرد


شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی 30ی ئایار، 7تەقینەوەی بەدوایەك شاری كەركووكی هەژاند، دواین ئاماری قوربانیانی ئەو زنجیرە تەقینەوە كە راگەیندرا بریتی بوو لە گیان لەدەستدانی 3 كەس كە دوانیان ژنن و 28 كەسی دیكەش برینداربوون، تەواوی تەقینەوەكانیش بە هۆی بۆمبی چێنراوەوە بوونە.
لە لای خۆشیەوە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیندراوێك ئیدانەی تەقینەوەكانی شاری كەركووك كرد.
ئەمەیش دەقی ڕاگەیەندراوەكە..
دڵگران وغەمبارین بەبیستنی هەواڵی هێرشە تیرۆریستییەكانی دوێنێ شەوی شاری كەركووك و بەتوندی ئیدانەی ئەم كارە قیزەونە دژ بەهاووڵاتیی سیڤیلی شاری كەركووكی خۆشەویست دەكەین و لەخودای گەورە داواكارین شەهیدان بە بەهەشتی خۆی شاد بكات و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
وەك لای هەموولایەك روون و ئاشكرایە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 ڕەوشی ئاسایشی شاری كەركووك و دەوروبەری زۆر خراپتربووە و ئیدارەی شارەكە و هێزە تەناهییەكان نەیانتوانیوە ئاسایش و سەقامگیریی شارەكە بپارێزن و رێگە لەسەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش بگرن، ‌ئەم تەقینەوانە و سووتاندنی دەغل و دانی جووتیارانی كورد و پڕۆسەی بە عەرەبكردنەوە و پێشێلكردنی ماددەی 140 و كارنەكردن بۆجێبەجێكردن و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك ناسەقامگیریی زیاتری لێدەكەوێتەوە، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان نیگەرانیی خۆمان رادەگەیەنین و پێویستە حكومەتی عێراق لە ئاست بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆیدابێت و سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزریت و رێگە بە پێشێلكاری نەدات، هاوكات جەخت لە بەشداریپێكردنی تەواوی پێكهاتەكان لە ئیدارەدانی دۆسییەی ئەمنی لە شارەكە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر دەكەینەوە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و دوورخستنەوەی خەتەری هاوشێوە لەسەر كەركووك.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

31ی ئایاری 2019

زۆرترین بینراو